لە ئەمریکا ژمارەیەک کورد هاوکاری بۆ کەمپەینی هەڵبژاردنی کۆنگرێسمانێک کۆدەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کۆمەڵگەی کوردی بۆ پشتیوانیکردن لە کامپەینی هەڵبژاردنی ئەندامی کۆنگرێس جێری بەڕێوەچوو کە ئێستا نوێنەرایەتیی ویلایەتی ڤێرجینیا لە کۆنگرێس دەکات و دۆستێکی نزیکی کوردیشە. 
 
کۆبوونەوەکە لەلایەن حیکمەت بامەڕنی، کەسایەتیی دیاری کوردی ئەمریکا رێکخرابوو. حیکمەت بامەڕنی بە رووداوی گوت، "بەڕای من زۆر گرنگە یارمەتیی جێری بدەین، چونکە دواتر ئەو وا هەست دەکات کە قەرزاری ئێمەیە. ئەو کە قسەیەک دەکات بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر بە قسەکانی. جارێک بەمنی گوت 'باسی هەولێر دەکەم، باسی سلێمانی، دهۆک و قامشلی دەکەم، باسی دیاربەکر دەکەم. نەک هەر ئێمە، ئەوانەی لە سیاسیەت شارەزان، لۆبی شتێکی گرنگە، بەڵام بەداخەوە خەڵکێکی زۆر نەهاتووە."
لەو کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک کوردی هەرچواربەشی کوردستان بەشداربوون و هەریەکە و بەپێی توانای خۆی، بڕێک پارەی بۆ کامپینەکەی ئەو ئەندامەی کۆنگرێس بەخشی.
 
سامی ساڵەیی، چالاکڤانی کورد لە ئەمریکا دەڵێت، "زۆر گرنگە و دەبوو ئامادەکاریی باشتری بۆ کرابا، چونکە ئەمە پشتگیرییە لە کۆنگرێسمان، کەسێک کە بەشدارە لە گرووپێک کە پشتگیریی لە دۆزی کورد دەکات."
 
فەوزییە عەزیز، خانەنشین گوتی، "دەبێ خەڵک تێبگات کە ئەمە زۆر گرنگە، ئەمە نەک تەنیا بەخشینی پارەیە، خەڵک واتێدەگەن کۆنگرێسمانەکان زۆر دەوڵەمەندن بۆچی ئێمە هاوکارییان بکەین؟ نەخێر وانییە، ئێمە دەبێ هاوکارییان بکەین بۆئەوەی ئەوان پشتگیری لە ئێمە و لە پێشمەرگە بکەن."
 
ئەو کۆکردنەوەی هاوکارییە لۆبییەکی بەهێزە بۆ کورد لە کۆنگرێس و هاوکات کۆمەڵگەکانی دیکەی ئەمریکاش دەیکەن، لەدیدی کۆنگرێسمان جێریش، ئەو کۆبوونەوەیە نیشانەی ئامادەیی و بەهێزی کۆمەڵگەی کوردییە لە ئەمریکا بەجۆرێک گەیشتوونەتە ئەو قۆناخەی کە خواستی سیاسیی خۆیان دەرببڕن و دەنگیان بیسترابێت.
 
کۆنگرێسمان جێری، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، ''پێموایە ئەمە سیمبولی ئامادەبوونی کۆمەڵگەی کوردی و دەڕبڕینی خواستی سیاسیی خۆیانە، پێشموایە ئەم هەنگاوێکی گرنگی هەر کۆمەڵگەیەکی کۆچبەرییە لە ئەمریکا کاتێک هەست بە متمانەی ئەوە دەکەن بۆچوونی سیاسیی خۆیان دەرببڕن و هەست بە کاریگەریی سیاسی خۆشیان بکەن، ئەمەش واتە دەنگی ئەوانیش بیستراوە. ئەمەش واتە ئەوان گەیشتوونەتە ئەو قۆناخەی ببن بە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەمریکی، ئەمە بۆ کۆمەڵگەکەی منیش، ئێرلەندییەکان راستبوو کە کاتێکی زۆری ویست تاوەکو بگەنە قۆناخی دەربڕینی سیاسیی خۆیان، بۆیەش کاتێک دەنگت دەگات، دەنگیشت دەبیسترێت. ئەمە بۆ کورد و بۆ خەڵکی دیکەش راستە.''
 
لە ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەندامانی کۆنگرێس و تەنانەت سەرۆکیش نەکەونە ژێر کاریگەریی لایەنێک و بە گەندەڵی پارە بۆ کامپەینی هەڵبژاردن کۆنەکەنەوە، تێچووی کامپەینەکانیان لە رێگەی دەنگدەرەکانیان کۆدەکەنەوە، ئەمەش بۆئەوەی سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و تاکەکەسێکیش کە قەرزارباریبن، تەنیا دەنگدەرەکانی خۆیان بێت.