لە فێستیڤاڵی کان، باس باسی ژیریی دەستکردە لە سینەما

رووداو - کان 

مارتن پیاوێکی ئەڵمانیی بەئەزموونە لە سینەما، 35 ساڵە سەروسەودای لەگەڵ دۆبلاژی کارە سینەماییەکاندایە و خاوەن کۆمپانیایە، لە گرنگترین بازاڕی فیلم لە ئەوروپا گفتوگۆ لەسەر ژیریی دەستکرد دەکات، کە ئێستا بۆ کاری وەرگێڕانی سینەمایی زۆر بەخێرایی هەنگاو دەنێت. 
 
مارتن ئێرنیش، خاوەن کۆمپانیای بەرهەمهێنان لە کانەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "خەڵکێکی زۆر بە زمانی جیاواز سکریپت دەنووسن و بە ژیریی دەستکرد زۆر بەخێرایی وەردەگێڕدرێت."
 
هەروەها دەڵێ "کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو خشتەی وێنەگرتن دروستبکەیت، بەڵام ژیریی دەستکرد ئەوەشمان زۆر بۆ خێرا دەکات." 
 
بازاڕی فیلمی فێستیڤاڵی کان لە ساڵی 1959ـوە واتە لە خولی 13ـەیەمینی فێستیڤاڵی کانەوە هەیە، بازاڕێک کە پێی دەگوترێت دڵی پیشەسازیی سینەما و ساڵ بە ساڵ قەرەباڵختر دەبێت، هەر وڵاتێک کەمێک لە خەمی سینەمادا بێت هەوڵدەدات جێگەی خۆی لەم بازاڕە بکاتەوە.
 
سعودیە لە پاڵ 59 وڵاتی دیکە لە پاڤیلۆنەکانی بازاڕەکەن. سێ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سعودی ئەمساڵ بەشدارین لە پاڤیلیۆنەکە.
 
ئەگەرچی سێ بەشی بازاڕی ئەمساڵی کان تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر ژیریی دەستکرد لە سینەما، بەڵام بۆ وەلید و کۆمپانیا سعودییەکان نێتۆرکینگ و ناساندنی سینەمای سعودی، ئامانجی سەرەکییە. 
 
وەلید ئەلساڵحی نوێنەری کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سعودی، بە رووداوی گوت "بەڕای من کە لێرەی، دەتوانیت ئەوە پیشانبدەیت هونەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چ توانایەکی هەیە، جگە لەوە شوێنێکی زۆر باشە تاوەکو خەڵکی جیاواز لە باکگراوندی جیاواز ببینی و، ئاشنای چیرۆکی جیاواز بی لە فیلم و کولتوورەکان، هەروەها چۆن تێکهەڵکێشیان بکەین بۆ ئەوەی شتێکی باش و هاوبەش لەنێوان نەتەوە جیاوازەکان دروست بێت." 
 
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سپۆنسەری بازاڕی فیلمی کانە، ئەمساڵ لە رێگەی 18 پانێڵەوە ئەوەی پیشاندا، کە ژیریی دەستکرد لە سینەمادا دەتوانێ یارمەتیی دروستکردنی ناوەڕۆکی فیلم و بەرهەمهێنان و کەمپەینی میدیایی پرۆژە سینەماییەکان بدات و کۆمەڵێک تەکنیکی مۆدێرنیان خستە نێو هزری سینەماکاران. 
 
ئیدیسن، خاوەن کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی ئەرمینیا دەڵێ "لەم شوێنەدا دەتوانی تێکەڵەیەکی باش لە هونەری فیلمە ئەوروپییەکان، هەروەها فیلمە باشە ئەمریکییەکان ببینی."
 
رۆبێرتی ڤیکلی، دەرهێنەری فەرەنسیش لەبارەی فێستیڤاڵی کانەوە دەڵێ "زۆر باشە، چونکە دەتوانی هەموو جیهان لێرە ببینی، بۆیە زۆر باشە."
 
لە بازاڕی ئەمساڵی فیلمی کان، دەرفەت دراوەتە 14 هەزار کەسی پەیوەندیدار بە سینەما لە 140 وڵاتەوە سەردانی بازاڕەکە بکەن، بۆ ئەوەی 600 پێشانگەی جیاواز و  4000 فیلم و پڕۆژە ببینن، دەشتوانن ئامادەی 200 چالاکی تایبەت بە زانیاریی سینەما بن.