زیلینسکی داوای وەڵامێکی تووندی مووشەکی 'هایپەرسۆنیک'ـی رووسیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا داوا دەکات سەرکردەکانی جیهان، وەڵامێکی بەهێزتری مووشەکی هایپەرسۆنیکی رووسیا بدەنەوە، کە ئاراستەی ئۆکراینای کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 21-11-2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی ئاراستەکردنی جۆرێکی نوێی مووشەکی دەنگبڕ (هایپەرسۆنیک)ـی رووسیا، کە ئاراستەی ئۆکراینا کرا، رایگەیاند، "ئەمە زیادبوونێکی ئاشکرا و جیدیی دڕندانەی جەنگەکەیە."
نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە رووسیا رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستیی دوورمەودای ئەتاکمس هێرشکراوەتە سەریان، کە ئەمریکییە. لە وەڵامدا رۆژی پێنجشەممە، رووسیا مووشەکی هایپەرسۆنیکی ئاراستەی ئۆکراینا کرد. رووسیا رایگەیاند: "ئاراستەکردنی مووشەکەکە وەک تاقیکردنەوەیەک بووە و ئەمریکایان ئاگادارکردووەتەوە."
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی بە مووشەکێکی بالیستیی مەودا مامناوەند، کە پێی دەگوترێت ئۆرێشنیک، لە ئۆکراینایان داوە.
سەرۆکی ئۆکرایناش گوتی: "ئەمە بەڵگەی کۆتاییە کە رووسیا ئاشتیی ناوێت." زیلینسکی رەخنەی لە بێدەنگیی جیهان گرت و گوتی، لەوانەیە وڵاتانی دیکە لە داهاتوو ببنە ئامانج، "پێویستە جیهان هەر ئێستا وەڵامی هەیە، ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەهێز لە [وڵاتانی] جیهان نابینرێت."
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی گوت، "پێویستە داوای ئاشتی لە رووسیا بکرێت، ئەگەرنا چەندین هێرش، هەڕەشە و ناسەقامگیرکردنی سەرەڕۆی رووسی دەبینین، کە تەنیا لە دژی ئۆکراینا نابن."
لەبارەی ئەو مووشەکە کیشوەربڕە، ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "ئەمە پێشهاتێکی دیکەی نیگەرانکەر و شڵەژێنەرە. هەموو ئەم شتانە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن."
دوجاریک جەختی لە بانگەوازی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کردەوە و داوای پابەندبوونی بە یاسای نێودەوڵەتییەوە کرد.