لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پەسند کرا
رووداو دیجیتاڵ
رەشنووسی بڕیارنامەیەک دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و زیاتربوونی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا. ئێران بڕیارنامەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "نادادپەروەرانە و سیاسییە و لایەنگری پێوە دیارە".
لیژنەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە 77 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 28 دەنگی نەخێر و 66 دەنگی بێ لایەن، رەشنووسی سەرکۆنەکردنی بەردەوامیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و زیاتربوونی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتەی پەسند کرد.
رووسیا، چین، عێراق، پاکستان و سووریا لەو وڵاتانەن کە دژی رەشنووسەکە و لە بەرژەوەندیی ئێران دەنگیان دا.
کەنەدا پڕۆژە بڕیارنامەکەی ئامادە کردبوو و تێیدا داوا کراوە، دەسەڵاتی ئێران کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە تایبەت بەرامبەر منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، گرتن و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بهێنێت.
شاندی کەنەدا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا بە هۆی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ کەیسەکانی دیکەی جگە لە قورسترین تاوانەکان، "خراپتر" بووە.
کەنەدا دەڵێت، لە ئێران کەمینە نەتەوەییەکان و ژنان زیاتر رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە. کەنەدا هەروەها بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە لایەن ئێرانەوە لە دژی ئەو کەسانەی مافی ئازادیی رادەربرین و کۆبوونەوە بەکار دەهێنن، وەکوو "بێباکییەکی گەورە لە بەرامبەر ژیانی مرۆڤ" ناودەبات.
رەشنووسەکە دوای دەنگپێدانی لە لیژنەی سێیەم دەبردرێتە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێش دەنگی لەسەر دەدرێت.
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، نادادپەروەرانە و سیاسییە و لایەنگری پێوە دیارە.
زەهرا ئیرشادی، جێگری باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی لیژنەی سێیەمی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامی ئێران بە تووندی بڕیارنامەی ناڕەوا و سیاسی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەمان رەتدەکاتەوە. لە کاتێکدا ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە هەمیشە بوار بۆ باشترکردن هەیە، بەڵام دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، دووڕوویی و لایەنگری پێوە دیارە."
کۆمیتەی مافی مرۆڤی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "هەر ئەوەی کەنەدا بەم ئامارانە ترسناکەی لە مافی مرۆڤدا هەیەتی رێگەی بەخۆی داوە لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆچوونی دەرببرێت، سەڵمێنەری بوونی دوو پێوەری و بەکارهێنانی مافی مرۆڤە لە لایەن کەنەدا و هاوپەیمانەکانی لە سیاسەتی دەرەوەیاندا."
بەپێی ئاماری رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵی هەتاویدا لەسێدارەدانی 651 کەس لە ئێران تۆمارکراوە.