وەزیری پلاندانانی سوودانی باشوور بۆ رووداو: هەوڵ دەدەین وەک نێوەندگیر لە ململانێی سووداندا رۆڵ بگێرین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و پلاندانانی سوودانی باشوور بە رووداوی گوت، حکومەتی وڵاتەکەی هەوڵ دەدات وەک نێوەندگیر رۆڵ بگێڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوخۆی سوودانی دراوسێی.
باک بارنابا چۆل، رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
وەزیرەکە گوتی، "بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، بە بڕوای من، قەیرانی سوودان چارەسەردەکرێت".
شەڕی نێوخۆی سوودان 15ی نیسانی ئەمساڵ دەستیپێکرد، کاتێک کە هێزی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆ ناسراو بە حمێدتی لە سوپای وڵاتەکە کە عەبدولفەتاح بورهان سەرکردایەتی دەکات، هەڵگەڕایەوە.
ناکۆکیی نێوان دوو جەنەراڵە هەرە بەهێزەکەی وڵاتە عەرەبییە ئەفریقییەکە لەسەر دەسەڵات بوو. حمێدتی سوپای تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هێزەکەی.
وێڕای هەوڵەکانی سعودیە و وڵاتانی جیهان بۆ نێوەندگیریکردن و بەدیهێنانی ئاگربەست، شەڕەکە بەردەوامە، بە تایبەتی لە خەرتوومی پایتەخت و هەرێمی دارفۆر.
تاوەکو ئێستا لانیکەم چوار هەزار کەس بەهۆی شەڕەکەوە کوژراون و شەش هەزاری دیکەش برینداربوون؛ هەروەها 4.1 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و 1.1 ملیۆنی دیکەشیان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێ.
بارنابا چۆل، وەزیری سوودانی باشوور، ئەو وڵاتەی کە 12 ساڵ لەمەوبەر لە سوودان جیابووەوە و سەربەخۆیی وەرگرت، هیوا دەخوازێت "لە ماوەیەکی نزیکدا ئاشتی لە سوودان" بەرپابێت.
"پەیوەندیی باش"
سوودانی باشوور لە 9ی تەممووزی 2011 سەربەخۆیی وەرگرت، ئەوەش دوای شەڕێکی نێوخۆی خوێناوی لەنێوان سوودانییەکانی باشوور و سوودانییەکانی باکوور لە سەر پرسەکانی ئایین، نەتەوە و سەرچاوە سرووشتییەکانی وڵات.
شەڕەکە لە ساڵی 2005 بە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک کۆتاییهات کە نیمچە سەربەخۆیی و مافی ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی بە باشووری وڵاتەکە دا.
ساڵی 2011، باشوور بە زۆرینەی رەهای دەنگ، سەربەخۆیی هەڵبژارد و سوودانی باشوور وەک نوێترین وڵات دروستبوو و تەنیا پێنج رۆژ دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی، بە کۆی دەنگی ئەندامان، کرایە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
باک بارنابا چۆل لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت، "ئێمە سەربەخۆیی خۆمان بە پشتیوانیی ناوچەکە و وڵاتانی زۆر بەهێزی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا بەدەستهێنا، کە ئەوان پێداگرانە پشتیوانییان لە مافەکانیان کردین کاتێک کە خەباتمان بۆ سەربەخۆبوونی وڵاتەکەمان دەکرد."
لەبارەی پەیوەندیی نێوان سوودانی باشوور و ئەمریکا، بارنابا چۆل گوتی، ئەوان "پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئەمریکا"دا هەیە.
نزیکەی 150 سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرکن بۆ ئەوەی گوتاری خۆیان لە بارەی نوێترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهان پێشكێش بکەن.
دروشمی لووتکەی ئەمساڵی کۆبوونەوەکە بریتییە لە "دروستکردنەوەی متمانە و وەگەڕخستنەوەی یەکڕیزیی جیهانی؛ خێراکردنی هەنگاوەکانی کارنامەی 2030 و ئامانجەکانی گەشەپێدانی شیاوی بەردەوامبوون بەرەو ئاشتی، خۆشگوزەرانی، بەرەوپێشچوون و توانای بەردەوامبوون بۆ هەمووان."
دەقی گوتەکانی باک بارنابا چۆل، وەزیری دارایی و پلاندادانی سوودانی باشوور بۆ رووداو:
ئێمە سەربەخۆیی خۆمان بە پشتیوانیی ناوچەکە و وڵاتانی زۆر بەهێزی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا بەدەستهێنا، کە ئەوان پێداگرانە پشتیوانییان لە مافەکانیان کردین کاتێک کە خەباتمان بۆ سەربەخۆبوونی وڵاتەکەمان دەکرد. ئێمە هێشتاش لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی جیاجیای جیهانەوە پشتیوانیمان دەکرێت، لە نێویاندا وڵاتانی ناوچەکە. واتە ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئەمریکا و ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهان هەیە، لەوانەش سوودان؛ ئەو وڵاتەی کە لێی جیابووینەوە. سوودان ئێستا لە شەڕی نێوخۆییدایە، هەوڵ دەدەین وەک نێوەندگیر لە ململانێی سووداندا رۆڵ بگێڕین. بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش، بە بڕوای من، قەیرانی سوودان چارەسەردەکرێت. هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا ئاشتی لە سوودان ببینین.