لە وان 12 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان 12 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی وان رایگەیاند، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی مادەی هۆشبەر سەر بە پارێزگاکە لە رۆژانی 15-21ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئۆپەراسیۆنیان دژی فرۆشیاران و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کردووە و 12 کەسیان دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی ئاسایشی وان، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیراوە بەسەر 234 گرام مادەی هۆشبەری دەستکرد و 4.73 گرام حەشیش.
لەو 12 کەسەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان لە بەرامبەر گیراوەتەبەر، یەک کەس بە "بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" و 11 کەسەکەی دیکەش بە "بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر" تۆمەتبارکراون.
لە باکووری کوردستان و تورکیا بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر زیادیکردووە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 21-12-2023، رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 21ـی کانوونی یەکەم لە 47 پارێزگا بەڕێوەچوو، 376 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکراون، هەروەها یەک تۆن و 156 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و 14 ملیۆن و 200 هەزار حەبی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.