بەریتانیا دیپۆرتکردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا کردە راستی

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژە یاسایەکی بۆ دیپۆرتکردنی بەشێک لە کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا پەسند کرد. 
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا چەند کاژێریک پێش ئەوە رایگەیاندبوو، مانگی تەممووز گەشتەکانی گواستنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی نێوەڕاستی ئەفریقا دەستپێدەکەن. 
 
ماوەی دوو مانگ بوو پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمان چەقی بەستبوو. ئەنجوومەنی لۆردان تا نیوەشەوی رابردووش ئامادە نەبوو پڕۆژە یاساکەی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند بکات و داوای هەموارکردنی هەندێ لە بڕگەکانی دەکرد. بەڵام دواجار بوو بە یاسا. 
 
پێش ئەوە، سووناک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی دەگمەنی لە بەرەبەیاندا کرد بۆ ئەوەی داوا لە لۆردان بکات دەست لە دژایەتیکردنی پێشنیازەکەی هەڵگرن، کە بە گوتەی خۆی، دەیەوێت لە رێگەی ئەم یاسایەوە کۆتایی بە پەڕینەوەی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیزدا بێنێت. 
 
ناکۆکیی نێوان دوو ئەنجوومەنی پەرلەمانەکە دوایین رێگری بەردەم جێبەجێکردنی پلانەکە بوو کە پێشتریش بەهۆی زنجیرە بڕیارێکی دادگە و ناڕەزایی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کە پێیانوایە پلانەکە نامرۆڤانە و نایاساییە، پەکخرابوو. داکۆکیکارانی کۆچبەرانیش بەڵێنیان داوە بەردەوامبن لە شەڕکردن دژی پلانەکە. 
 
بەیانیی رۆژی دووشەممە، سووناک لە لەندەن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "نزیکەی دوو ساڵە، دژبەرانمان هەموو رێگەیەکیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن و بەلەمەکان بەردەوام بن لە هاتن. بەڵام ئیدی بەسە. خاوەخاوکردن بەسە. دواخستن بەسە."
 
حکومەت پلانی وایە، بەشێک لەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی چوونەتە بەریتانیا بیاننێرێتە رواندا، بۆ ئەوەی کۆچبەران لە گەشتکردن بە نێو نۆکەندی ئینگلیزدا ساردبکاتەوە، کە بە کۆمەڵی گەورەوە سواری بەلەمی بچووکی چووپی نالەبار دەریا شەپۆڵدارەکە دەگرنەبەر.
 
تیم بەیڵ، مامۆستای زانستە رامیارییەکان لە زانکۆی شاژنە ماری لە لەندەن پێیوایە، وێڕای ئەوەی کە پەرلەمان پەسندی کردووە و ئیدی بووەتە یاسا، هێشتا دەکرێت بەهۆی بڕیارەکانی دادگەوە گەشتەکانی دیپۆرتکردن دوابخرێن. 
 
ئەو دەڵێت: "بڕوا ناکەم شتەکە تەواو بووە. لە داهاتوودا هەوڵی رێگریکردن لە دیپۆرتکردنەکە دەدرێت."
 
سووناک بەهۆی ئەم پلانە، داهاتووی سیاسیی خۆی خستووەتە مەترسییەوە. سەرۆکوەزیرانەکە بەڵێنی وەستاندنی بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی کردووەتە بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی دەنگە رەنجاوەکانی پارتی پارێزگران، کە راپرسییەکان پێشانیدەدەن زۆر لەدوای پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنەوەیە، لە کاتێکدا کە ئەمساڵ هەڵبژاردنێکی لەپێشە. 
 
هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی هەفتەی داهاتووش وەک پێوەرێک دەبینرێت بۆ ئەوەی کە پارتەکان لە هەڵبژاردنە گشتییەکان چارەنووسیان چی دەبێت. 
 
ئەو گفتوگۆیەی لە بەریتانیا لەسەر ناردن و نەناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەکرێت، لە کاتێکدایە کە وڵاتانی رۆژئاوا و باکووری ئەورووپا هەوڵی کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران دەدەن، هاوکات لەگەڵ ئەوەی تاوەکو دێت جەنگ، گۆڕانی کەشوهەوا و سەرکوتکاریی سیاسی خەڵکێکی زیاتر ناچار دەکات سەری خۆیان بەرەو دوور هەڵبگرن. 
 
لە بەریتانیا، پەڕینەوەی کۆچبەران بە بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیز، پرسێکی سیاسیی گەرم و مشتومڕهەڵگرە؛ زیادبوونی ژمارەی بەلەمەکان بە شكست و کەمبوونەوەیان بە سەرکەوتوویی حکومەت لە بەڕێوەبەردنی پرسی کۆچبەران دەبەسترێتەوە. 
 
ساڵی 2018، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک گەیشتنە بەریتانیا تەنیا 299 کەس بوو، چوار ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی 2022، ژمارەکە بۆ 45 هەزار و 774 کەس بەرزبووەوە.
 
هاوینی رابردوو، ژمارەکە دابەزی بۆ 29 هەزار و 437 کەس دوای ئەوەی حکومەت رێکاری توندی بەرامبەر قاچاخچییەکان گرتەبەر و رێککەوتنێکی کرد بۆ ئەوەی ئەلبانییەکان بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان.