ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی سەر بنکەکانیان بۆ رووداو: دڵنیادەبینەوە لەوەی توانامان هەیە وەڵامی گونجاویان بدەینەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، نیگەرانن لەبارەی سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە ناوچەکە و دەڵێت، هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی "توانامان هەیە وەڵامی گونجاوی ئەو هێرشانە بدەینەوە" کە لە عێراق و ناوچەکەدا دەکرێنە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانیان. 
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەمان لە هەولێر کراوەن و پابەندین بە هاوبەشییە ستراتیژییەکەمان لەگەڵ عێراق و هەروەها بەردەوامیش دەبین لە کاکردنمان لە کۆنسوڵخانەکەمان بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیمان." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "نیگەرانین لەبارەی سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیانی ئەمریکی و هەروەها بەرژەوەندییەکانمان لە ناوچەکەدا، بۆیەش ئاستی هۆشدارییەکەمان بەرزکردەوە." 
 
ماتیو میلەر گوتیشی، "هێرشی گرووپە چەکدارەکان شتێکە کە تەواو نیگەرانین لەبارەیەوە.. و هەنگاو دەنێین بۆ دڵنیابوون لەوەی توانامان هەیە وەڵامی گونجاوی ئەو هێرشانە بدەینەوە." 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئەم مانگە و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکەن لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەئامانج دەگرن. 
 
رۆژی 22-10-2023 سەرچاوەیەکی سەربازی لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 01:30، هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد".
 
لە 18ـی تشرینی یەکەمەوە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی ئاسمانیی هەریر لە شاری هەریری سەر بە پارێزگەی هەولێر و لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
 
لە کۆتایی ساڵی 2021، عێراق رایگەیاند ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژپێدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندینجار دووپاتیکردوەتەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات بۆ سەرکەوتنی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا کە تەلئەڤیڤ دەڵێت، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی حەماس.