لە وڵاتێکی ئەفریقا کودەتا روویدا و ئەمریکا سەرکۆنەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین کودەتای ساڵی 2022 لە ئەفریقا روویدا و سەرۆکی وڵات لەلایەن کودەتاچییەکانەوە دەستگیرکرا. هەر یەک لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی کودەتاکە دەکەن.
سوپای بورکینا فاسۆ لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەوە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند. سەرۆکی وڵاتەکە پاش رزگاربوونی لە هەوڵی کوشتن، لایەن سەربازەکانەوە دەستگیرکراوە.
لەوەتەی جۆ بایدنی دیموکرات بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردراوە کە خۆی بە داکۆکیکاری دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان دەزانێت، ئەمە شەشەمین کودەتایە لە رۆژئاوای ئەفریقاوە تاوەکو باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا روودەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای "دەستبەجێ ئازادکردن"ی رۆش مارک کریستیان کابۆر، سەرۆکی بورکینا فاسۆ دەکات و داوا لە هەموو لایێک دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و رێز لە دەستوور بگرن.
ئەنتۆنیو گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش "بە توندی سەرکۆنەی" کودەتا سەربازییەکە دەکات.
هاوکات یەکێتیی ئەوروپا هەر لە رۆژی دووشەممە داوایکرد سەرۆکی ئەو وڵاتە "دەستبەجێ" لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی حکومەت ئازادبکرێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گوتی، دۆخی بورکینا فاسۆ "لەڕاددەبەدەر نیگەرانکەرە" و "ئێمە دەزانین، کە سەرۆک کابۆر کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆلی سوپاوە."
ساڵی 2015، واتە ساڵێک دوای ئەوەی بە راپەڕینێکی میللی بلایز کۆمپاور، پیاوە بەهێزەکەی وڵات لە دەسەڵات لادرا، بۆ یەکەمین جار رۆش مارک کریستیان کابۆر بە سەرۆکی بورکینا فاسۆ هەڵبژێردرا.
ئەو وڵاتە 21 ملیۆن کەسییە هیواکانی خۆی بەو سەرکردەیە هەڵچینی بۆ ئەوەی جۆرێک لە سازان لە نێوان پێکهاتە دژبەرەکانی وڵاتدا دروستبکات.
بەڵام هەر لەو ساڵەوە گرووپە پەڕگیرەکان هێرشە چەکدارەییەکانیان بۆ سەر بورکینا فاسۆ چڕکردنەوە.
کاتێک کە لە ساڵی 2020، رۆش مارک کریستیان بۆ خوولی دووەم بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە، ئەو گرووپانەی خۆیان بە "جیهادی" ناودەبەن، رۆژانە هێرشیان دەکرد و سەتان کەسیان کوشت.
هێزە ئەمنییەکان وا بەدیاردەکەوتن کە توانای راوەستاندنی توندوتیژیەکانیان نەبێت لە کاتێکدا کە چەندین ناوچەی وڵات بە تەواوی لە کۆنتڕۆلی حکومەت دەرچوون.
کابۆر لە کاتی خۆبەربژێرکردنەوەیدا بەڵێنیدا کە بەزاندنی پەڕگیرەکان بکاتە کاری هەرە لەپێشینەی خۆی. هەروەها خۆی وەکو باوکی نەتەوەیی بورکینا فاسۆ، ناساند و بەڵێنی پەرەدان بە یەکڕیزیی نیشتمانیی و گفتوگۆ دا.
بەڵام تاوەکو ئەم ساتەشی لەگەڵ بێت، هێرش و رەشەکوژی لە باکووری وڵاتەکەی بەردەوامن، هاوشێوەی ئەو کۆمەڵکوژیەی حوزەیرانی 2021 لە گوندی سلۆهان روویدا کە 132 کەسی سڤیل تێیدا کوژران و لە ئیناتا لە نێوەڕاستی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو 53 سەرباز و چوار سڤیل کوژران.
لەو کاتەوە، چەندین جار لەو شوێنانەی بوونەتە ئامانجی پەڕگیرەکان خۆپێشاندان دژی بێ توانایی حکومەت کراوە، کە هەندێ جار تێیاندا گرژی لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەراندا دروستدەبوو.
کابۆر، پسپۆڕی پێشووی بانکی و ئەندامی پێکهاتەی نەتەوەیی مۆسی، هەروەها وەکو بڕوادارێکی پابەندی کاسۆلیک لە نێو وڵاتێکی زۆرینە موسڵماندا، ژمارەیەک گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی سوپا و حکومەتدا کرد، بەڵام بێهوودە بوون.
سوپای وڵاتەکە کە بە خراپی مەشق و راهێنانی پێکراوە و بە خراپی چەکدارکراوە، لە زاڵبوون بەسەر هەڕەشەکەدا شکستی هێنا.