سەرۆکی ڤاگنەر لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دوای ئەوەی فڕۆکە تایبەتەکەی لە رووداوێکی تەمومژاویدا کەوتەخوارەوە، گیانی لەدەستدا.
 
فڕۆکە تایبەتەکەی پریگۆژین، کە سێ تیمی فڕۆکەکە و شەش کەسی دیکەی تێدابوو، لە مۆسکۆوە بەرەو سەینت پیتەرسبۆرگ بەڕێکەوتبوو، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-8-2023) کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.
 
چەناڵێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بە ناوی گرەی زۆن، کە نزیکە لە ڤاگنەر بڵاویکردووەتەوە: "فڕۆکەکە لەلایەن هێزی بەرگریی ئاسمانیی رووسییەوە لە ئاسمانی هەرێمی تڤێر لە باکووری مۆسکۆ خراوەتە خوارەوە."
 
گیانلەدەستانی پریگۆژین لەکاتێکدایە، حوزەیرانی ئەمساڵ یاخیبوونی سەربازی لە دژی مۆسکۆ راگەیاند. 10 هەزار چەکداری گرووپەکە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ئۆکراینایان جێهێشت و بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن؛ شاری رۆستۆڤیان کۆنترۆڵکرد و تاوەکو 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ نزیکبوونەوە.
 
بەڵام دواتر بە نێوەندگیریی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلارووس، پریگۆژین یاخیبوونەکەی کۆتایی پێهێنا و سەربازەکانی گوێزرانەوە بێلارووس.
 
یەڤگینی ڤیکتۆرۆڤیچ پریگۆژین، لە ساڵی 1961 لە شاری سەینت پیتەرسبۆرگی رووسیا لەدایکبووە. ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە بە ناوەکانی پۆلینا پریگۆژین و پاڤێڵ پریگۆژین.
 
پریگۆژین پێش ئەوەی کەسایەتییەکی سەربازی بێت، چێشتلێنەر بوو. لە ساڵی 1995ـەوە کۆمپانیای کۆنکۆردی دامەزراند، کە لە ژمارەیەک رێستۆرانت پێکهاتووە و لەنێو رووسیادا کاردەکەن.
 
پریگۆژین هاوکات خاوەنی کۆمپانیای گلاسڤێت بوو، کە ئاژانسێکی هەواڵیی رووسییە. رۆژئاوا لای وایە ئەو ئاژانسە کاری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستە لەبارەی حکومەتی رووسیا و پیاهەڵدانە بە دەستکەوتە سەربازییەکانی کرێملن.