پارتی پارێزگارانی بەریتانیا پەرلەمانتارێک لەسەر بڵاوکردنەوەی 'ئیسلامۆفۆبیا' دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر بڵاوکردنەوەی ئیسلامۆفۆبیا، پارتی پارێزگارانی بەریتانیا پەرلەمانتارێکی لە ریزەکانی خۆی دوورخستەوە. 
 
لی ئەندەرسن، پەرلەمانتار و جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا گوتبووی، سادق خان-ی سەرۆکشارەوانیی لەندەن کە سەر بە پارتی کارە، "لەلایەن ئیسلامییەکانەوە دەستەمۆ کراوە."
 
پارتی پارێزگاران داوای لە ئەندەرسن کردبوو، لەسەر ئەو قسانە داوای لێبوردن بکات، بەڵام پەرلەمانتارەکە رەتیکردەوە، سەرەنجام ئەمڕۆ لە ریزی پارتەکە دوورخرایەوە.  
 
گوشار لەسەر ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا زیاد ببوو بۆ ئەوەی لی ئەندرسن سزابدات، چونکە تۆمەتبارە بە بڵاوکردنەوەی دەمارگیری و ئیسلامۆفۆبیا. 
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، ئیسلامۆفۆبیا و دژایەتیکردنی جووەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەریتانیا زیادیان کردووە.
 
رۆژی هەینی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، ئەندرسن گوتبووی، ئیسلامییەکان سادق خانیان "کۆنترۆڵ کردووە". 
 
سادق خان یەکەمین موسڵمانە لە مێژوودا بووبێتە سەرۆکشارەوانیی پایتەختی وڵاتێکی رۆژئاوایی دوای ئەوەی کە لە ساڵی 2016 لە لەندەن هەڵبژێردرا. 
 
ئەندرسن گوتبووی، خان "پایتەختەکەی ئێمەی بەخشیوەتە برادەرەکانی." 
 
ئەو قسانە لەلایەن بەرپرسانی هەموو پارتەکانەوە بەر لێشاوی رەخنە دران، بە جۆرێک کە ئانێلیز دۆدز، سەرۆکی پارتی کار ئەو قسانەی بە "دەمارگیر و ئیسلامۆفۆبی" ناوبردن. 
 
نوس غانی، وەزیری بازرگانیی بەریتانیا کە سەر بە پارتی پارێزگارانەوەیە، هەروەها ساجید جاڤید و گاڤین باروێڵ کە دوو گەورە پەرلەمانتاری سەر بە هەمان پارتن، چوونە ریزی ئەوانەی کە قسەکانی ئەندرسیان سەرکۆنەکردن. 
 
باروێڵ قسەکانی ئەندرسنی بە "سووکایەتییەکی روون" ناوبردن. 
 
هەروەها ئەنجوومەنی موسڵمانانی بەریتانیا گوتی، ئەو قسانە "قێزەون" و توندڕەون. 
 
سادق خانیش قسەکانی ئەندرسنی بە "دژە موسڵمان" و "دەمارگیر" ناوبردن. هەروەها رۆژی شەممە، خان گلەیی لە سووناک و وەزیرەکانی کردبوو لە بەرامبەر ئەوەی بێ هەڵوێست بوون. خان گوتی، ئەو بێدەنگییە دەچێتە خانەی قبووڵکردنی دەمارگیرییەوە. 
چەند کاژێرێک دواتر، سەرۆکی تیمی پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران لە راگەیێندراوێکدا دوورخستنەوەی ئەندرسنی راگەیاند. 
لە دوای ئەو بڕیارەوە، ئەندرسن وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە پەرلەمان دەمێنێتەوە.