رکابەرەکەی ماکرۆن دەنگ بۆ هەڵبژاردن کۆدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

30ی حوزەیران گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسایە. بۆ ماری لوپێن، سەرکردەی بەرەی نیشتمانی، کاتی کۆکردنەوەی دەنگە.
 
لوپێن بەنێو فرۆشیار و خەڵکی شەقامەکانی شاری کارڤینی باکووری فەرەنسادا گەڕا و بە دەستی خۆی نامیلکەی کارنامەی پارتە راستڕۆ تووندڕۆکەیان دایە خەڵک.
 
دەیڤد ژێدروسیاک، فرۆشیاری بازاڕی کارڤین لە فەرەنسا دەڵێت، "نازانم ئەوان کارێکی باش دەکەن یان نا، بەڵام بۆچی تاقییان نەکەینەوە؟ چەپ و راست و ماکرۆنیشمان تاقیکردەوە، بەڵام تائێستا هیچ شتێک بۆ ئێمە نەگۆڕاوە."
 
پارتە راستڕۆ تووندڕۆکە بانگەشە بۆ کەمکردنەوەی وەرگرتنی کۆچبەران دەکات و دەڵێت، پێویستە لە دامەزراندن، نیشتەجێکردن و خزمەتگوزارییەکاندا، بایەخی زیاتر بە هاووڵاتییانی فەرەنسی بدرێت. سەرسەختانە بەرگری لە سێکیولاریزم و دژایەتیی ئەو شتە دەکات کە بە هەژموونی ئیسلام لەسەر فەرەنسا ناوی دەبات.
 
هەروەها بانگەشە بۆ پاراستنی کولتووری فەرەنسی لە کولتووری بیانی دەکات، پێیوایە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەش پێویستە سەربەخۆتر بێت و جڵەوەکەی لە دەستی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆدا نەبێت.
 
راپرسییەکان دەریدەخەن 34%ی خەڵکی فەرەنسا ئەم سیاسەتانەیان بە دڵە و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یەکەم دەبێت.
 
دۆزایر، فرۆشیاری بازاڕی کارڤین لە فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە شتێکی مێژووییە، چونکە راستڕۆ تووندڕۆکان هەرگیز لە دەسەڵاتدا نەبوون. راستڕۆکانمان هەبوو، چەپەکانمان هەبوو، میانڕۆکانمان هەبوو، هەموویان هەبوون، بۆ ئەمانەمان نەبێت؟"
 
فراوانبوونی جەماوەری پارتی بەرەی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی ئەم مانگەی پەرلەمانی ئەورووپیدا روونبووەوە، کاتێک کە بە بەدەستهێنانی 31.4%ی دەنگی فەرەنسییەکان توانی ببێتە یەکەم و شکستی گەورەی بە پارتەکەی ماکرۆن و چەپەکان هێنا.