پێنتاگۆن چەک و راوێژکاری زیاتر دەنێرێتە ئیسرائیل


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی ناردووەتەوە ئیسرائیل، لە نێویاندا جەنەراڵێکی هێزی مارێنز کە شارەزایی لە شەڕی نێوشار هەیە، بۆ ئەوەی لە هێرشی زەوینیی سەر غەززە یارمەتیی ئیسرائیل بدەن، هەروەها ژمارەیەک سیستمی بەرگریی پێشکەوتوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر دەکات. 
 
یەکێک لەو ئەفسەرانەی کە سەرکردایەتیی هاوکارییەکان دەکات، جەیمس گلین، فەرماندەی هێزی دەریاییە، کە پێشتر لە فەرماندەییکردنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دژی داعش هاوکار بووە، هەروەها لە شەڕە هەرە سەختەکانی شاری فەلـلوجەی عێراقدا دوای رووخانی حکومەتی بەعس، بەشدار بووە، ئەمە بەگوێرەی بەرپرسێکی ئەمریکی، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت.
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، گلین هەروەها راوێژ بە سوپای ئیسرائیل دەدات لەسەر چۆنیەتیی کەمکردنەوەی زیانی گیانی لەنێو خەڵکی سڤیلدا لە کاتی شەڕی نێو شاردا.
 
ئیسرائیل خەریکی ئامادەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی بەرفراوانە لە ژینگەیەکدا کە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ساڵانێکی زۆرە پڕیانکردووە لە توونێل و تەڵە و بۆسە لە گەڕەکەکانی باکووری غەززە. جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی دووشەممە گوتی، گلین و ئەفسەرە سەربازییەکانی دیکە کە راوێژ بە ئیسرائیل دەدەن "خاوەن ئەزموونن و ئەزموونەکەیان لەگەڵ ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، دەگونجێت". 
 
بەرپرسە ئەمریکییە ناونەهێنراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی لە شەڕکردندا بەشدار نابن. 
 
تیمە سەربازییەکە یەکێکە لەو هێزە خێرا جووڵەپێکراوانەی کە پێنتاگۆن هەوڵی جێگیرکردنی دەدات بۆ رێگریکردن لەوەی کە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس ببێتە شەڕێکی فراوانتر. هەروەها ئەو هێزانە هەوڵدەدەن کارمەندەکانی نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بپارێزن، کە لە چەند رۆژی رابردوودا کەوتوونەتە بەر هێرش و پێنتاگۆن رایگەیاندووە، پێدەچێت لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری لە هێرشکارەکان کرابێت.
 
کێربی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران "لە هەندێک دۆخدا چالاکانە ئاسانکاریی بۆ ئەم هێرشانە دەکات و هانی کەسانی دیکە دەدات، کە رەنگە بیانەوێت ململانێکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان یان بۆ بەرژەوەندیی ئێران بقۆزنەوە. ئێمە دەزانین ئامانجی ئێران ئەوەیە بەردەوامبێت لە نکوڵیکردن، بەڵام ئێمە رێگەیان پێنادەین ئەو کارە بکەن."
 
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە بۆ دووپاتکردنەوەی "پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و هەوڵە بەردەوامەکانی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوە بۆ ئەوەی جێگیرکردنی سەربازی نوێی ئەمریکا لەخۆبگرێت".
 
رۆژی دووشەممە، جارێکی دیکە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە تەنەف لە سووریا، کەوتەوە بەر هێرش، ئەمجارەیان لەلایەن دوو درۆنەوە. درۆنەکان خرانە خوارەوە و هیچ بریندارێک نەبووە. ئەوە دوایین هێرش بوو لە دوو هەفتەی رابردوودا کە تاوەکو ئێستا زیاتر لانیکەم 8 جار پێگە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووەتە ئامانج، هەندێ جار بە مووشەک و هەندێ جاریش بە درۆنی بۆمبڕێژکراو. 
 
پێنجشەممەی رابردوو کەشتیی وێرانکەری یو ئێس ئێس کارنی، چوار مووشەکی کرووزی خستنە خوارەوە کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوون، کە بە گوتەی پێنتاگۆن، پێدەچێت ئامانجیان ئیسرائیل بووبێت.
 
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، رۆژی یەکشەممە پێنتاگۆن رایگەیاند، چەندین یەکەی سەربازی و دەزگای سیستمی بەرگریی لە جۆری THAAD رەوانەی ناوچەکە دەکات، هەروەها کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەری ناردە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی لە سنووری کاری فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) خزمەتبکات.
 
گۆڕانکارییەکە بە واتەی ئەوە دێت کە ئەمریکا هێزێکی هێرشبەری لە کەنارەکانی ئیسرائیل دەبێت و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێس فۆرد-یان لەگەڵدا دەبێت، هەروەها کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەر بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەریای سوور و کەنداوی عومان دەسوڕێتەوە.
 
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە کردنی ئەو شتەی کە پێویستە بیکەین بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە هێزەکانمان و گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست." ئاماژەی بەوەشکرد، "کەس نایەوێت ململانێیەکی هەرێمیی فراوانتر ببینێت، بەڵام لە پاراستنی هێزەکانمان درێخی ناکەین".
 
هەروەها ئەمریکا ئامۆژگاریی بەرپرسانی ئیسرائیلی کردووە کە بیر لە دواخستنی هێرشە زەوینییەکە بکەنەوە، چونکە ئەوە کاتێکی زیاتر بە ئەمریکا دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاربکات بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاتر، ئەمە بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری بڕیارەکانی ئیدارەی بایدنە لەسەر ئەو بابەتە. ئەو بەرپرسە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، باسی لەوە کردووە کە روون نییە ئەو داواکارییەی ئەمریکا تاوەکو چەند کاریگەری لە بیرکردنەوەی ئیسرائیل دەبێت.