ڤلادیمیر پووتین: خەڵک و وڵاتەکەمان لەپشتەوە خەنجەریان لێدرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایدەگەیێنێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەن لە "یاخیبوونە سەرباز"ییەکەی ڤاگنەردا بەشدارن و بە "ناپاکی" تۆمەتباریکردن.
رۆژی شەممە، 24-6-2023، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "هەموو ئەوانەی بە هەڕەشە یان هەڵخەڵەتاندن بێت، کراونەتە ناو سەرکێشییەکی تاوانکارییەوە، ئێستا بەرەو ئەنجامدانی تاوانی زۆر جیددی پاڵنراون، ئەویش یاخیبوونی سەربازییە."
لە وەڵامی ئەو شەڕەدا کە گرووپی ڤاگنەر لە دژی سوپای رووسیا رایگەیاندووە، پووتین دەڵێت، "ئەوانەی ئەم یاخیبوونە سەربازییەیان رێکخستووە، کە لەسەر بنەمای هەراسانکردن و هەڕەشەی تیرۆریستی بنیاتنراوە، رووبەڕووی سزایەکی کەمەرشکێن دەبنەوە و بە زووترین کات دەبێت وەڵامیان بۆ یاسا و خەڵکیش پێبێت."
هاوکات ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا رێکاری دژە تیرۆر لە هەرێمی مۆسکۆ و چەند هەرێمێکی دیکە راگەیێنراوە. کاری یەکلاکەرەوەش بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی رۆستۆج دەکرێت، بەڵام لە راستیدا ئەرکی خەڵک و سوپا سەخت دەبێت."
پووتین دەڵێت، "ئەو کردارانە یەکگرتووییمان لەتدەکەن و بەربەست لەبەردەم خەڵک و سوپاکەمان دادەنێن کە ئێستا لە بەرەی پێشەوە شەڕدەکەن. ئەمە چەقۆیەکە لە پشتی ئەم وڵاتە و خەڵکەکەمان دراوە."
گوتەکانی پووتین دوای ئەوە دێت، درەنگانی شەوی هەینی، یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر، کرێملنی بەوە تۆمەتبارکرد هێرشی مووشەکی بۆسەر هێزەکانی ڤاگنەر کردووە. وەزارەتی بەرگریی رووسیا راستەوخۆ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، بەڵام پریگۆژین فەرمانی هێرشکردنە سەر سوپای رووسیای دەرکرد.
هەر شەوی رابردوو هێزە چەکدارەکانی گرووپی ڤاگنەر لە ئۆکرایناوە بەرەو هەرێمی رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا بەڕێکەوتن و کاژێر 7:30 خولەکی سەرلەبەیانی بەکاتی هەولێر کۆنترۆڵکردنی شاری رۆستۆڤ و بنکە سەربازییەکانی نێو ئەو شارەیان راگەیاند.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڤلادیمیر پووتین دەڵێت، "ئەم جەنگە کە چارەنووسی خەڵکەکەمان یەکلاییدەکاتەوە، پێویستی بە یەکگرتوویی هەموو هێزەکان هەیە، یەکڕیزی، هاوسۆزی و بەرپرسیارێتی دەوێت، بۆیە هەر شتێک کە لاوازمان دەکات دەبێت بنرێتە لاوە."
پووتین گوتیشی، "ئێمە خەڵکەکەمان و پێگەمان لە هەر هەڕەشەیەک دەپارێزین. بەتایبەت لە خیانەتی نێوخۆیی. ئەمەی رووبەڕووی دەبینەوە بە تەواوەتی خیانەتە. مەرام و بەرژەوەندیی تاکەکەسییە کە خەریکە سەر بۆ یاخیبوون دەکێشێت. ئەمە خیانەتە لە وڵات، خەڵک و شەڕەکەمان کە شان بەشانی هەموو یەکەکانی رووسیا، شەڕکەر و فەرماندەکانی گرووپی ڤاگنەریش شەڕیان کرد و مردن. خیانەتە لەو پاڵەوانانەی ژیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی سۆلێدار و نۆڤۆرۆسیا [باخمووت] و یەکێتیی جیهانی رووسی بەخشی."
پووتین ئەوەی نەشاردەوە دۆخی شاری رۆستۆڤ ناسەقامگیرە و گوتی، هەموو هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی دۆخەکە دەدات.