وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: بەگوێرەی پێویستییەکان ژمارەی هێزەکانمان گۆڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، نزیکەی 2 هەزار سەربازیان لە سووریا بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنی لەنێوبردنی داعش هەیە راشیگەیاند، لەماوەی ساڵانی رابردوو، لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکان، ژمارەی سەربازەکانیان زیاد کردووە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەنەراڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە سووریا گوتی: "ئێستا نزیکەی 2 هەزار سەربازمان لە سووریا بۆ پاڵپشتیکردن لە ئەرکی شکستپێهێنانی داعش هەیە."
پات رایدەر ئاماژە بەوەش دەکات، جگە لە نزیکەی 900 سەرباز کە لە ئەرکی درێژخایەندان، نزیکەی هەزار و 100 سەربازی دیکەی ئەمریکیش لە سووریادا هەن، کە بۆ ماوەیەکی کورتتر وەکو پاڵپشتیکاری کاتی جێگیر دەبن بۆ پاڵشتیکردن لە پاراستنی هێزەکان، گواستنەوە، چاککردنەوە و دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکان پێویستن.
ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە بەشێوەیەکی کاتی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا لە سووریا بوون، بەگوتەی پێنتاگۆن، بەگوێرەی پێویستییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و زیاد و کەمیان پێکراوە.
هەروەها پێنتاگۆن دەشڵێت، بەهۆی "رەچاوکردنی دۆخی ئەمنیی ئۆپەراسیۆنەکان و رەچاوکردنی دیپلۆماسی و سرووشتی گەڕۆکی ئەو هێزانە"، ژمارەی ئەو هێزانە ئاشکرا نەکراوە، کە بۆ ماوەیەکی کورت لە سووریا ماونەتەوە.
لە سەرەتای ساڵی 2019، ئیدارەی ئەوکاتەی ئەمریکا شکستی داعشی راگەیاند و ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکای لە 2 هەزار سەربازەوە بۆ 900 کەمکردەوە.
هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، پارێزگای دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا و پارێزگای حومسن لە باشووری سووریا.
سەبارەت بە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقیش، پات رایدەر دەڵێت، لانیکەم 2 هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەرکی شکستپێهێنانی داعش لە عێراق جێگیرکراون.
هەروەها پێنتاگۆن بەبێ ئەوەی ئاماژەی بە ژمارەیان بکات، دەڵێت هەندێک هێزی دیکەی کاتیی بەشێوەی گەڕۆک لە عێراق جێگیرکراون.
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ماوەی چەندین ساڵە هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی زەوینی دژ بە داعش لە سووریا و عێراق دەکەن.