وەزیری بەرگریی هۆڵەندا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کورد بەهێزن و مێژوویەکی درێژمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری گفتوگۆمان کرد."
رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری گفتوگۆمان کرد."
وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاڵۆزی سووریا، پشتگیریی ئێمە بۆ هێزە کوردییەکان هێشتا گرنگییەکی زۆری هەیە."
وەزیرە هۆڵەندییەکە سوپاسی "پێشوازییە گەرمەکە"ـی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، "پەیوەندییەکانمان بەهێزن و مێژوویەکی درێژمان هەیە."
روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، لە پۆستێکی ئێکس دا دەنووسێت: لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری گفتوگۆمان کرد. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاڵۆزی سووریا، پشتگیریی ئێمە بۆ هێزە کوردییەکان… pic.twitter.com/EG5qkQt3RW
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 23, 2024
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لەبارەی دیدارەکەوە، نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "خۆشحاڵ بووم بە سەردانی روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا. هەرێمی کوردستان پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ هۆڵەندا بەرز رادەگرێت و بەشداریی شانشینەکە لە شەڕی دژ بە تیرۆر دەنرخێنم. دەمانەوێت هاوبەشی و هەماهەنگیمان [لەگەڵ هۆڵەندا] بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت."
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کرا و هەوڵەکانی چاکسازی و یهکخستنهوهی پێشمهرگه لە چوارچێوهی وهزارهتی کاروباری پێشمەرگەدا، خرایە بەر باس."
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونهوهکەدا شێخ جهعفهر شێخ مستهفا، جێگری سهرۆک، شۆڕش ئیسماعیل، وهزیری کاروباری پێشمهرگه و ژمارهیهک له بهرپرسانی ههردوولا ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی هۆڵهندا لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرگری و راهێنانی سەربازیدا، تاوتوێ کران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەردوولا جەختیان لەسەر برهودان به ههموو بوارهکانی پهیوهندی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کردەوە".
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتگیریی بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش و ستایشی رۆڵی هێزە هۆڵەندییەکانی کرد لە راهێنان و بەهێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وەزیری بەرگریی هۆڵەندا جەختی لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کردهوه، ههروهها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی ناوچهکهدا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش، ههروهها دهربارهی دۆخی ئێزدییان و گهڕانهوهیان بۆ سهر زێدی خۆیان، دوایین پێشهاتهکانی دۆخی ناوچهکه، بهتایبهتی گۆڕانکارییهکانی سووریا و لێکهوتهکانی و چهند پرسێکی دیکهی جێی بایهخی ههردوولا، بیروڕایان گۆڕییهوه".
هۆڵەندا لە کاتی شەڕی دژی داعشەوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە هەرێمی کوردستانە و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.