سەرۆکی قوبرس بۆ رووداو: بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ قوبرسی تورکیا ئامادەین
رووداو - نیویۆرک
سەرۆکی قوبرس بە رووداوی راگەیاند، ئامادەن لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەر لایەنێکی دیکە کار بکەن بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی لەنێوان هەردوو قوبرسدا هەیە.
رۆژی سێشەممە 24-09-2024 نیکۆس کریستۆدولیدیس، سەرۆکی قوبرس لە نیویۆرک بە رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 23-09-2024 کۆبوونەوەیەکی "باش"یان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات لەگەڵ سەرۆکی "قوبرسی تورکیا" و دواتریش لەگەڵ هێزە گەرەنتیکارەکان کۆبوونەوە رێکبخات.
ئەمڕۆ سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان لە نیویۆرک کۆبوونەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان و هەندێک بابەتی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولا قسەیان کرد.
سەرۆکی قوبرس لەبارەی پەیوەندی ئەو دوو وڵاتەش بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، "هەموو کەس دەزانێت کە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی قوبرس، ناتواندرێت کێشەی نێوان تورکیا و یۆنان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەکانی یۆنان و تورکیا هەبێت."
رووداو: بەڕێز سەرۆک، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، دەمەوێت بپرسم کە بۆچی تاوەکو ئێستا گفتوگۆی ئاشتی دەستی پێنەکردووە؟ بۆچوونی تۆ لەبارەی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان هەردوو قوبرس چییە؟ بەربەستی سەرەکی لەبەردەم گفتوگۆکان چییە؟
نیکۆس کریستۆدولیدیس: دوێنێ کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو؛ سەرەتا دەمەوێت زۆر سوپاسی هەوڵە سیاسییەکانی بکەم بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان کە لە قۆناخێکی زۆر گرنگداین. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی قوبرسی تورکیا رێکبخات و دواتریش کۆبوونەوەیەکی گەورە لەگەڵ هێزە گەرەنتیکارەکان رێکبخرێت. ئێمە ئامادەین گفتوگۆکان دەستپێبکەینەوە. هەر کاتێک سکرتێری گشتی داوای کۆبوونەوەمان لێبکات، ئەمڕۆ یان بەیانی بێت، بەشداری ئەو جۆرە کۆبوونەوانە دەکەین. پێمان وایە ئەو دۆخەی ئێستا چارەسەری کێشەی قوبرس ناکات. هەروەها ئەو پەیامە دەنێرم بۆ تورکیا، یەکێتی ئەورووپا و قوبرسی تورکیا کە ئامادەی گفتوگۆین.
رووداو: پەیوەندیی نێوان تورکیا و یۆنان چی کاریگەرییەکی لەسەر گفتوگۆکانی نێوان هەردوو قوبرس دروست کردووە؟
نیکۆس کریستۆدولیدیس: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە هەواڵی ئەرێنی لەسەر پەیوەندی نێوان تورکیا و یۆنان هەبێت. هەموو کەسێک دەزانێت کە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی قوبرس، ناتواندرێت کێشەی نێوان تورکیا و یۆنان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەکانی یۆنان و تورکیا هەبێت.