سیاسەتی نوێی تیکتۆک؛ پۆستی میدیا حکومییەکان لە دەرەوەی وڵات لە بەشی "For You"ـدا دەرناکەون
رووداو دیجیتاڵ
تیکتۆک رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، کۆتوبەند دەخاتە سەر ئەو دەزگا میدیاییانەی سەر بە حکومەتەکانن بۆ ئەوەی رێگەنەدات رای گشتیی وڵاتانی دیکە دەستەمۆ بکەن، لە کاتێکدا ئەم ساڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەڵبژاردنی گرنگ دەکرێن.
هەنگاوەکە هەروەها دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا بڕیاریدا تیکتۆک لە وڵاتەکەی قەدەخە بکات ئەگەر خۆی لە کۆمپانیای بایتدانسی چینی جیانەکاتەوە.
واشنتن گومانی هەیە کە ئەپە چینییەکە بۆ دەستەمۆکردنی ئەمریکییەکان و بەلاڕێدابردنیان بەکاربهێنرێت.
بە گوێرەی سیاسەتی نوێی تیکتۆک، میدیای سەر بە حکومەتەکان هەر وێنە و ڤیدیۆیێک لەسەر "رووداو و کاروباری هەنووکەیی جیهان" بڵاوبکەنەوە، ئەوا تەنیا لە وڵاتەکانی خۆیاندا لە بەشی "For You"ـدا دەردەکەوێت و لە وڵاتەکانی دیکە نابینرێن.
هەروەها ئەگەر ئەو هەژمارانە بیانەوێت لەسەر تیکتۆک ریکلام بکەن، ئەوا ریکلامەکانیان ناگاتە دەرەوەی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا تۆمارکراون.
تیکتۆک پێیوایە، "بەرهەمی هەواڵسازی یان پڕۆسەی بڕیاردان"ی هەر میدیایەک "لەژێر کۆنترۆڵ یان کاریگەریی حکومەتێکدا بێت" ئەوا ئەو میدیایە بە میدیای سەر بە حکومەتەکە پۆڵێن دەکرێت.
تیکتۆک هەروەها ئاشکرایکرد، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 15 هەڵمەتی دەستەمۆکردنی لەباربردووە لەگەڵ وەستاندنی 3001 هەژمار.
مەبەست لە هەڵمەتی دەستەمۆکردن بریتییە لە هەوڵی رێکخراو و درێژخایەن بۆ کاریگەریخستنەسەر رای گشتیی کۆمەڵێک خەڵک بۆ مەرامێکی سیاسی یان بازرگانی.
تیکتۆک لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بۆمان روونبووەوە کە زۆربەی ئەم تۆڕانە هەوڵی ئەوەیان دەدا کاریگەری بخەنە سەر گوتاری سیاسی لە نێو وەرگرەکانیاندا، لەوانەش پەیوەست بە هەڵبژاردن".
بۆ نموونە، تیکتۆک دەڵێت، تۆڕێک هەژماری هەڵوەشاندووەتەوە کە هەوڵیانداوە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئیندۆنیزیا، خەڵکی ئەو وڵاتە فریوبدەن.