ماتیۆ میلەر بۆ رووداو: گفتوگۆکانی پەیوەست بە کشانەوەی هێزەکانمان لەگەڵ عێراق بەردەوامن

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی رووداو رایگەیاند پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، 'شتێکە ئێمە بە جیا لەگەڵ عێراق تاوتوێی دەکەین.'
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژانەیدا، وەڵامی رووداوی دایەوە و رایگەیاند "کۆبوونەوەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو لە واشنتن، لەبارەی دیالۆگی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و عێراق بوون."
 
شاندی بەرگریی عێراق لە ئەمریکان  و ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی عێراق و ئەمریکا کۆبوونەوە، بڕیاریان دا هەردوولا پابەندی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بن. هەروەها هێزە ئەمنییە کوردییەکانیش بەشێک بن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری.
 
میلەر لە وەڵامی بۆ رووداو باسی لەوە کرد "پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق شتێکە ئێمە بە جیا لەگەڵ عێراق تاوتوێیان دەکەین، ئەمەش لە رێگەی لیژنەی باڵای سەربازییەوەیە. هەروەک دوێنێ گوتم، کاتێک چەند پرسیارێکی هاوشێوەم لێکرا، پرۆسەی (چارەسەرکردنی) ئەم پرسەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دیاریکردنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێکردووە. هەروەها پرسەکانی چۆنییەتی گواستنەوەیان لەسەر هەریەک لە بنەماکانی هەڕەشەکانی داعش، پێداویستییە ئۆپەراسیۆنەکان، ژینگەییەکان و تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. ئەو دانوستاندنانە ئیستا لە رێگەیەکی جیاوازەوە لەگەڵ عێراق بەردەوامن."
 
پێنتاگۆن ئەمڕۆ لە راگەیێندراوی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا و عێراق بەنیازن بەردەوام بن لە راوێژکارییەکانی نێوانیان سەبارەت بە پتەوکردنی هاوکاریی دووقۆڵی، ئەمەش بۆ فەراهەمکردنی شکستی هەمیشەیی داعش.