پۆلیسی ئەڵمانیا: هێرشکارەکەی بازاڕی کریسمس لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی سعودی ناڕازیبووە

رووداو  دیجیتاڵ 

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەو کەسەی شەوی رابردوو بە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕێکی کریسمس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە 5 کەسی کوشت و زیاتر لە 200ـی دیکەی بریندارکرد، لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ پەنابەرانی سعودیە ناڕازیبووە. 
 
هێرشکارەکە لە شاری ماگدێبورگ بە ئۆتۆمبێلێکەوە بە خێرایی زۆر خۆی بە نێو ژمارەیەکی زۆری خەڵک دا کرد. 
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، هۆرست ڤاڵتەر نۆپێنس، داواکاری گشتیی هەرێمی ساکسۆنیا ئانهاڵت رایگەیاند، هێرشکارەکە لە "شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی سعودی لە ئەڵمانیا ناڕازی بووە" و پێیانوایە ئەوە پاڵنەری پشت هێرشەکەیە. 
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ شەممە، هێرشەکەی سەرکۆنەکرد. 
 
هێرشکارەکە کەسێکی دژە ئیسلامی لایەنگری ئیسرائیلە کە پزیشکێکی دەروونیی تەمەن 50 ساڵی بە رەچەلەک سعودییە.
 
پۆلیس هەر  هەمانکات لە شوێنی رووداوەکە، هێرشکارەکەی دەستگیرکرد. 
 
ئەمڕۆ، شۆڵتز بە جلی رەشەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی وڵاتەکەی سەردانی شوێنی هێرشەکەیان کرد و گوڵیان لە بەردەم کەنیسەیەک دانا. 
 
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، 40 لە برینداران لە دۆخێکی "نیگەرانکەر"دان. 
 
شۆڵتز گوتی، وڵاتەکەی "بە هەموو هێزی یاساوە" وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە. هەروەها داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، یەکگرتوو بن، لە کاتێکدا پرسی کۆچبەران و ئاساییش بووەتە تەوەرێکی مشتومڕهێنی کۆمەڵگەی ئەڵمانی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە شوباتی ساڵی داهاتوو.
 
راوێژکارە چەپڕۆوە میانڕۆوەکە گوتی، گرنگە "پێکەوە بین، شان بە شانی یەکدی بوەستینەوە. رق و کینە بڕیار لەسەر پێکەوەژیانی ئێمە نادات، بەڵکو ئێمە کۆمەڵگەیەکین بە دوای داهاتوویەکی هاوبەشدا دەگەڕێین".
 
شۆڵتز هێرشەکەی بە "زۆر خراپ و شێتانە" ناوبرد، بەڵام سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ ئەو هاوسۆزییە دەربڕی کە وڵاتانی سەرانسەری جیهان بۆ ئەڵمانیا پێشانیاندا.  
گوتیشی: "باشە کە گوێمان لێدەبێت ئێمەی ئەڵمانی لە بەردەم ئەم کارەساتەدا بە تەنیا نین".
 
تێڕوانینی دژە ئیسلامی 
 
ناوی هێرشکارەکە تاڵب جەواد عەبدولموحسنە و لە ساڵی 2006ـەوە لە ئەڵمانیا دەژیت، مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی وەرگرتبوو و لە نۆرینگەیەکی نزیک ماگدێبورگ کاری دەکرد.
 
هێرشکارەکە بێباوەڕبوونی خۆی بە ئیسلام راگەیاندبوو و وەک چالاکڤانێک یارمەتیی ئەو ژنە سعودییانەیان دەدا کە هەوڵی جێهشتنی سعودییەیان دەدا. لە هەژمارەکانییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێرشکارەکە قسەی تووندی لە دژی ئیسلام دەکرد و بەرگریی لە ئیسرائیل و راستڕۆیە تووندڕۆوەکان دەکرد. 
 
تاڵب جەواد عەبدولموحسن ئەڵمانیای بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پلانی هەیە هەموو ئەورووپا بکاتە کیشوەرێکی ئیسلامی، هەروەها حکومەتی ئەڵمانیای بە ستەمکردن و ناپاکیکردن لە ئۆپۆزیسیۆنی سعودی تۆمەتبار دەکرد. 
 
پێش ئەوەی پۆلیس پاڵنەری پشت هێرشەکە ئاشکرا بکات، نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا گوتی، هەرچەندە جارێ نازانێت پاڵنەری پشت هێرشەکەی چییە، یەک شت پشتڕاستکراوەتەوە، ئەویش ئەوەیە هێرشکارەکە "تێڕوانینی دژە ئیسلامی هەبووە."
 
میدیای ئەڵمانیاش باس لەوە دەکات، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لە پشکنینی سەرەتاییدا دەرکەوتووە کە ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە.