بەتۆمەتی داعشبوون سزای 12 ساڵ بەندکردن بۆ پیاوێکی ئەمریکی دەردەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سزای 12 ساڵ بەندکردن بۆ پیاوێکی خەڵکی ویلایەتی کنێتیکەتی ئەمریکا دەرکرا، بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵیداوە بچێتە سووریا تاوەکو لە ریزەکانی داعش شەڕ بکات. داواکارانی گشتیی ویلایەتەکە داوای سزایێکی توندتریان دەکرد چونکە پێیانوابوو پیاوەکە مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگە.
 
سزادراوەکە ناوی کێڤن مککۆرمیک و تەمەنی 30 ساڵە، پێشتر دانیشتووی ناوچەی هامدنی ویلایەتی کنێتیکەت بووە. رۆژی پێنجشەممە، لە لایەن دادوەرێکی دادگەیەکی فیدڕاڵی لە شاری بریجپۆرت سزاکەی بۆ دەرکرا، لەکاتێکدا نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا داوای 20 بەندکردنی کردبوو.
 
نیراج پاتێل، یاریدەدەری داواکاری گشتیی ئەمریکا لە پێشنیازێکدا بۆ دادگە نووسیویەتی، "خواستی ئەو کەسە بۆ شەڕکردن لەپێناو گرووپێکی تیرۆرستی توندڕۆی بیانی و کوشتنی خەڵک، هەروەها هەوڵەکانی بۆ گەشتکردن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بەجێگەیاندنی ئەو خواستە، پێشانیدەدەن کە ئەم کەسە هەڕەشەیەکی ترسناکە."
 
مککۆرمیک لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 دەستگیرکرا، پێش ئەوەی سەر فڕۆکەکەی بەرەو کەنەدا بکەوێت، کە بە نیازبوو لەوێوە بڕوات بۆ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، پیاوەکە دانی بەوەدا نا کە هەوڵیداوە بچێت یارمەتیی ماددی پێشکێش بە داعش بکات. لەو کاتەشەوە بەندکراوە. 
 
چارڵز ویڵسن، پارێزەری تاوانبارەکە کە لە لایەن حکومەتەوە بۆی گیراوە، داوای لە دادوەرەکە کرد بریکارەکەی بە کەفالەت ئازاد بکات و گوتی، پێویست بە سزای زیاتر ناکات.
 
ویڵسن لەو پێشنیازەی کە لەبارەی سزادانی بریکارەکەیەوە بە دادگەی دابوو، نووسیویەتی، "دەرکردنی سزای درێژتر بۆ کەسێک کە پێویستیی تەندروستیی دەروونیی هاوشێوەی بەڕێز مککۆرمیکی هەبێت و لە کاتی سەرپێچییەکەیدا لە نێو داڕووخانێکی دەروونیدا بووبێت، نە دەبێتە هۆی هاندانی رێزگرتن لە یاسا و نە دەبێتە رێگر بۆ هیچ کەسێک."
 
لە بەڵگەنامەکانی دادگەدا، پارێزەرە حکومییەکە باسی لەوە کردووە، لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچییەکەدا، دۆخی دەروونی مککۆرمیک تێکچووە و تووشی خەمۆکی و شیزۆفرێنیا بووە و چارەسەرەکەی وای لێ کردووە کاردانەوەی خراپی هەبێت، بە جۆرێک کە پێویستی بە نەخۆشخانە بووە.
 
ویڵسن نووسیویەتی، "بۆ راهاتن لەگەڵ ئەو ساڵانە و بەجێهێنانی حەزەکانی دیکەی، بەڕێز مککۆرمیک هەوڵیداوە رێنمایی لە بڕوای موسڵمانان وەربگرێت، بەڵام ئەوە وایکرد کە قووڵتر و قووڵتر بچێتە نێو زانیارییەکانی سەر ئینتەرنێت."
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە "هەمو و کەس دەیتوانی ببینێت کە ئەو لە دۆزینەوەی رێگەی راست تووشی زەحمەتی دەبوو، ئەگەرچی کەس نەیدەزانی پشێویی ژیان و بیرکردنەوەی بە چ شێوەیەکە."
 
لە سەرەتای دادگەییکردنەکەدا، بڕیاردرا کە مککۆرمیک شیاوی دادگەییکردن نییە، بەڵام دوای پێدانی چارەسەری پزیشکی، بە کەسێکی شیاو دانرا.
 
دامودەزگە فیدڕالیەکانی ئەمریکا دەڵێن، مککۆرمیک، کە پێشتر شۆفێری کۆمپانیایێکی گەورە بووە، بە ژمارەیەک کەسی گوتووە دەیەوێت بچێتە سووریا بۆ ئەوەی شەڕ بۆ داعش بکات. هەروەها گوتبووی کە ملکەچبوونی خۆی بۆ داعش و ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی ئەو کاتی گرووپە پەڕگیرەکە دەربڕیوە.