سەرۆکی ڤاگنەر: بنکە سەربازییەکانی رۆستۆڤمان کۆنترۆڵکردن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی گەیشتوونەتە نێو شاری رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا و بنکە سەربازییەکانی ئەو شارەیان کۆنترۆڵکردوون.
رۆژی شەممە 24-6-2023، یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، خۆی و هەزاران چەکداری بە مەبەستی لابردنی فەرماندە سەربازییەکانی رووسیا لە پۆستەکانیان بەرەکانی جەنگیان جێهێشتووە و چوونەتە نێو رووسیا.
پریگۆژین لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "ئێستا لە نێو فەرماندەیی سوپاداین؛ ئێستا کاژێر 7:30 خولەکی بەیانییە"؛ گوتیشی، بنکە سەربازییەکانی رۆستۆڤ و فڕۆکەخانەیەکی سەربازی کۆنترۆڵکراون.
ئەو بنکە سەربازییانەی پریگۆژین بانگەشەی کۆنترۆڵکردنیان دەکات رۆڵێکی گەورەیان لە شەڕی دژ بە ئۆکراینادا هەیە، چونکە شوێنی جووڵەپێکردن و رێکخستنەوەی هێزەکانی سوپای رووسیان و فڕۆکەخانە جەنگییەکەش بۆ فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بەکاردەهات کە لە شەڕی ئۆکراینادا بەشدارییان هەبوو.
پریگۆژین دەڵێت، هیچ جمووجووڵێکی سەربازیی زەوینی و ئاسمانیی پەیوەست بە شەڕی ئۆکراینایان نەوەستاندووە.
سەرۆکی ڤاگنەر ئاماژە بەوەش دەکات، فڕۆکەخانە سەربازییەکەیان کۆنترۆڵکردووە تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی لەو فڕۆکەخانەوە هێرش بکرێتە سەر چەکدارانی گرووپەکەی و داوا لە هاووڵاتییانی رووسیاش دەکات بڕوا بەوە نەکەن لە تەلەڤزیۆنەوە پێیان دەگوترێت.
پریگۆژین دەڵێت، "کاتێک پێتان دەڵێن شکست لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ روویداوە بەهۆی ڤاگنەرەوە [بڕوایان پێ مەکەن]، ئەو شکستانەی روودەدەن هۆکاری دیکەی هەیە."
یاڤگینی لەبارەی راگەیێندراوەکانی سوپای رووسیا پەیوەست بە بەرەکانی جەنگ دەڵێت، رووسیا بە هەڵە ئامارەکان دەخاتەڕوو؛ دەشڵێت، "رووبەرێکی گەورە لەدەستدراوە. سەربازی زۆر کوژراون، سێ بۆ چوار هێندە زیاتر لەوەی لەلایەن فەرماندەیی سوپاوە بڵاودەکرێنەوە."
بەرپرسانی رۆستۆڤ داوایانکردووە خەڵک لە ماڵەکانیان بمێننەوە. رووسیا کەیسێکی تاوانکاری دژی پریگۆژین کردووەتەوە و بە هەوڵی کردنی "کودەتای سەربازی" تۆمەتباری کردووە.
بڕیارە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی ئەو کێشەیە گوتارێک پێشکێش بکات.