دراوە دیجیتاڵییەکان نیوەی پارەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دابین دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

دارایی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵی ئەمریکا زۆربەی لە دراوە دیجیتاڵییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. سێکتەرەکە بووەتە خاڵێکی کێبڕکێی تووندی هەردوو بەربژێرەکەی ئەمریکا. 
 
بەپێی راپۆرتێکی دامەزراوەی دارایی 'پەبڵیک سیتیزن'، کۆمپانیاکانی دراوە دیجیتاڵییەکان بە بڕی زیاتر لە 119 ملیۆن دۆلار دۆلار هاوکاریی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکایان کردووە.
 
لەنێو دامەزراوەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان، کۆینبەیس، گەورەترین پلاتفۆڕمی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ئەمریکا بە بڕی 50 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار زۆرترین پشتیوانیی دارایی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی کردووە.
 
کۆمپانیای ریپڵ کە کۆمپانیایەکی خاوەن بلۆکچەینی دراوە دیجیتاڵییەکانە، بە 48 ملیۆن دۆلار دووەم گەورەترین پشتیوانی دارایی بەربژێرەکانە. بەم پێیە ئەو دوو دامەزراوەیە 80٪ـی کۆی هاوکارییە داراییەکانی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێکدەهێنن.
 
ئەمە وایکردووە هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی دراوە دیجیتاڵییەکان رازی بکەن و بەلای خۆیاندا کێشیان بکەن.
 
تەنانەت ئەم ساڵ گەورە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و بانکە گەورەکانیش نەیانتوانیوە بە بڕێکی زیاتر لە دراوە دیجیتاڵییەکان پشتیوانیی دارایی ببەخشنە بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. پێشتر دامەزراوەکانی ئەو دوو بوارە بە زۆرترین بڕ هاوکاریی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دەکرد.
 
وەبەرهێنەر و بەشداربووانی دراوە دیجیتاڵییەکان هیواخوازن ئەو بەربژێر و کەسانە بێنە سەر دەسەڵات، کە پشتیوانیی دراوە دیجیتاڵییەکان دەکەن و رێساکانی سەر سێکتەرەکە ئاسان بکەن کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن تووندکرابوون.
 
ترەمپ یان هاریس؟
 
دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات؛ رێکارە تووندەکانی سەردەمی بایدن بەرامبەر دراوە دیجیتاڵییەکان هەڵدەگرێت.
 
ترەمپ هەوڵیداوە خۆی وەک بەربژێری دڵخوازی هەوادارانی دراوە دیجیتاڵییەکان پێشان بدات. حوزەیرانی ئەم ساڵ لە ئیڤێنتێکدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، پشتگیری لە دروستکردن [ماینینگ]ـی بیتکۆین دەکات. خۆشی بە "سەرۆکی دراوە دیجیتاڵییەکان" ناوبرد.
 
ترەمپ مانگی رابردووش لە کۆنفرانسی 'بیتکۆین 2024' لە ناشڤیل بەشداربوو و رایگەیاند، "ئەمریکا دەبێتە پایتەخت و هێزی زەبەلاحی بیتکۆین لەسەر گۆی زەوی."
 
ئێستا قەرزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 35 ترلیۆن دۆلارە. ترەمپ ئەمە بە کارەسات ناودەبات و دەڵێت، کلیلی چارەسەر ئەوەیە بە بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان ئەو قەرزە بدەنەوە.
 
ئەمریکا خاوەنی زیاتر لە 210 هەزار بیتکۆینە کە بە نرخی ئەمڕۆ [64 هەزار و 200 دۆلار]، دەکاتە نزیکەی 13 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
 
لە بەرامبەردا، پێدەچێت دیموکراتەکانیش درکیان بە هێز و هەژموونی دراوە دیجیتاڵییەکان کردبێت. ئەمە بەتایبەتی دوای کشانەوەی جۆ بایدن و هاتنە‌پێشەوەی کامالا هاریس رەنگیداوەتەوە.
 
لە دوایین پێشهاتدا برایان نێڵسن، راوێژکاری بانگەشەی هەڵبژاردنی هاریس دەڵێت، پشتیوانیی ئەو رێوشوێنانە دەکەن کە هاوکار دەبن لە گەشەسەندنی سامانە دیجیتاڵییەکان.
 
نێڵسن لە کۆنگرەی نیشتمانیی دراوە دیجیتاڵییەکان لە وەڵامی تێکەڵبوونی هاریس لەگەڵ هەوادارانی دراوە دیجیتاڵییەکان گوتوویەتی، "هاریس پشتیوانیی لەو سیاسەتانە دەکات، کە گەرەنتیی گەشەی بەردەوامی تەکنەلۆجیا و سێکتەرە نوێیەکان دەکات." 
 
تیمی بانگەشەی بەربژێری دیموکراتەکان ئاماژەی ئەوەیان داوە؛ هێشتا ئارەزوو دەکەن رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکیش، بەشێک لە بەرپرسانی تیمی بانگەشەکەی، داوایان لە کامالا هاریس کردووە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان کۆببێتەوە تاوەکو پەیوەندیی دیموکراتەکان و کۆمپانیاکان و سێکتەرەکە چاکبکاتەوە.
 
هاوکارییەکان لە چوارەچێوەی لیژنەی بزووتنەوەی سیاسیدان، کە 527 رێکخراو دەگرێتەوە و لە باج بەخشراون. کاریان ئەوەیە پشتیوانیی دارایی بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن کۆبکەنەوە.
 
بەپێی بڕیاری ساڵی 2010ـی دادگەی باڵای ئەمریکا، دامەزراوەکان رێگەپێدراون ئەوەندەی بیانەوێت پشتیوانیی دارایی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بکەن.
 
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچییەک و هەرچۆنێک بن، بەو رکابەرییەی لەسەریان هەیە، چاوەڕوان دەکرێت دەرچوونی هەرکام لە بەربژێرەکان لە سوودی دراوە دجیتاڵییەکان و کۆمپانیا ئەمریکییەکانی ئەو بوارە بێت.