پێنتاگۆن: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەر دەگەڕێتەوە ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا فەرمانی بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەر کرد دەریای سوور و کەنداوی عەدەن جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە ئەمریکا.
شوێنی بنەڕەتی لەنگەرگرتنی کەشتییەکە، بەندەری شاری نۆرفۆلکە لە ڤێرجینیا.
کەشتییەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی حووسییەکانی یەمەن، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکرابوو، کە هێزی دەریایی ئەمریکا دەڵێت، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، رووبەڕووی ئەرکێکی سەختی لەم شێوەیە نەبوونەتەوە.
دوای هەشت مانگ مانەوە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کەشتییەکە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
بە گوتەی پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، کەشتیی رۆزڤێڵت لە دوای تەواوکردنی مانۆڕێک کە بڕیارە لە ناوچەی نێوان زەریای هیندی و هێمن بکرێت، شوێنی کەشتیی ئایزنهاوەر دەگرێتەوە.
رۆژی شەممە، رۆزڤێڵت لە شاری بووسانی کۆریای باشوور لەنگەری گرت، لە کاتێکدا گرژییەکان لە نێوان سیئۆل و کۆریای باکوور لە زیادبووندان.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئێستا ئایزنهاوەر گەیشتووەتە دەریای نێوەڕاست.
حووسییەکان چەندین جار رایانگەیاندبوو کە ئایزنهاوەریان پێکاوە، بەڵام سوپای ئەمریکا رەتیکردەوە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئێوارەی رۆژی شەممە رایگەیاند، هێرشێکی دیکەیان کردووەتە سەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو لە کاتێکدا پێش ئەوە کەشتییەکە ناوچەکەی جێهێشتبوو.