رۆبەرت کێنێدی لە هەڵبژاردن کشایەوە و پشتیوانی بۆ ترەمپ دەربڕی
رووداو دیجیتاڵ
رۆبەرت کێنێدی، بەربژێری سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا رۆژی هەینی کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردن راگەیاند و داوای لە لایەنگرانی کرد، 5ی تشرینی دووەم دەنگ بە دۆناڵد ترەمپی کۆماری بدەن بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
کێنێدی لە شاری فێنیکسی ویلایەتی ئەریزۆنا لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، پێیوایە ئەگەر لە کێبڕکێیەکەدا بمێنێتەوە، کامالا هاریسی دیموکرات قازانج دەکات، بۆیە لە هەموو ئەو ویلایەتانەی کە کێبڕكێی سەختیان لەسەر دەکرێت و بە یەکلاییکەرەوە دادەنرێن، دەکشێتەوە تاوەکو دەنگەکانی دژی هاریس پەرتەوازە نەبن، بەڵام لەو ویلایەتانەی کە کاریگەرییان نییە و ئەنجامی هەڵبژاردن ناگۆڕن، خەڵک هێشتا دەتوانێت دەنگی پێبدات.
سەرەتا کێنێدی رکابەرایەتی چەند بەربژێرێکی دیکەی دەکرد بۆ بوونە بەربژێری پارتی دیموکرات، بەڵام دواتر دەستبەرداری پارتەکە بوو و بڕیاریدابوو بە شێوەی سەربەخۆ لە کێبڕكێیەکەدا بەشدار بێت.
رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ لە شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتی نیڤادا سوپاسی کێنێدی کرد و پشتیوانییەکەی بە "زۆر باش" ناوبرد.
کێنێدی پێیوایە هاریس هەوڵ بۆ گەورەبوونی جەنگی ئۆکراینا و دەستپێکردنی جەنگ دژی چین دەدات.
کێنێدی باسی لەوە کرد، دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ترەمپ، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت بکشێتەوە.
بنەماڵەی کێنێدی لە ئەمریکا خاوەن ناوبانگ و مێژوویەکی دیار و خەمناکن. جۆن کێنێدی، مامی ئەم بەربژێرەی ئێستا، 35ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو و لە ساڵی 1963 کوژرا. باوکی بەربژێرەکە، کە ئەویش ناوی هەر رۆبەرت کێنێدی بوو، داواکاریی گشتیی ئەمریکا بوو، لە ساڵی 1968 بە هەمان شێوە کوژرا.