رۆبەرت کێنێدیی کوڕ ستایشی بایدن دەکات و رەخنەی تووند لە ترەمپ و هاریس دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

رۆبەرت کێنێدیی کوڕ، بەربژێری سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ستایشی جۆ بایدن دەکات لە بەرامبەر ئەو کارەی لە ئەزموونە دوور و درێژەکەیدا کردوویەتی. بەڵام رەخنەی تووندیشی لێدەگرێت لە بەرامبەر ئەو کارانەی لە ماوەی سەرۆکایەتیدا کردوونی. 
 
کێنێدی هەروەها رەخنەی تووندی لە لیژنەی نیشتمانیی دیموکراتەکان، دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا گرت. 
 
بنەماڵەی کێنێدی لە ئەمریکا خاوەن ناوبانگ و مێژوویەکی خەمناکن. جۆن کێنێدی، مامی ئەم بەربژێرەی ئێستا، 35ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو و لە ساڵی 1963 کوژرا. رۆبەرت کێنێدیی باوک، واتە باوکی بەربژێرەکە، کە داواکاریی گشتیی ئەمریکا بوو، لە ساڵی 1968 بە هەمان شێوە کوژرا.
 
بایدن لەگەڵ راگەیاندنی دەستبەرداربوونی خۆی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی، پشتیوانیی خۆی بۆ هاریس دەربڕی بۆ ئەوەی خانمەکە لە شوێنی ئەو، ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکە کە 5ی تشرینی دووەم دەکرێت. 
 
کێنێدی، هاریسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵ بۆ خرۆشاندنی جەنگی ئۆکراینا و دەستپێکردنی جەنگ دژی چین دەدات. 
 
سەرەتا کێنێدی بەربژێری پارتی دیموکرات بوو، بەڵام دواتر دەستبەرداری پارتەکە بوو و بڕیاریدا بە شێوەی سەربەخۆ لە کێبڕكێکەدا بەشدار بێت. 
 
هەروەها لیژنەی نیشتمانیی دیموکراتەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی بۆ ماوەی چەندین مانگ، دۆخی خراپی بایدنی لە رای گشتی شاردووەتەوە.