وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردانی ئێزدی: پابەندین بە پشتیوانیکردنتان

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزدییەکان لە واشنتن کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی شنگال و ئێزدییەکانی لە باشووری کوردستان و عێراق کرد.
 
کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانکردنی ئێزدییەکان.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی ''پێموایە بەرەوپێشچوونمان بینیوە، بەڵام هێشتا کار ماوە بکرێت و ئەو هەوڵانەش بەردەوام دەبن. لە کۆی ئەو ملیۆن ئاوارەیەی لە عێراق هەن 300 هەزاریان ئێزدین، 2600 ئێزدی بێسەروشوێن ماون و چارەنووسیان دیار نییە، ئێمە پابەندین بە دۆزینەوەیان، دیارکردنی چارەنووسیان، هەروەها رزگارکردنی ئەوانەی کە زیندوون.''
 
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باشترین رێگە بۆ یادکردنەوەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بەتەنیا بیرهێنانەوەی یادەکە نییە، بەڵکو دەبێت رێزی قوربانییەکانییەکانیش بگیرێت و پشتیوانی بکرێن.
 
ماتیۆ میلەر بە رووداوی راگەیاند، لە 2018ـەوە تاوەکو ئێستا، ئەمریکا زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار هاوکاری دارایی پێشکێش بەو پێکهاتەنە کردووە، کە بوونەتە قوربانی جینۆساید لەلایەن داعشەوە، هاوکات باشترین چارەسەریش بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەمنیی شنگال، ئەوەیە؛ هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و پۆلیسی خۆجێیی ئاسایشی ناوچەکە بگرنە دەست.
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ ''باوەڕمان وایە رێککەوتنی شنگال دەستپێکێکی گرنگ بوو بۆ پشتیوانیکردن لەو پێکهاتانەی لە 2014ـەوە لەلایەن داعشەوە، رووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، بەڵام وەک خۆشت ئاماژەت پێدا، رێککەوتنەکە بەتەواوەتی جێبەجێنەکراوە، کە دەبێت بەتەواوەتی بەهاوبەشی  لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە لەنێویاندا ئێزدییەکان، جێبەجێبکرێت."
 
گوتیشی "ئێمە بەردەوام دەبین لە هاندانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی شنگال لەنێویاندا پرسی ئەمنی و نۆژەنکردنەوەی شنگال.''
 
لەدوای ئەو کۆبوونەوەیەش کە لە وەزارەتی دەرەوە لەنێوان وەزیری دەرەوە و چەند نوێنەرێکی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێزدییەکان کرا، رزگاربوویێکی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە واشنتن بە رووداوی راگەیاند، دۆخی شنگال و ئێزدییەکان زۆر خراپە و پێویستییە سەرەتاییەکانیشیان بەتەواوەتی نییە، داوا دەکات هاوکاری زیاتر بکرێن.
 
شرین خودەیدا، رزگاربووی جینۆسایدی ئێزدییەکان رایگەیاند ''دۆخی شنگال زۆر خراپە، پێویستییە سەرەکییەکان زۆر کەمن، وەک کارەبا و ئاو، چونکە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە ئاوارەکان بگەڕێنەوە و دەرگای کەمپەکان لەم مانگەدا دابخرێن، واتە دوای چەند رۆژێکی دیکە، بۆیە خەڵک پێویستی بە پشتیوانییە، چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە بۆ پرسی ئاو و کارەبا و دابینکردنی پێویستییە سەرەکییەکان.''
 
رۆژی 3ـی ئاب، 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی ئەم جینۆسایدەوە، زیاتر لە پێنج هەزار کەس کوژران، 10 هەزار و 800 ژن و منداڵیش رفێندران، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسی 2600ـیان دیارنییە.