سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر شەڕی لە دژی سوپای رووسیا راگەیاند و هەڕەشە 'لە هەر کەسێک' دەکات بێتە رێگەیان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، کاتێک کە لە شەڕی ئۆکراینادا بوون، رووسیا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەریان و ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارەکانی کوشتوون. باسیش لەوە دەکات، لە شەڕێکی نهێنیدا دژی سوپای رووسیا "تۆڵە" دەکەنەوە. وەزارەتی بەرگریی رووسیا تۆمەتەکانی ڤاگنەر رەتدەکاتەوە.
رۆژی هەینی 23-6-2023، ژمارەیەک نامەی دەنگی یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر بڵاوبوونەوە کە یەکێکیان پەیامی شەڕ لە دژی سوپای رووسیای لەخۆگرتووە.
پریگۆژین دەڵێت، "ئەنجوومەنی فەرماندەیی ڤاگنەر بڕیارێکی دەرکردووە: ئەو خراپەکارییەی لەلایەن سەرۆکایەتیی وڵاتەکەوە دروستبووە دەبێت بووەستێنرێت."
لەبارەی تۆڵەکردنەوەش لە سوپای رووسیا دەڵێت، "ئەوانەی، کوڕەکانیان کوشتین، دەیانیان لێ کوشتین، دەبێت بزانن لە بەرامبەردا بە ژیانی دەیان هەزار سەربازی رووسی سزادەدرێن. داوا دەکەم، کەس نەیەتە سەر رێمان."
پریگۆژین دەڵێت، هێرش دەکەنە سەر سوپای رووسیا و هۆشداریش دەدات، "هەرکەس هەوڵبدات بێتە سەر رێگەمان، بە مەترسی هەژماری دەکەین و بە زووترین کات تێکیدەشکێنین، ئیدی هەر بازگەیەکی سەربازی بێت لەبەردەمماندا یان فڕۆکەیەک بێت بەسەر سەرمانەوە."
پریگۆژین داوا لە خەڵک دەکات هێمن بن، و "لەبەردەم کاریگەریی هێرشەکاندا خۆڕاگر بن و لە ماڵەکانتان بمێننەوە. بەتایبەت ئەوانەی لەسەر رێگەمانن، مەچنە دەرەوە. دوای ئەوەی تەواوبووین لەوەی دەستمانپێکردووە، دەگەڕێینەوە بۆ بەرەی پێشەوەی شەڕ بۆ پاراستنی نیشتمانەکەمان."
سەرۆکی ئەو گرووپە چەکدارییە لە ڤیدیۆیێکدا کە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، پاشماوەی زیانی یەکێک لە هێرشە مووشەکییەکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بۆ سەر پێگەیەکی سەربازیی گرووپەکە نیشاندەدات.
دیار نییە پریگۆژین لە هێرشکردنە سەر رووسیا مەبەستی کوێیە، بەڵام دەڵێت، "ئێمە 25 هەزار چەکدارین و دەچین بزانین ئەم ئاژاوەیە چییە دروستکراوە لەم وڵاتەدا. کێ دەیەوێت بەشداریمان لەگەڵ بکات با بێت، پێویستە ئەم بێسەروبەرییە کۆتایی پێبێنین."
دیمتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین لە پەیامەکانی پریگۆژینەوە ئاگادارکراوەتەوە و هەموو رێکارە پێویستەکان گیراونەتەبەر.
پریگۆژین لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەم هێرشەی ڤاگنەر باسی دەکات کودەتای سەربازییە یان نا، دەڵێت: "ئەمە کودەتای سەربازی نییە، ئەمە هەوڵێکە بۆ دادوەری. کردارەکانمان هیچ زیان بە هێزە چەکدارەکان[ـی رووسیا] ناگەیێنن."
یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی کۆمپانیا رووسییە سەربازییە تایبەتەکە جاری یەکەم نییە لە بەرامبەر بە هاوکارییە سەربازییەکانی ڤاگنەر لە شەڕەکەیدا دژی ئۆکراینا، گلەیی لە رووسیا دەکات.
پێشتریش وەزارەتی بەرگریی رووسیای بەوە تۆمەتبارکردبوو کە چەکیان بۆ نانێرن تاوەکو لە شەڕی باخمووتدا بەکاریبێنن. هەروەها تانەی لە سوپای رووسیا دابوو کە لە باخمووت کشاونەتەوە.
یەکێک لەو کەسایەتییە سەربازییانەی یاڤگینی پریگۆژین بە تایبەت هێرشی دەکاتە سەر، سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیایە و بە "شکستخواردوو" ناویدەبات.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا راستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی نامە دەنگییەکانی پریگۆژین، راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و بە "هەراسانکەر" ناویبردن و رایگەیاند، "تۆمەتەکان دوورن لە راستییەوە."
لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە: "تەواوی ئەو نامە دەنگی و ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لەلایەن پریگۆژینەوە بڵاوکراونەتەوە لەبارەی 'هێرشی مووشەکیی وەزارەتی بەرگریی رووسیای فیدراڵ بۆ سەر پێگەکانی ڤاگنەر' لە راستییەوە دوورن و زانیاری هەراسانکەرن."