هێرشکارەکەی بازاڕی کریسمسی ئەڵمانیا دژە مسوڵمانێکی پەڕگیر بووە

رووداو دییجتاڵ

ئەو کەسەی لە ئەڵمانیا خۆی بەنێو ژمارەیەکی زۆری خەڵدا کرد، پزیشکێکی پەنجا ساڵی بە رەچەڵەک سعودی بووە. پێشووتر لە ئایینی ئیسلام هەڵگەڕاوەتەوە و رەخنەت تووندی لێ گرتووە. 
 
رووداوەکە لە شاری ماگدیبورگ روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج کەس و بریندار بوونی 200ـی دیکە. هاووڵاتییانی شارەکە بۆ ئاهەنگگێڕان چووبوونە دەرەوە، بەڵام خۆشییەکەیان لێ بووە شین. 
 
یولیا رایس، هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و لەو کاتەدا لەشوێنی رووداوەکە بووە و دەڵێت، "کاتێک هاتمە دەرەوە تەنیا ئۆتۆمبێلی پۆلیسم بینی و تیمی فریاگوزاری هاتن، من لە ژێر شۆکدا بووم نەمدەزانی روو لە کوێ بکەم، دایکم قسەی بۆ نەدەکرا پێمگوت هەناسە بدە، شتێک بکە. هیچ هاواری نەدەکرد هیچ قسەی بۆ نەدەهات. زۆر ترسناک بوو خەڵکەکە تەنیا رایان دەکرد لە نێویاندا خەڵکم دەبینی هاوکاریی بریندارەکانیان دەکرد، ئارامیان دەکردنەوە. منداڵان هاواریان دەکرد هاواری دایک باوکیان دەکرد، ئەو وێنەیەم لە بیر ناچێت".
 
تۆمەتبارەکە لە شاری بێرنبورگی نزیک ماگدێبورگ ژیاوە. هەرچەندە بازاڕەکە بە بەربەستی کۆنکرێتی پارێزرابوو، بەڵام تۆمەتبارەکە بەشێکی بچووکی چۆڵی دۆزیبووەوە و لەوێوە خۆی بەنێو خەڵکیدا کردبوو.
 
فریدەمان، شایەتحاڵی رووداوەکە بووە و باس لەوە دەکات،"هەرچەندە وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆشداری داوە و ئاگاداربوون و دەیانزانی ئەو کەسە مەترسیدارە، بەڵام هیچ ناکەن لەم وڵاتە بۆ پاراستنی ئاسایشمان. هیچ ناکەن". 
 
رۆژێک دوای رووداوەکە، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی فیدراڵی و راینەر هازەڵۆف، سەرۆکوەزیرانی ساکسۆن - ئانهاڵت سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد. 
 
بەرپرسانی ئەڵمانیا داوای سزادانی تۆمەتباریان کرد، بەڵام هۆشدارییان دا نابێت رووداوەکە درز بخاتە نێو خەڵکی ئەڵمانیا.
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە شوێنی رووداوەکە گوتی: "هیچ شوێنێک نییە هاوشێوەی بازاڕی کریسمس کە شوێنێکی ئاشتیخوازبێت. لێرە خەڵک کۆدەبنەوە. چەند رۆژێکی دیکە چەژنی کریسمە، کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی نەک تەنیا بەیەکەوە بن، بەڵکو بۆ ئاهەنگگێڕان و خواردنەوەی مەی و خواردنی سۆسج.چ کردەوەیەکی ترسناکە بەو دڕندەییەی ئەو هەموو خەڵکە لەوێ بریندار بکەیت و بیانکوژیت. ئێمە هەموومان دەبێت هاوسۆزی خۆمان بۆ کەسوکار و بریندارانی شاری ماگدێبورگ نیشان بدەین. ئیمە دەبێت لێرە پێکەوە بووەستین".
 
هێرشکارەکە بە ڕەچەڵەک سعودی بووە نزیکەی 20 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و مافی پەنابەری هەمیشەیی هەبووە. 
 
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەڵێن، رەنگە لەژێر کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان تاوانەکەی کردبێت.