ترەمپ: بایدنی خواروخێچ لەخەو هەڵدەستێت و لەبیری دەچێتەوە وازی هێناوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵی ئەمریکا، گاڵتە بە جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستا دەکات.
بڕیاربوو بایدن لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا رووبەڕووی ترەمپ بێتەوە. بەڵام سەرۆکە تەمەن 81 ساڵەکە، رۆژی یەکشەممە وازهێنانی خۆی لە کێبڕکێکە راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی لە دیبەیتێکدا لە بەرامبەر ترەمپ لاواز دەرکەوت، کە لە ئەنجامی ئەوەدا، لە لایەن ئەندامانی پارتی دیموکراتەوە گوشاری خرایە سەر بۆ ئەوەی کێبڕکێکە بۆ بەربژێرێکی دیکە جێبهێڵێت.
ترەمپ لە زنجیرە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی کە ترووس سۆشیاڵی ناوە، توانج لە بایدن دەدات و گاڵتەی پێدەکات.
لە یەکێک لە پۆستەکاندا ترەمپ دەڵێت: "شتەکە کۆتایی نەهاتووە. سبەی جۆ بایدنی خواروخێچ لەخەو هەڵدەستێت و لەبیری دەچێتەوە کە ئەمڕۆ وازی لە کێبڕكێیەکە هێناوە."
لە پۆستێکی دیکەدا ترەمپ دەپرسێت: "ئێستا کێ وڵاتەکەمان بەڕێوەدەبات؟ جۆی خواروخێچ نییە، هەر نازانێت خۆی لە کوێیە. ئەگەر ئەو نەتوانێت خۆی بەربژێر بکات، ئەوا ناتوانێت وڵاتیش بەڕێوە ببات."
بایدن تا کۆتاییهاتنی خوولی سەرۆکایەتییەکەی، واتە تاوەکو 20ی کانوونی دووەمی 2025 لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
هەفتەی رابردوو بایدن رایگەیاند تووشی کۆرۆنا بووە.
بەڵام ترەمپ لە پۆستێکدا دەڵێت: "بایدن هەرگیز تووشی کۆرۆنا نەبووە. ئەو هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی."
میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات، زۆربەی ئەندامانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا لە کۆنگرێس، پشتیوانیی خۆیان بۆ کامالا هاریس دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری پارتەکە.
دوای ئەوەی کە رۆژی یەکشەممە، بایدن رایگەیاند لە کێبڕکێکە دەکێشتەوە، ئێستا دیموکراتەکان تاوتوێی دیاریکردنی بەربژێرێکی نوێ دەکەن.
بایدن لەگەڵ راگەیاندنی بڕیاری کشانەوەی خۆی، پشتیوانی بۆ هاریسی جێگری دەربڕی، بەڵام ناتوانێت بە تەنیا بڕیار لەسەر دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ شوێنگرتنەوەی خۆی بدات.
دیموکراتەکان لە 19ی ئاب لە ویلایەتی شیکاگۆ دەست بە کۆنگرەی نیشتمانیی پارتەکەیان دەکەن. لەو کۆنگرەیەدا، نوێنەرانی دیموکرات بە دەنگدان، بەربژێرێک دیاریدەکەن.