ترەمپ: رەشپێستەکان لەبەر تۆمەتبارکردنم زیاتر منیان خۆشویست
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، ئەو دۆسیە یاساییانەی لە دژی کراونەتەوە، وایانکردووە کە خەڵکی رەشپێست زیاتر خۆشیانبوێت و پشتگیریی لێ بکەن.
ترەمپ دەڵێت، رەشپێستەکان ئەو وەک قوربانییەکی دەستی جیاکاری دەبینن، هەروەک چۆن لە رابردووی ئەمریکادا جیاکاری لە دژی رەشپێستەکان کراوە.
ترەمپ گوتی، هەموو ئەو سکاڵایانەی لەسەری تۆمارکراون، پاڵنەری سیاسییان لە پشتەوەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا نییە جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا یان بەرپرسانی دیکەی کۆشکی سپی رۆڵیان لە ئاراستەکردنی ئەو تۆمەتانە دژی ترەمپ، کە ژمارەیان 91 تۆمەتە، هەبووبێت.
هەر ئەم هەفتەیە، ترەمپ خۆی بە ئەلێکسی ناڤالنی، رکابەری هەرە بەهێزی سەرۆکی رووسیا چوواندبوو، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە زیندانێکی دوورەدەستی جەمسەری باکوور گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی، ترەمپ لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور لە بۆنەیەکی تایبەت بە گردبوونەوەی رەشپێستە نەریتخوازەکان گوتی: "بێ هیچ هۆیەک تۆمەتبارکرام، بۆ شتێک کە هیچ نییە. زۆر کەس دەڵێن بەو هۆیە خەڵکی رەشپێست منیان خۆشدەوێت، چونکە ئەوان زۆر بە خراپی ئازاردراون و جیاکارییان بەرامبەر کراوە. ئەوان پێیانوایە من جیاکاریم بەرامبەر کراوە."
ترەمپ بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێرکردووە.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەیدا، زۆرترین هێرش دەکاتە سەر بایدن، هەروەها باس لەوە دەکات کە "دەوڵەتی قووڵ" هەوڵدەدات رێگری لە بوونەوەی بە سەرۆک بکات.
ترەمپ رووبەڕووی ژمارەیەک تۆمەت دەبێتەوە، لەوانەش هەوڵدان بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2020، هێشتنەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە ماڵەکەیدا، هەروەها پارەدان بۆ کپکردنی ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان.
ئەو بەربژێری هەرەلەپێشی کۆمارییەکانە.
24ی ئابی 2023، دوای تۆمەتبارکردنی بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی دەنگەکان، ترەمپ لەلایەن پۆلیسی شاری ئەتلانتای پایتەختی ویلایەتی جۆرجیاوە بە فەرمی دەستبەسەرکرا و وەک تۆمەتبارێک وێنەی گیرا.
ترەمپ رۆژی هەینی گوتی: "کاتێک لە ئەتلانتا وێنەی تۆمەتبارییەکەم بۆ گیرا، ئەو وێنەیە بووە وێنەی نمرە یەک. دەزانن کێ زیاتر لە هەر کەسێک پێشوازیی لێ کرد؟ خەڵکی رەشپێست."
راپرسییەکان دەریدەخەن کە لە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارەدا کە لە مانگی تشرینی دووەم دەکرێت، رەشپێستەکان زیاتر دەنگ بە ترەمپ دەدەن بەراورد بە چوار ساڵ لەمەوبەر، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پشتیوانیی رەشپێستەکان بۆ بایدن کەمبووەتەوە. هەروەها ترەمپ توانیویەتی پرسە ئابوورییەکان و کێشەی زیادبوونی رۆیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی لە سنووری مەکسیکەوە بۆ ئەمریکا بقۆزێتەوە، کە زۆربەی کات ئەو کۆچبەرانە لەو شارانە دەگیرسێنەوە کە رەشپێستەکان تێیاندا زۆرینەن.
رۆژی هەینی، ژمارەیەک بەرپرسی رەشپێست لەسەر سەکۆیەک لەگەڵ ترەمپ ئامادە بوون.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە گوتارەکەیدا قسە باوەکانی خۆی لەگەڵ هەندێ بەڵێن و گاڵتە تێکەڵکردن کە وا دیاربوو، ئامادەبووان پێیان خۆشبوو.
ترەمپ گوتی: "رووناکییەکان هێندە بەهێز بەر چاوەکانم دەکەون کە ناتوانم زۆر خەڵک ببینم. بەڵام تەنیا دەتوانم ئەوانە ببینم کە رەشپێستن. هیچ سپیپێستێک نابینم. گەیشتوومەتە ئەم رادەیە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی رەشپێست دەناسێت، چونکە باڵەخانە و تاوەرەکانی لە لایەن کرێکارانی رەشپێستەوە بونیادنراون.