وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: پووتین و رژێمەکەی وەکو نازییەکان رەفتار دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رەخنەی توند لە رووسیا دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی لە ئۆکراینا "وەکو نازییەکان" رەفتار دەکات.
 
بە بۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر شەڕی بەردەوامی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، رۆژی 23ـی شوبات ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.
 
ئەنتنۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە رووسیا کرد، جەنگەکە بوەستێنێت و "رێز" لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی بگرێت. 
 
هاوکات نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپی لە ئەنجوومەنەکە، جەختیان لە پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆکراینا کردەوە. 
 
دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ڤیلادمیر پووتینی سەرۆکی رووسیای بە "جەردەی ئیمپریالیخوازی نوێ" ناوبرد و سوپای رووسیاشی تۆمەتبارکرد بەوەی لە نێو ئۆکراینادا، وەکو "نازییەکان" رەفتار دەکەن.
 
24ی شوباتی ساڵی 2022، رووسیا لە ژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت بۆ رزگارکردنی دۆنباس" دەستی بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا کرد بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، ئاساییشی هەرێمە زۆرینە رووسنشینەکەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە "نازییە نوێیەکان" بپارێزێت. 
 
کامیرۆن گوتی، رووسیا نەیتوانیوە وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش، رێز لە بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش بگرێت.