وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هەنگاوی گونجاو بۆ لێپێچینەوە لە خراپەکاران دەگرینەبەر
رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "پاراستنی خەڵکی سڤیل و کارمەندانی ئەمریکی [لە عێراق] خاڵێکی گرنگە و ئێمە هەنگاوی گونجاو دەگرینەبەر تاوەکو ئەو کاراکتەرە خراپەکارانە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی کرد.
لە وەڵامی دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن، کاتێک لێی پرسی، چیت هەیە لەسەر میدیاکانی ئێران کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شێواندن و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لەبارەی راستییەکانی هێرشەکەیان بۆسەر هەولێر و ناوچەکەش؟ ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە شیکاریمان دەربارەی ئەمجۆرە تاکتیکی بەهەڵەبردنەی رژێمی ئێران و گرووپەکانی نزیکیان گرتوویانەتەبەر، نەکردووە، بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێن لەوبڕوایەداین پێویستە سەروەری وڵاتێکی وەکو عێراق رێزی لێبگیرێت و پاراستنی خەڵکی سڤیل و کارمەندانی ئەمریکی خاڵێکی گرنگە و ئێمە هەنگاوی گونجاو دەگرینەبەر تاوەکو ئەو کاراکتەرە خراپەکارانە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت".
دیار کوردە پرسیاری لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغدا کرد، بەڵام ڤێدانت پاتێل وردەکاری نەخستەڕوو و تەنیا گوتی، "ناتوانم لێرە باسی وردەکاری هەندێ لە هەنگاوەکان بکەم".
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ژمارەیەک سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لەوانە پەرلەمانتارێکی حیزبەکە، کۆمپانیای فلای بەغدا، بەهاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی ئێران تۆمەتبار کرد و خستنیە نێو لیستی سزاکانی.
کۆمپانیای فلای بەغدا لە وەڵامی ئەمریکادا سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و داوای خستنەڕووی بەڵگەی کرد.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سزاکان پەیوەستن بەو هەڕەشانەی کە فەیلەقی قوودس و گرووپەکانی نزیکی بۆ سەر سەربازان و کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروستیدەکەن".
بۆ بەرگرتن لەو هێرشە ئاسمانییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، دیار کوردە لەبارەی دابینکردنی سیستمی بەرگریی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە پرسیاری لە جێگری گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "تەنیا ئەو تێبینیەت دەدەمێ دیار، کە وەزیری دەرەوە، بلینکن، ئەو دەرفەتەی بۆ رەخسا هەفتەی رابردوو لە سویسرا بە کورتی قسە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و بەردەوامی هاوئاهەنگی لە بواری ئەمنیدا بێگومان بابەتێکی گفتوگۆکان بوو. هیچی دیکەم نییە رایبگەیەنم و هیچ وردەکاریشم نییە کە ئێستا باسی بکەم".
بەگوێرەی یاسای بودجەی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا کە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکەوە واژۆکرا، داوا لەم ئیدارەیە دەکات سیستمی بەرگری بە هەرێمی کوردستانی عێراق بدات، هەفتەی رابردووش بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، پشتیوانی خۆیان لە رووی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.