وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: کوردمان پەراوێز نەخستووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە" ئەمریکا کوردی پەراوێز نەخستووە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەردەوام دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 24ـی تەممووزی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی دیاری کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "بەدڵنیاییەوە لە سیاسەتی دەرەوەماندا کوردمان نەخستووەتە دواوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت: "ئێمە بەردەوام لەسەر چەندین پرس لەگەڵ بەرپرسانی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی ناوچەکەدا لە گفتوگۆدا بووینەوە و بەردەوامیش دەبین".
لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوام جەختیان لە بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
رۆژی 1-6-2023، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان باس لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو و بەردەوام بووە. هاوبەشی 32 ساڵەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەها و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بووە و لەگەڵ دۆستە کوردەکانمان لەسەر ئەو نەریتە بەردەوام دەبین".