کاردانەوە جیهانییەکانی هێرشەکەی مۆسکۆ: رووسیا هەڕەشە لە ئۆکراینا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گرووپەکانی سەر بە رێکخراوی داعش لە تێلیگرام راگەیێندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر هۆڵەکەی مۆسکۆ راگەیاندووە، کە تیایدا لانیکەم 40 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بریندارن. هێرشەکە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و رووسیاش هەڕەشە لە ئۆکراینا دەکات.
هەرچەندە دەنگۆی لەئەستۆگرتنی هێرشەکە لەلایەن گرووپەکانی تێلیگرامی سەر بە داعشەوە بڵاوبووەتەوە؛ بەڵام کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ رایگەیاند، هێشتا بە تەواوی ئەوە پشتڕاست نەبووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن داعشەوە کراوە.
لە رابردووشدا چەند جارێک داعش بەرپرسیارێتیی لە چەند هێرشێک راگەیاندووە کە پەیوەندیی پێیەوە نەبووە. بەپێی پەیامێک کە بەناوی داعشەوە بڵاوکراوەتەوە، چەکدارەکانیان لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا "هێرشیان کردووەتە سەر گردبوونەوەیەکی گەورە."
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "هیچکام لە چەکدارەکانمان دەستگیر نەکراون و گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان."
کاردانەوە جیهانییەکان
یەکێتیی ئەوروپا هێرشەکەی بە "ترسناک" ناوبردووە و دەڵێت، "تووشی شۆکی کردین." هاوکات فەرەنساش سەرکۆنەی کردووە.
ئەمشەو ئاساییشی فیدراڵیی رووسیا رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، لانیکەم 40 کەس کوژراون و 100ی دیکەش برینداربوون.
میدیای رووسیا باس لەوە دەکات، چەکدارەکان کە ژمارەیان چوار کەس بووە، چوونەتە نێو هۆڵەکە، سەرەتا تەقەیان کردووە و دواتر نارنجۆکیان فڕێداوە. هەرچەندە داعش دەڵێت، چەکدارەکانیان دەستگیر نەکراون، بەڵام میدیای رووسیا باس لەوە دەکات، یەکێک لەو چەکدارانە دەستگیر کراوە.
رووداوەکە لە هۆڵێ کرۆکۆس سیتی بووە لە باکووری مۆسکۆ کە شوێنی چەند هەزار کەسێکی تێدا دەبێتەوە و بۆ کۆنسێرتی هونەرمەندە بەناوبانگە جیهانییەکان بەکاردەهێندرێت.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هێرشەکەی بە "هێرشێکی تیرۆرستیی خوێناوی" ناوبرد. هەروەها لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکان، باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
دیمیتیر پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "بەردەوام لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە زانیاری لە بارەی ئەوەی روودەدات و رێکارەکان پێدەدرێت.
هاوکات دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی رووسیا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هێرشەکە پەیوەندیی بە ئۆکرایناوە هەبێت، ئەوا رووسیا کیێڤ لەنێودەبات.
مێدڤیدێڤ لە تەلگرامەوە رایگەیاند: "ئەگەر بسەلمێنرێت کە ئەم تیرۆرستانە سەر بە رژێمی کیێڤن، ئەوا پێویستە هەموویان بدۆزرێنەوە و بێبەزەییانە وەک تیرۆرست لەنێوببردرێن،" هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "بەرپرسانی ئەو ئەو وڵاتەی کە ئەم تاوانەی کردووە" پێویستە سزابدرێن.
ئەمریکا هاوسۆزیی خۆی بۆ رووسیا راگەیاند و هێرشەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "بیرمان لای قوربانیانی ئەم هێرشە تۆقێنەرەیە. وێنەکان تاسێنەرن و سەختن بۆ بینین."
کێربی گوتیشی، هیچ "ئاماژەیەک نییە" ئۆکرایان دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت. دواتر سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رەتیکردەوە کیێڤ "هیچ پەیوەندیێکی" بە هێرشەکەی مۆسکۆوە هەبێت.
هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئۆکرایناش لە نامەیەکی تەلەگرامدا، هەواڵگریی رووسیای بە رێکخستنی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت، "هێرشە تیرۆرستییەکەی مۆسکۆ دنەدانێکی نەخشەبۆدانراو و بەمەبەستی هەواڵگریی رووسیا بوو لەسەر فەرمانی پووتین،" کە ئامانج لێی "تەشەنەسەندن و فراوانترکردنی جەنگە" لەگەڵ ئۆکراینا.
ئەو رووسیانەشی کە لە ریزەکانی ئۆکراینا شەڕ دژی ئۆکراینا دەکەن، رەتیانکردەوە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لە هێرشەکەدا هەبووبێت.
تیمەکانی فریاکەوتن بە میدیای رووسیان گوتووە: "کەسانی نەناسراو تەقەیان لە هۆڵی کرۆکۆس سیتی کردووە. دەرهێنانی خەڵک بەردەوامە."
دوای رووداوەکە، رێوشوێنی ئەمنی لە هەموو فڕۆکەخانە و وێستگەکانی شەمەندەفەری مۆسکۆ توندکران، هەورەها سێرگی سۆبیانین، سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆش رایگەیاند، هەموو ئاهەنگ و چالاکییەکانی پشووی هەفتە هەڵدەوەشێنرێنەوە.
سۆبیانین لە پۆستێکی تەلەگرامدا گوتی: "بڕیارمداوە هەموو چالاکییە وەرزشی و کولتووری و گردبوونەوەکانی دیکەی کۆتایی ئەم هەفتەیە لە مۆسکۆ هەڵبوەشێنمەوە."
وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش رایگەیاند: "پێویستە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی" هێرشەکە بکات."
گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپاش رایگەیاند، ئەوان بە هێرشە "تیرۆرستییەکە شۆک بوون."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ، دوو هەفتە لەمەوبەر، ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر هەیە لە ماوەی داهاتوودا ژمارەیەک "هێرش" بکرێنە سەر خەڵک.
باڵیۆزخانەکە 7ی ئادار لەسەر ماڵپەڕەکەی هۆشداریی دا و رایگەیاند: "باڵیۆزخانەکەمان چاودێریی ژمارەیەک راپۆرت دەکات کەوا پەڕگیرەکان پلان دادەنێن بۆ ئەوەی لە داهاتوویێکی نزیکدا هێرش بکەنە سەر کۆبوونەوە گەورەکان لە مۆسکۆ، لە نێویاندا کۆنسێرتەکان، پێویستە هاووڵاتیانی ئەمریکا لە 48 کاژێری داهاتوودا، خۆیان لە کۆبوونەوە گەورەکان بەدووربگرن."
ئەمریکا روونینەکردبووەوە لە چ سەرچاوەیەکەوە ئەو زانیارییە هەواڵگریانەی پێ گەیشتبوون.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، دوای هێرشەکەی ئەمشەوی مۆسکۆ رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا زانیاریی لە بارەی تەقەکردنەکەی مۆسکۆوە هەبێت، پێویستە پێمانی بدات."