بەهۆی رۆچوونی زەوی کەسێک لە سویسرا گیانی لەدەستدا و 2ـی دیکەش بێسەروشوێنن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە باشووری سویسرا بارانی بەلێزمە بووە هۆی لافاو و لەئەنجامدا سێ کەس بێسەروشوێن بوون کە دواتر تەرمی یەکێکیان دۆزرایەوە.
 
دامودەزگەکانی کانتۆنی گریزۆنی باشووری ئەو وڵاتە، رۆژی شەممە رایانگەیاند، ئەو سێ کەسە بەهۆی لافاوی رۆژی هەینییەوە لەو ناوچەیە بێسەروشوێن بوون. 
 
پۆلیسی کانتۆنەکە دەڵێت، ژنێک کە پێشتر گومان دەکرا لافاو بردبێتی، بە زیندوویی دۆزراوەتەوە. 
 
لافاوەکە لە ئەنجامی بارانی بەلێزمەوە دروستبوو، کە داڕمانی زەویشی لێکەوتەوە و دەیان کەسی ناچارکرد ماڵەکانیان جێبهێڵن. 
 
بە گوتەی پۆلیس، گەڕان بە دوای دوو کەسە ونبووەکە بەردەوامە. سێ کەسەکە لە کاتی لافاوەکەدا لە ماڵەوە بوون و ئاو سێ ماڵ و سێ ئۆتۆمبێلیانی راماڵیوە. 
 
لەبارەی رووداوەکەوە، ڤیۆلا ئەمهەرد، سەرۆکی سویسرا لە ئێکس حەپەسانی خۆی بە کارەساتەکە دەربڕی و بڵاویکردەوە، "هاوبەشی خەمی ئەو کەسانەم کە زیانیان بەرکەوتووە. سوپاسی هەوڵی ماندوونەناسانەی تیمەکانی فریاگوزاری لەو بارودۆخە سەختەدا دەکەم." 
 
لافاو ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنی پۆلیسیشی لەگەڵ خۆی راماڵی. بەڵام پۆلیس دەڵێت، ئەو دوو ئەفسەرەی تێیدا بوون، توانیویانە بێنە دەرەوە و بە مەلەکردن خۆیان رزگاربکەن. 
 
پۆلیس داوای لە خەڵک کرد خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن کە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە. 
 
بەهۆی لافاوەکەوە کە خۆڵ و بەردی زۆری لەگەڵ خۆیدا راماڵی، ژمارەیەک گوند بێ ئاو و کارەبا بوون. 
 
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، لە ناوچەکانی دیکەش لە سویسرا بارانی بەخوڕ باری و زیان بە چەندین رێگە و هێڵی شەمەندەفەر گەیشت.