لە رێککەوتنێکی دەگمەندا ئۆکراینا دانیشتووانی کورسک بۆ رووسیا دەگەڕێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی رووسیا دەڵێت، 46 هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کورسکی رووسیا بە رێککەوتن لەگەڵ کیێڤ، لە ئۆکرایناوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەی.
 
مانگی ئابی ئەم ساڵ، ئۆکراینا دەستی بە هێرشێکی زەوینیی بەرفراوان کرد بۆ سەر هەرێمی کورسکی رۆژئاوای رووسیا و بەشێکی گەورەی کۆنترۆڵ کرد.
 
روون نییە بۆچی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە گوێزراونەتەوە ئۆکراینا و کیێڤ هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو رێککەوتنە نەداوە کە مۆسکۆ باسی دەکات.
 
تاتیانا مۆسکالکۆڤا، بەرپرسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی رووسیا گوتی، "لە ئەنجامی دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی، ئەمڕۆ 46 دانیشتووی هەرێمی کورسک لە ئۆکرایناوە گەڕێندرانەوە رووسیا."
 
ئەو کەسانە خەڵکی ناوچەی سودژانسکی بوون، کە شاری سودژای هەمان ناوچە لە رۆژانی یەکەمی ‌هێرشەکەدا کەوتە دەستی ئۆکراینا. 
 
ئەلێکسی سمیرنۆڤ، پارێزگاری هەرێمی کورسک لە پەیامێکی تەلەگرامدا گوتی: "دانوستاندنی دوورودرێژ و ماندووکەری گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانمان بۆ نیشتمان، ئەنجامی هەبوو."
 
بە گوتەی سمیرنۆڤ، 12 لەو کەسانەی گەڕێندراونەتەوە منداڵن و بە بێلارووسدا گەڕێنراونەتەوە و "هەموو یارمەتییەکی پێویستیان پێدراوە."
 
ئەناستاژیا گریدینا، دایکێک یەکێک لەو منداڵانەیە کە تەمەنی سێ ساڵە. دایکەکە دەڵێت، "ئەوان بە رێگەوەن. چوار کاژێری دیکە بە دارینا شاد دەبمەوە."
 
کاتێک کە ئۆکراینا دەستی بە هێرشە کتوپڕەکە کرد، گریدینا بۆ کارێکی کاتی چووبووە مۆسکۆ و کچەکەی لەگەڵ داپیرەی لە گوندێکی هەرێمی کورسک جێهێشتبوو.
 
تشرینی یەکەم، دایکەکە رایگەیاند، داوای یارمەتی "لە هەموو شوێنێک" کردووە، تەنانەت نامەی بۆ ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش نووسیوە.
 
گریدینا جارێکیش هەوڵیدا لە هێڵی پێشەوەی جەنگ بپەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەدوای کچەکەیدا بگەڕێت، بەڵام ناچارکرا بگەڕێتەوە.
 
رێککەوتنەکە لە دۆخێکی تەنگژەداری توونددا دێت، لە کاتێکدا کیێڤ بە مووشەکی دوورمەودای بەریتانی و ئەمریکی هێرش دەکاتە سەر قووڵایی خاکی رووسیا و مۆسکۆ بە مووشەکی دەنگبەزێنی بالیستی وەڵامی دەداتەوە.