پلانی دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا بۆ ساڵی 2025
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا بەریتانیا لە چەند ساڵی رابردوودا لە میدیای جیهانی و کوردیدا زیاتر بە قەیرانی کۆچبەران و کێشە یاساییەکانی ناسراوە، بەڵام راستییەکی گرنگی ئەم وڵاتە ئەوەیە کە یەکێکە لە کاریگەرترین ناوەندەکانی دیاسپۆرای کوردی. دوای ئەڵمانیا، بەریتانیا دووەم گەورەترین کۆمەڵگەی کوردی لە ئەورووپا لەخۆدەگرێت.
رووداو لە شاری بێرمینگهام، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی دیار و پسپۆڕی کوردی بەریتانیا کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستا و داهاتووی کوردانی بەریتانیا دەکەن.
ئەم دیاسپۆرایە نەک تەنیا لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی بەریتانی هەیە، بەڵکو پردێکی گرنگی پەیوەندی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستانیشە. زۆربەی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە خاوەن پیشە و بڕوانامەی باڵان و کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان و بەم دواییانەش لە بەشەکانی دیکەی کوردستان.
میوانەکانی ئەم بەرنامەیە بریتین لە: محەممەد جەلال بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا و نزار وەیس، پارێزەر و شارەزای یاسایی و شەوبۆ محەممەد پسپۆڕی بواری زمان و پەروەردە و د. ئیدریس بەدرخان، توێژەر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و ئاوات دەرگەڵەیی، شارەزای دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا.
دەقی بەرنامەکە:
هێمن عەبدوڵڵا: مامۆستا محەممەد لەماوەی ئەم یەک ساڵەدا لە دۆخی کوردی بەریتانیا چی گۆڕاوە؟
محەممەد جەلال بەرزنجی: سەرەتا بەخێرهاتنی جەنابتان دەکەم لەگەڵ ئەو تیمە جوانەی هاتوون. بەڕاستی گرنگیدانی ئێوە بە دیاسپۆرای کوردی و بەتایبەت بەریتانیا جێی هەموو رێز و پێزانینێکی ئێمەیە. ئەگەر بیرت بێت، ساڵی پار نەهامەتییەکانمان لەسەر ئەوە بوو، ئایا کۆچبەری کورد بەرەو کوێ دەڕوات، بەرەو چ وڵاتێک دیپۆرت دەکرێتەوە، ئایا رواندایە یان وڵاتەکەی خۆیەتی کە هەرێمی کوردستان یان سێ پارچەکەی تری کوردستانە. چەند کەسمان خنکاوە، چەند کەس لەڕێگەن، ناڕەحەتی و دوودڵییەکی زۆرمان هەبوو. بەداخەوە پەنابەران لەو کاتە خەمی ئەوەیان بوو دیپۆرت نەکرێنەوە، خەمی ئەوەیان بوو نەیاندەتوانی لە ماڵی خۆیان بە شەو بخەون. بەڵام لەدوای ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە سیستمی حوکمڕانی ئەم وڵاتە روویدا، پارتی کرێکاران هاتووەتە سەر حوکم، دەتوانم بڵێم دەرگایەکی باش کراوەتەوە بۆ تەواوی ئەو کەسانەی کە نابەریتانین یان ئەو کەسانەی لە دەرەوەی بەریتانیاوە دێن لێرە دەژین. بۆ پەنابەرانیش بە هەمان شێوە، ئێستا ئەمان نەرمترن. ئەو هەڕەشانەی حکومەتی پێشوو دەیکرد لە پەنابەران، ئەمان نەرمتر مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، نەرمتر هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخەکان دەکەن. کاریگەری ئەمان زیاترە لەسەر ئەوەی مەبەستیانە هەلی کار زیاتر لەم وڵاتە بڕەخسێت. خەڵکێکی باش کەیسەکانیان بە خێرایی یەکلایی کراوەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی کەیسەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە و شەش مانگ بۆ ساڵێک تێپەڕ بووە بەسەر بوونیان لەم وڵاتە، ئێستا دەتوانن لەم وڵاتە کار بکەن، مافی کارکردنیان پێدەدرێت، کە ئەمە پێشتر تۆزێک زەحمەتتر بوو. دەربارەی خۆشمان وەکو کورد، ئێمە لەناو کوردەکانی خۆمان بەڕاستی لە ساڵی پار و کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا، خەونمان ئەوە بوو کۆمەڵێک پلاتفۆرم دروست بکەین و بتوانین سێکتەرە جیاوازەکان لەناو پلاتفۆرمێکدا کۆبکەینەوە. دەتوانین دڵخۆشبین بەوەی توانیومانە پلاتفۆرمی پەروەردە دروست بکەین بۆ مامۆستایانی کورد لە وڵاتی بەریتانیا، ئەوانەی کە زمانی کوردی دەڵێنەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەمە هەمووی ئەم ساڵ روویداوە؟
محەممەد جەلال بەرزنجی: بەڵێ، هەمووی ئەم ساڵ روویدا. ئەوانەی کە جەنابت فەرمووت، بەڵام لە ئەم ساڵدا توانیومانە پلاتفۆرمی تەندروستی دروست بکەین بۆ دکتۆرەکان و ئەوانەی لە NHS کار دەکەن، لەوێدا کۆببنەوە و ئەمانە هەموو کۆنفرانسیان هەیە لە مانگی یەک و دوو و سێدا. دیسان هەوڵ بۆ پلاتفۆرمەکانی تر دەدرێت. پلاتفۆرمی بازرگانیمان دروستکردووە و کۆنفرانسیان بەهەمان شێوە لە مانگی یەکدا هەیە. هاوئاهەنگییەکی باش لە نێوان بازرگانانی کوردستان و ئێرە دروستدەکەین بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەندییەک لەو نێوانەدا دروستبێت. دانەیەکی تریش کە پلاتفۆرمی مرۆییە، ئەوەشمان دروستکردووە. مەبەستمانە گەنجی ئێمە و خەڵکی ئێمە لەم وڵاتە تەنیا لە بوارە، با بڵێین ئاستە نزمەکەدا کار نەکەن. ئەم دەرفەتەی پارتی کرێکاران کردوویەتییەوە، دەمانەوێت لەڕێگەی ئەوانەوە، لەڕێگەی پارتی کرێکاران و لەڕێگەی حکومەتە خۆجێییەکانەوە خەڵکمان هەبێت. کەسی باش ببەینە پێشەوە و لەڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە بۆ پەرلەمانی بەریتانیا. خەونمانە بەڕاستی و کارمان لەسەری کردووە. هەروەها لەڕێگەی ئەنجوومەنە خۆجێییەکانیشەوە بتوانین خەڵکانێکی باش ببەینە پێشەوە و ئەندامی ئەنجوومەنمان بە شانازییەوە لەمەودوا زیاتر بێت لە بەریتانیا.
هێمن عەبدوڵڵا: دەمەوێت دواتر زۆر لەسەر ئەوە قسە بکەین کە ئەو پلانانە چۆن جێبەجێ دەکرێن. خەونن، بەڵام میکانیزمێکیان دەوێت. کاک ئاوات، بەڕێزیشت وای دەبینی کە بەڕاستی ئەوەی ئێستا پارتی کرێکاران هاتووە، کەواتە دەبێت دەستمان بخەینە ژێر سەرمان و کوردی بەریتانیا دۆخی زۆر باشە، تەواو؟
ئاوات دەرگەڵەیی: بەڵێ، سەرەتا منیش سوپاستان دەکەم بۆ ئەم بەرنامەیە. راستییەکەی، ئەگەر تەماشای پارتی کرێکاران بکەیت کە ئێستا هاتووەتە دەسەڵات یان هەر پارتێکی تر لە بەریتانیا، دەکرێت لە دوو روانگەوە شرۆڤە بۆ بابەتەکە بکرێت. یەکەمیان ئەوەیە کورد لەناو بەریتانیا، ئایا پارتی کرێکاران باشترە یان پارێزگاران بۆ کورد. پێم وایە ئەمەیان بابەتێکە لەوانەیە هەڵسەنگاندن یان بەراوردکردنی تۆزێک ئاسان نەبێت، چونکە چەندین کەمینەی نەتەوەیی دیکە هەن لە بەریتانیا. سیاسەتێکی داڕێژراو و تایبەت نییە بۆ هەموو کەمینە نەتەوەییەکان کاتێک حیزبێک دێتە دەسەڵات، بەڵام وەکو مامۆستا باسی کرد، بەشێکی هەرە زۆری راستە، ئەو رووداوانەی لە دوای هاتنی پارتی کرێکاران بۆ دەسەڵات، گۆڕانکارییەکان دیارن. بابەتی رواندا کۆتایی پێهاتووە و لە بەرامبەردا ئێستا ئەم حکومەتە رێککەوتووە لەگەڵ وڵاتانی تر، بە کوردستان و عێراقیشەوە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی هاتنی کۆچبەران و پەنابەران. بەڵام لایەنێکی تر ئەوەیە بەریتانیا بە شێوەیەکی سیستماتیک، وڵاتێکی دامەزراوەییە کە دیموکراسییەت باڵاترین دەسەڵاتە تێیدا. هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە ببێتە بەشێک و بەشداربێت لە پرۆسەی سیاسی لە بەریتانیا، ئەمە بۆخۆی دەرفەتێکە بۆ کوردەکانی ئێمەش. دەرگا کراوەتەوە کە جێی دەستخۆشییە. لە هەمان کاتدا هاندانی ئێمەیە، بەتایبەتی نەوەی یەکەم کە هاتوونەتە بەریتانیا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە نەوەکانی داهاتوومان زیاتر پەرە بە خوێندن و کاری باڵاتر بدەن، بۆ ئەوەی بتوانین دیاسپۆرای کوردی و نەتەوەی کوردی باشتر لە بەریتانیا لەسەر ئاستی بەراورد بە نەتەوەکانی تر بناسێنین و بتوانین کاریگەریمان هەبێت. بەڵام لە روانگەیەکی ترەوە، ئەگەر باسی کورد و کوردستان و هەرێمی کوردستان بکەین، پێم وایە بەریتانیا بە شێوەیەکی گشتی و پارتی کرێکاران پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. لە هەمووی دڵخۆشتر و باشتر ئەوەیە، رێز لە بوونی هەرێمی کوردستان دەگیرێت وەکو هەرێمێکی فیدراڵی، کە جێی دەستخۆشییە. لە هەمان کاتدا پێویستی بە پشتگیری زیاترە. سەردانی ئەم دواییانەی وەزیرێکی باڵای حکومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەرچەندە بابەتەکە زیاتر بۆ پەیوەندی باشترکردن و رێککەوتن لەسەر بابەتی پەنابەران بوو، بەڵام مانەوەی ئەم وەزیرە لە هەرێمی کوردستان و گەڕان بە ناو شاری هەولێر و شوێنەکانی تری هەرێمی کوردستان، پێم وایە جگە لە دیتنی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی ترە کە پێمان دەڵێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.
هێمن عەبدوڵڵا: کەواتە پێتوایە ئەگەر پارتی پارێزگاران بووایە ئەمە رووینەدەدا؟
ئاوات دەرگەڵەیی: پارتی پارێزگارانیش بەهەمان شێوە پەیوەندی هەبوو، بەڵام ئەوەی کە جێی دەستخۆشییە بۆ ئێمە و ئەوەی تێبینیمان کردووە، لەناو پارتی کرێکاران دەرکەوتنی کورد زیاترە. وەکو مامۆستا باسی کرد، ئێمە زیاتر لە 35، ئەوەی کە ئێستا تۆمار کراوە ئەندامی شارەوانیمان هەن.
هێمن عەبدوڵڵا: 35 ئەندامی شارەوانی لە بەریتانیا، هەمووشیان سەر بە پارتی کرێکارانن؟
ئاوات دەرگەڵەیی: لەمانە لە سەدا 95ـی سەر بە پارتی کرێکارانن. لە هەمان کاتیشدا، با لەبیریشمان نەچێت یەکەم جارە لە مێژووی کوردستاندا لەناو پارتی کرەکاران کەسێکی کورد ئێستا وەزیرە، کە ئەمەشیان کوردی باکوورە. بەڕاستی ناکرێت ئەمە لەبەرچاو نەگیرێت. دەتوانم بڵێم هەردوو حیزبەکە پشتگیرییەکی باشی هەرێمی کوردستان دەکەن و پەیوەندییەکی تایبەتیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. بەڵام ئەوەی جیاوازە لە پارتی کرێکاران، با بڵێین لە رووی روانگەی ئایدیۆلۆجیشەوە جیاوازە، لەبەر ئەوەی حیزبێکی چەپی ناوەندە یان لەڕووی چەپەوە لە سەنتەری بابەتەکانەوە تەماشای دۆخەکە دەکات. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ئەوان هەرێمی کوردستان لە مێژە دەناسن. لەبیرمان نەچێت مێژووی تۆنی بلێر مێژوویەکی کۆنە لەسەر پارتی کرێکاران.
هێمن عەبدوڵڵا: با لەسەر دیاسپۆرای کوردی زۆرتر بمێنینەوە. کاک نزار، بەڕێزت پارێزەریت، ئێستا ئەوەی کە گوێمان لە مامۆستا محەممەد و لە کاک ئاواتیش بوو، دۆخەکە باشتر بووە، پارتی کرێکاران هاتووە، مەسەلەی رواندا نەماوە. هەستدەکەم ئەگەر ئەو دۆخە وابێت، دەبێت بەڕێزت ئیشت نەمابێت ئێستا، وا نییە؟
نزار وەیس: بەڵێ، پێشەکی بەخێرهاتنی بەڕێزت و بەرنامەکەتان دەکەم. سوپاسی کاک محەممەد و کاک ئاوات دەکەم. هەڵبەتە ئەوان لە چەمکێکەوە سەیری بەرنامەی ئەم حیزبە دەکەن، بەڵام لە چەمکی یاساییەوە، خودی یاسا چەمکی سۆزداری نییە. هەروەها ئەمە شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو سیستمی دەسەڵاتی ئێرە، سۆزداری نییە. هەر حیزبێک بێتەسەر دەسەڵات، بەرنامە و پرۆگرامی خۆی هەیە بۆ گۆڕانکاری و هێنانی هەندێک پرۆژە. لەم کات و ساتانەشدا کە زیاتر چەپڕەوەکان لەژێر گوشاری راستڕەوەکانن و زۆربوونی ژمارەی پەنابەران و ئەو گرنگییەی کە بە پەنابەران دەدرێت، کێشەیەکی دروستکردووە بۆ ئەو حیزبەی کە دێتەسەر دەسەڵات. هەوڵدەدەن بە شێوازێک لە شێوازەکان ژمارەی پەنابەران کەمبکەنەوە. ئەم بەڵێنانە هەر هەبووە لە سەرەتاوە. رێژەکە گەیشتووەتە ئەوێ، پەنابەر تەنیا پەنابەری نایاسایی نییە، پەنابەری یاساییشمان هەیە. رێژەکە ئەم ساڵ گەیشتووەتە سەروو ملیۆنێک کە ئەمە لەلای ئەمان قبووڵکراو نییە. بۆیە گوشارێکی زۆر لەسەر پارتی کرێکاران هەبوو. بەدڵنیاییەوە، یەکێک لەو کارەکتەرانەی کە لەناو پارتی کرێکاراندا بوو، دەیڤد بلانکێت بوو کە وەزیری ناوخۆی ئەوکات بوو. یەکێک بوو لەو وەزیرانەی کە زۆرترین پەنابەری ناردووەتەوە و ئێستاشی لەسەر بێت، هەر پارتی کرێکاران بەوە ناسراوە کە زۆرترین پەنابەر دەنێرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، میکانیزمی خێراکردنی کارەکانیان لەسەر پەنابەران هەیە. هەر نموونەی ئەم دواییەش ئەو پەیوەندییە بوو کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم دروستیانکرد، پەیوەندییەک کە لەڕووی یاساییەوە ناتوانن بڵاوی بکەنەوە، چونکە بابەتی ئەمنی و یاسایی تری هەیە و نەبووەتە پرۆتۆکۆڵێک، بۆیە پەیوەندییەکە بەستراوە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئیشەکانی ئێوە وەکو خۆی ماوەتەوە، هێشتا کێشەی زۆر هەن لەڕووی یاساییشەوە؟
نزار وەیس: من زیاتر لە بواری پەنابەری کارناکەم، من لە بواری تاواندا کاردەکەم. لەم وڵاتەشدا تەنیا کورد نییە کە تاوان دەکات، هەڵبەتە نەتەوەکانی تریش تاوان دەکەن.
هێمن عەبدوڵڵا: دەمەوێت دواتر لەسەر ئەمە راوەستین، چونکە ئێمە بەڵگەفیلمێکمان بۆ کارێک هەر بۆ دیاسپۆرا هێناوەتە ئێرە. ماوەیەک پێش ئێستا مامۆستا محەممەد میوانمان بوو لە بەرنامە، گوتی لە ماوەی مانگێکدا خەڵکێکی یەکجار زۆری کورد گیانیان لەدەستداوە. ئێستا هاتووین چەند رۆژە لێرە دەبین، لە بەرنامەکانی داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە. بەڵام لە تەنیشتەوە مەسەلەی تاوانیشمان بینی. یەکێک قسەی بۆ کردووین، دەڵێت لە یەکێک لە زیندانەکانی ئێرەدا شارێکە چل کوردی بینیوە تێیدا، کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەورەیە بۆ دیاسپۆرایەکی با بڵێین زۆر زۆر گەورە نا، لە چاو بەریتانیا. دەمەوێت دواتر زۆرتر لەسەر ئەمە راوەستین. کاک دکتۆر، پێش ئەوەی ئەم بەرنامەیە دەست پێ بکەین، شتێکت پێگوتم کە بەڕاستی گەلێک سەرنجڕاکێش بوو. شێوازی بیرکردنەوەی کوردەکان لێرە چۆنە، چۆن دەژین، چی دەکەن، دەیانەوێت کورسی ئەنجوومەن وەربگرن یان باشترە بە شێوازێکی دیکە کار بکەن کە کاریگەرییان زیاتر بێت؟ تکایە ئەو مەسەلەیە بۆم روون بکەرەوە.
د. ئیدریس بەدرخان: بەڵێ، سوپاس بۆ پێشوازیکردن و ئەم بەرنامەیە، سوپاسی کاک محەممەد دەکەم بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. من ماوەیەکی درێژ نییە لێرەم، بەڵام زۆر گەڕاوم و خەڵکێکی زۆرمان بینیوە، بەتایبەتی لە بواری پیشەسازی، ئەندازیاران، دکتۆر و خەڵکی دیکەش. بەڵام راستییەکەی، ئەوەی من دەیبینم، ئێمە هێشتا بیرکردنەوەیەکی پێشکەوتوومان نییە. زۆربەی خەڵکی ئێمە خۆیان وەک میوان دەبینن و دەڵێن رۆژێک دەگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان. راستە رۆژێک دێت دەگەڕێینەوە، بەڵام جیهان بچووکبووەتەوە. من دەڵێم نەک تەنیا خەڵکی ئێرە، خەڵکی وڵاتەکەشمان دەتوانن بێن لێرە کاربکەن و پیشەسازی بکەن، نەک تەنیا بۆ دەستخستنی پارە. ئەم وڵاتە زۆر پێشکەوتووە، سیستەمەکەی پێشکەوتووە، لەڕووی زانستی و پیشەسازیشەوە پێشکەوتووە. با بێن لێرە کاربکەن، سیستەمەکە فێر ببن. بەداخەوە ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستی گەلەکەمانە لە دیاسپۆرادا باش بەکاری ناهێنین. هەموو شت پارە نییە، کارێکی بێ بنەمایە. واتە شتێکت هەبێت، با بڵێین کامێرا کە تۆمار دەکات، یان ئۆتۆمبێل کە لێیدەخوڕیت، تۆ ئۆتۆمبێلێکت کڕیوە و لە ماڵەوە داتناوە و بەکاریناهێنیت. کامەران بەدرخان لە پاریس ماڵێکی کڕی، ئەو ماڵە ئێستا بووە بە ماڵی کورد. نوێنەرایەتییەکی باش دەکات. واتە هەرچیت هەیە دەبێت بەکاریبهێنیت. بەداخەوە ئەو دەرفەتانەی لە دەستی کوردی دیاسپۆرادا هەن، زۆر کەم بەکاردەهێنرێن. بەڵام من باوەڕم وایە لەمەودوا ئەمە دەگۆڕدرێت، واتە چاوی خەڵک زیاتر دەکرێتەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: من لە سەرەتای بەرنامەکەشدا گوتم، تۆ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کاردەکەیت، ئۆکسفۆرد پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بەڵام ئێمە تەنیا باسی کاری ئەکادیمی ناکەین لێرە. دەمەوێت بزانم هێزی مرۆیی کوردی ئەکادیمی و بوارەکانی تر، وەکو ئەندازیار بۆ نموونە، تا چەند گەورەیە لە بەریتانیا؟
د. ئیدریس بەدرخان: بەڕاستی زۆر گەورە نییە، بەڵام من دەتوانم بڵێم کوردی ئەندازیارمان هەن، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتەوە. ئێمە دەزانین زانکۆکانی رۆژهەڵات و ئێران باشن، بەڵام هێشتا بەو رادەیە پێشکەوتوو نین. کاتێک باسی سەرکەوتن دەکەین، بۆ نموونە وەکو دووبەی، من 10 ساڵ لە بواری ئەکادیمیدا لە ئەبوزەبی کارمکردووە. کاتێک دەڵێیت شوێنێک سەرکەوتووە، دەبێت سەیری چەند لایەنێک بکەیت: زانکۆکانیان چەند پێشکەوتوون، پیشەسازی و کۆمپانیاکانیان چۆنن. بۆ نموونە ئیمارات، زانکۆکانیان لە ریزبەندی 50-60 دان. لێرە لە بەریتانیا، کوردەکانی ئێمە کاری ئەندازیاری دەکەن، لەم باڵەخانە گەورانەشدا ئەندازیاری کوردمان هەیە. پڕۆژە بۆ ئەمریکا، ئەوروپا و کوردستانیش جێبەجێ دەکەن. بەڵام ئەمە دەبێت زیاتر پەرەبسەنێت. بەداخەوە، جارێکیان کۆبوونەوەیەک کرا، وەکو کاک محەممەد باسی کرد، بەڵام لێرە خەڵک سەرقاڵی سیستەمێکن، زۆربەیان وەک خۆبەکارخەر (self-employed) کار دەکەن، زیاتر کاتیان هەیە، بەڵام ئەندازیارێک کە بۆ کەسێکی تر کار دەکات، کاتی زۆر کەمە. من بیست کەس دەناسم کە کاتێک ئەندازیار بووم لە 98-99، ئێستاش کاری ئەکادیمی و پیشەسازی دەکەم. ئەگەر ئەندازیاری شارستانی یان تەلارسازی بیت، دەبێت لە مەیدان بیت، سیستەمە نوێیەکان بزانیت. پێشنیازی من ئەوەیە، ئەم کەسە سەرکەوتووانەی ئێمە دەتوانن پێشوازی لە خەڵک بکەن و رێگە نیشانبدەن. کورد چۆن سەرکەوتوو بووە، با نموونەی خۆیان باسبکەن. من باوەڕم وایە ئەمە دەبێتە رێنماییەکی باش بۆ هەموو کوردەکانی تر، بەتایبەتی گەنجەکانمان. دەبێت هەر هەفتەیەک پێشوازی لە گەنجان بکرێت. گەنجێک دەڵێت "با ببمە دکتۆر، لە بەریتانیا دکتۆر سێ هەزار پاوەند وەردەگرێت، بۆچی ئۆتۆمبێل بفرۆشم بە سێ هەزار پاوەند؟" ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە. هەموو شت پارە نییە - تۆ کە دەبیتە دکتۆر، دەتوانیت کاریگەریت هەبێت لەسەر ژیانی خەڵک. دەتوانیت دکتۆریش بیت و ئۆتۆمبێلیش بفرۆشیت.
هێمن عەبدوڵڵا: شەوبۆ خان، ئەوەی ئێستا کاک دکتۆریش باسی کرد. دەمەوێت وەکو خاڵێکی گفتوگۆکردنمان بێت. دواتریش لەسەر ئایندە، دیاسپۆرای کوردی لێرە و لە هەموو شوێنێک تەنیا ئەو کاتە دەمێنێت کە منداڵەکانمان کوردی بزانن. دەبێت زمانی خۆیان لە بیر نەچێت، کولتووری خۆیان لە بیر نەچێت. لە ئەمریکا ئیتاڵی هەن، ئیتاڵی-ئەمریکین، بەڵام زمانی خۆیان نازانن. هەندێک نەریتی کولتوورییان هەیە، دەزانی ئەمانە وابوون بەڵام تواونەتەوە. ئەم ساڵ چی کراوە بۆ ئەوەی کە نەتوێینەوە لێرە؟ ئەو میتۆدەی کە لەسەری دەڕۆن بۆ فێرکردنی کوردی، تەنیا سۆرانی فێردەکەن یان کرمانجیش هەیە؟
شەوبۆ محەممەد: سۆرانی زیاتر بەرجەستە دەکرێت و دەگوترێتەوە، لەبەرئەوەی ژمارەی ئەو مامۆستایانەی کە زمانی کرمانجی دەزانن کەمن. لە بەرنامەماندا هەیە کە زمانی کرمانجیش بگوترێتەوە، بەڵام ئێستا بەپێی پێویست کار بۆ کرمانجی نەکراوە، زیاتر سۆرانییە. لە بەرنامەماندا هەیە کە زیاتر پەرەبدەین بەوەی کە مامۆستای زمانی زاراوەی کرمانجی پێبگەیەنین و پەیدا بکەین و وانەی کرمانجیش بگوترێتەوە. چونکە لەسەر ئاستی بەریتانی، کاتێک باسی دەکەین، شارەوانییەکان دەڵێن "باشە زمانی کوردی تەنیا بریتییە لە سۆرانی؟" ئێمەش گوتمان نەخێر، ئێمە کرمانجیشمان هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی ژمارەی پێویستی مامۆستایان نەمانتوانیوە ئەو خزمەتگوزارییە لە ناو خوێندنگەکاندا جێگیر بکەین.
هێمن عەبدوڵڵا: کە پارتی کرێکاران هاتووەتە سەر دەسەڵات، هیچ گۆڕانکارییەکی کردووە لەوەی کە بۆ ئێوە ئاسانتربێت خوێندنگە بکەنەوە؟
شەوبۆ محەممەد: زیاتر ئێمە لەسەر ئاستی شارەوانییەکان دەبێت قسەبکەین. لە هەندێک شارەوانی پارتی کرێکاران باڵادەستە، بۆ نموونە لە لەندەن، لە شارەوانی ئیسلینگتن. پارتی کرێکاران لەوێ باڵادەستە و گرنگییەکی زۆر بە زمانی دایک دەدرێت. بەڕاستی لەوێ تەنانەت بڕە پارەیەکی ساڵانەیان دابینکردووە بۆ ئەو کەسانەی کە زمانی دایک دەڵێنەوە. ئەوەش لەسەر دەستی پارتی کرێکارانە. ئەگەر بەراوردی بکەین بە شارەوانییەکانی تر، ئێمە لەڕێگەی پلاتفۆرمی پەروەردەوە نەک تەنیا گرنگی بە زمانی دایک و زمانی کوردی دەدەین، بەڵکو هەوڵدەدەین گەنجەکان بەرەو خوێندن بڕۆن. دەمانەوێت لەو کارە نایاساییانە دووریان بخەینەوە کە ئێستا دەیکەن. لەوانەیە بۆ کورتخایەن باشبن، بەڵام لە درێژخایەندا زیانێکی زۆریان پێ دەگەیەنن. من ئەم پەیامەم بۆ گەنجان هەیە، تەنانەت خولی ئینگلیزیشمان بێ بەرامبەر کردووەتەوە بۆ ئەو گەنجانەی کە دێنە ئێرە، بۆ ئەوەی بەرەو خوێندن بڕۆن. یەکەم شت ئەوەیە زمانەکە فێرببن، دواتر دەتوانن بەرەو خوێندن بڕۆن. زۆربەیان دکتۆرا و بڕوانامەی بەرزیان هەیە، بەڵام لێرە لە قاوەخانە یان لە کارگەیەک کاردەکەن. بەڕاستی دڵم دەسووتێت بۆیان. ئەمەش پێویستی بە کارێکی جددی هەیە. من سەردانی چەند هۆتێلێکم کردووە، پەنابەری وامان هەیە گەنجن و بڕوانامەی زۆر باشیان هەیە، بەڵام لێرە پەنابەرن و ناچارن ئەو کارە نایاساییانە بکەن. ئێمە دڵمان بە گەنجی وڵاتەکەمان دەسووتێت. کاری ئێمە تەنیا زمانی کوردی و پلاتفۆرمی پەروەردە نییە، ئەرکەکانمان زۆر قورسترە. دەبێت باس لەوەش بکەین کە چۆن ئەمانە بەرەو خوێندن و خوێندنی باڵا ببەین.
هێمن عەبدوڵڵا: مامۆستا محەممەد، وەکو کاک ئاوات باسی کرد، زیاتر لە سی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی هەیە، وەزیر هەیە، پارێزگاریش هەبووە - پارێزگاری کورد وەکو شێخ سەرباز بەرزنجی. چی کراوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەوانە، کۆکردنەوەیان، یەکخستنیان، بۆ ئەوەی بتوانن گوشار دروست بکەن کاتێک باسی کورد لە بەریتانیا دەکرێت؟
محەممەد جەلال بەرزنجی: لەڕاستیدا ئێمە کێشەیەکمان هەیە وەکو کورد پەرتەوازەین، نموونەمان هەیە لە زۆربەی وڵاتەکان و بەریتانیاش. ئەوەی ئێمە دەستمان پێکردووە یەکگرتنەوە یان نزیکبوونەوەیە لە یەکدی. خەونی ئێمە ئەوەیە لە بەریتانیا، بۆ نموونە کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا لەپێشدا لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی خۆمان، ئێمە سەر بە هیچ حیزبێکی کوردی نین. پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو حیزبە کوردییەکان هەیە و رێز لە هەموویان دەگرین و پێشوازی لە هەموویان دەکەین بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتیشەوە. بۆیە دەمانەوێت زەمینەسازییەک بکەین لە نێوان ئەندامانی حیزبەکان و ئەو خەڵکانەش لێرە کە سەر بە حیزبە کوردییەکان نین. دەمانەوێت لەگەڵ ئەو ئەندامە سەرکەوتووانەی ئەنجوومەنەکان کە ئێستا لە کاردان، هەموومان پێکەوە یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد لە بەریتانیا دروستبکەین. ئامانجمان ئەوەیە لە داهاتوودا بتوانین نەوەی دووەم ئاوێتە بکەین بە پاراستنی ناسنامەی ئایینی و شوناسی نەتەوەیی و خۆیان بپارێزن و ئاوێتە بن لەگەڵ دامودەزگاکانی ئەم وڵاتە. کاریشمان لەسەر ئەو ئامانجە کردووە و لە کاتی بانگەشەکاندا یارمەتی ئەو بەڕێزانەمان داوە کە کورد بوون و خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەربژێر کردووە. هاوکار و پشتیوانیان بووین و تێیاندا بووە سەرکەوتووبوون. ئەوە خەونی ئێمەیە و کاریشی بۆ دەکەین و دەمانەوێت بیگەیەنینە ئەنجام کە یەکڕیزی لەنێو ماڵی کورد لە بەریتانیا دروست بکەین.
هێمن عەبدوڵڵا: گەشبینی کە کورد ئێستا لە بەریتانیا بەو ئاراستەیەدا دەڕوات؟
نزار وەیس: بەڵێ گەشبینم، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی لەم ساڵانەی دواییدا گەشەی کردووە. لەگەڵ هەموو ئەو کەسە ئەکادیمی و بازرگانی باش و کەسە سەرکەوتووانەی کە هەمانە، زۆر شتێکی ئاساییە کە کەسانێکمان هەبن تاوان بکەن. دەبێت هەوڵ بدەین ئەوانەی تاوانێکیان کردووە یان بە رێگەیەکی هەڵەدا چوون، چاکیان بکەینەوە و بیانهێنینەوە ناو کۆمەڵگە.
هێمن عەبدوڵڵا: شەوبۆ خان، چۆن وا بکرێت ساڵی داهاتوو خوێندنگەی زۆرترمان هەبێت، منداڵی زۆرتری کورد بێن خۆیان فێری کوردی بکەن؟ لە زۆر شوێن و زۆر وڵات یاسا رێگەی داوە و دەوڵەت پشتیوانی دەکات لەوەی کە تۆ زمانی کوردی بخوێنی، بەڵام دایک و باوکی کورد دەڵێن ئەمە پێویست نییە، چونکە هیچ لە ژیانی ئەو منداڵانە ناگۆڕێت، با زمانی ئەو وڵاتە بە چاکی بزانن بەسیانە بۆ ئیش و هەموو شتێکیان. چی بکرێت وەکو مامۆستایەک، وەکو شارەزایەکی ئەو بوارە؟
شەوبۆ محەممەد: لەڕێگەی پلاتفۆرمی پەروەردەوە ئێمە دەتوانین دەنگی خۆمان زیاتر بە خێزانە کوردەکان بناسێنین. ئەو شارانەی یاخود ئەو ناوچانەی کە لە لەندەنن و دوورن و خوێندنگەی کوردیان تێدا نییە، ئێمە دەتوانین لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەنگمان بگەیەنین بە هەموو منداڵێکی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە بن. نەک هەر لە بەریتانیا، ئێمە خەونمان زیاترە. ئێستا منداڵمان هەیە لە ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئۆکراینا. لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە ئاسانکارییەکی زۆر کراوە بۆ ئەو دایک و باوکانەی بیانووی ئەوەیان هەبێت بڵێن کاتمان نییە، هەموو کەسێک سەرقاڵە لێرە. بەڕاستی رێگەی ئۆنلاین ئاسانکارییەکی زۆرباش دەکات. ئێمە لە پلانماندایە لەگەڵ کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا زیاتر گرنگی و پەرەبدەین بە وانە ئۆنڵاینەکان بۆ ئەوەی بیانووی دایک و باوکان ببڕین. لەگەڵ ئەوەشدا کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و خولی راهێنان بۆ دایک و باوکان و باسکردنی گرنگی زمانی دایک. دەبێت دایکان و باوکان لەوە تێبگەن کە زمانی دایک زۆر گرنگە، کە لەم وڵاتەدا بەتایبەتی، کە دووری لە گەل و نیشتمانەوە پەرە بدەی بە زمانی دایک. گرنگی زمانی دایک لەوەدایە کە ئەگەر تۆ زمانی دایکی خۆت بزانی، زمانەکانی دیکە و بابەتەکانی دیکەش ئاسانکاری دەکات و زیاتر فێر دەبی. هەم لەڕووی دەروونی و هزری منداڵەکەوە، کەسایەتی منداڵەکە وادەکات کە زمانی دایکی بزانێت، ئاسانکاری دەکات.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەوە قسەیەکی سۆزدارییە یان لەڕووی زانستیشەوە سەلمێنراوە؟
شەوبۆ محەممەد: هەموو توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە فێربوونی زمانی دایک یارمەتیدەرە بۆ فێربوونی زمانەکانی دیکە و هەروەها بابەتەکانی دیکەش. ئەمە شتێکە بڕاوەتەوە و توێژینەوەی زۆری لەسەر کراوە. ئێمە کە باسی ئەوە دەکەین، با زیاتر باس لەوە بکەین کە بەریتانیا پەرتەوازەییەکی زۆری پێوە دیارە. بۆ نموونە لە رێکخراوەکان، ئێمە دەتوانین لەژێر چەترێکدا کۆیان بکەینەوە و توانای مامۆستاکان و هەموومان یەکبخەین. ئەگەر تواناکانمان یەکبخەین و هاوکاری و پشتیوانی یەکتری بکەین، دەتوانین ئیشی گەورەتر بکەین. با لەوە بچینە دەرەوە کە بڵێین "ئەمە رێکخراوەکەی منە"، با هەموو رێکخراوەکانمان لەژێر چەترێکی گەورەدا بن. ئەوەش دەبێت کاری لەسەر بکەین. بەڕاستی ئەمەش پلانێکی درێژخایەنی ستراتیژی ئێمەیە کە لە بەرنامەماندایە. دایکان و باوکانیش دەبێت کۆڕ و سیمیناری زۆر زیاتریان بۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر باسی بەریتانیا بکەیت بەراورد بە نەرویج و ئەڵمانیا یاخود سوید، کە لەوێ زمانی دایک لە ناو بەرنامە و سیستەمی پەروەردەییە، لێرە وا نییە. ئەویش ئەم خۆبەخشانە، ئەم رێکخراوە پەروەردەییانە، خوێندنگە کوردییەکان و مزگەوتەکان، ئێمە خۆمان هەوڵدەدەین کە بتوانین زمانی دایک ببەینە ناو سیستەمی بەریتانیاوە. بەڕاستی ئەوەش کارێکی گەورەیە، ئێمەش کارمان بۆی کردووە، بەڵام ئاستەنگی زۆر زۆرە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەمە وەکو دەڵێی ئاڵنگاری ساڵی داهاتووە و ئەم کاتانە دەپرسینەوە بزانین دەگاتە کوێ، وەک چۆن پرسیارمان کرد. دکتۆر ئیدریس، تۆ باسی شتێکی زۆر گرنگت کرد، گوتت هێزی مرۆیی گەورەی کورد لێرە لە بەریتانیا هەیە، ئەکادیمی و خوێندەوار، بەڵام لە یەکتر دوورن و وەک پێویست هاوکارنین. چی بکرێت ساڵی داهاتوو بە شێوەیەکی پراکتیکی و بە میکانیزمێک لە یەکتر نزیکببنەوە و باشتر کاربکەن؟
ئیدریس بەدرخان: با لێرەوە دەست پێبکەم، خوێندن زۆر گرنگە، خوێندن و رەوشت، واتە بە ئینگلیزی دەڵێن "مۆراڵ". ئینگلیزەکان دەڵێن "مەنتۆریکس"، واتە هێزی گەورەی هەیە. زانستیترە، واتە دەتوانن بزنسی باش بکەن، پیشەسازی باش بکەن، واتە لە کاری خۆیاندا پارێزەر بن، ئەندازیار بن، کاری خۆیان باش بکەن. کولتووری خۆمان، فۆلکلۆری خۆمان دەزانین. شتی باش و خراپ لە بەریتانیا هەیە، شتە باشەکان زۆرن. با لە شتە خراپەکان دوور بکەونەوە. چۆن شتی خراپ دوور بخەینەوە؟ با کولتووری خۆیان بزانن، باب و باپیرانیان بناسن، دایکیان بناسن. ئێمە کەوتووینەتە سیستەمی ئێرەوە، گرنگە منداڵەکانمان لە خۆمان دوور نەخەینەوە. ئێمە لە زانستی ئێرەدا، لە پیشەسازی ئێرەدا، با بزانن چونکە ئەمە دەوڵەتێکی پێشکەوتووە. پێویستە بەپێی زانستی ئەوان بڕۆین، ئەوان لە قۆناخێکی بەرزدان. پێویستە ئێمە ئێستا شتێکی نوێ فێربین و دواتر دەتوانین پێشبکەوین. واتە بۆ ساڵی نوێ، من دەمەوێت گەنجەکانمان، بەتایبەتی لاوەکانمان زۆر گرنگن، داهاتووی ئێمە ئەو لاوانەن. با ئەو لاوانە زانستی باش بەدەستبێنن، پیشەسازی باش بەدەستبێنن. من باوەڕم وایە دیاسپۆرای کورد کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر شێوەگرتنی جیهان، کاریگەرییەکی گرنگ. دەبێت وڵات پێشبکەوێت، واتە تۆ لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا پێشکەوتوو بیت، سوودی زیاتری بۆ وڵاتەکەت دەبێت. من باوەڕم وایە ئەگەر ئەمڕۆ دەستت بە وڵات ناگات، دەبێت خۆت پێشبخەیت. تۆ ناتوانیت شتێک بکەیت، با منداڵەکانت لە کولتوور و کەلتووری خۆیان دوور نەکەونەوە، بەڵام با خوێندنی ئێرە بزانن. ئەگەر هاتوویتە ئەم وڵاتە و منداڵەکەت نەبووەتە پیشەسازێکی باش، خوێندنێکی باشی نەکردووە، بگەڕێوە وڵاتی خۆت، یان ئەگەر لێرە دەمێنیتەوە و لای خەڵکی کاردەکەیت، کارێکی گەورەت نەکردووە، خوێندنێکی گەورەت نەکردووە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئێستا تۆ رەشبینی یان گەشبینی بۆ داهاتووی دیاسپۆرای کوردی لەم وڵاتە؟
د. ئیدریس بەدرخان: دەبێت ئێمە ئەوە لەبیرنەکەین، زمان لەبیرنەکەین. کوردەکانی ئێمە با بیر لەوە بکەنەوە کە زمانی کوردی بە منداڵەکانیان بخوێنن. لەوانەیە لە ناو سیستەمی بەریتانیادا ئەو شتانە لە یەکتر جیا بن. واتە منداڵەکان دەبێت زمانی ئینگلیزی فێربن، بەڵام لە ماڵەوە تەنیا زمانی کوردی بەکار بهێنن. پێویستە خێزان کار لەسەر زمانی دایک بکەن. با نیگەران نەبن کە منداڵەکانیان زمانی ئینگلیزی فێرنابن یان زانستەکەی فێرنابن. ئەگەر زمانی خۆیان بزانن، رەوشتێکی باشتر، کولتوورێکی باشتر و سەرکەوتووتیان دەبێت. دایک و باوکیش دەبێت خۆیان بخەنە ناو سیستەمی بەریتانیاوە. هەندێک کات تێدەپەڕێت و سیستەمەکە نازانن، نازانن کارێک یان ئیشێک بۆ خۆیان بەگوێرەی سیستەمی بەریتانیا بکەن. با رەش نەبن، با فەرمی بن، با بکەونە ناو سیستەمی بەریتانیاوە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئینجا ئەو شتانەی ئێوە باسی دەکەن، کاری مامۆستا محەممەد و هاوکارەکانی و رێکخراوەکانی دیکەی بەریتانیا زۆر قورس دەکەن. با لەوان ببیستین میکانیزمەکەیان چییە و چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەم شتانە جێبەجێ بکرێن، ئێستا کە دکتۆر دەڵێت زیاتر دوورکەوتنەوە لەوەی کە هەر لەناو خۆتدا بیت و زۆر خەریکی کار نەبیت و نەکەویتە ناو سیستەمی بەریتانیاوە، بە پێچەوانەوە بچیتە ناو سیستەمەکەوە. ئەمە چۆن دەکرێت، پلانتان چییە، دەتانەوێت چۆن وا بکەن، ساڵی داهاتوو چاوەڕێی چی بکەین؟
د. ئیدریس بەدرخان: لە ساڵی 2025دا با زانست و پیشەسازی زیاتر بێت، با سیاسەت وەک رۆژئاوایی بێت، نەک رۆژهەڵاتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو سیاسەتە با کەمتر بێت. با ئێمەش سیاسەت و زانست و پیشەسازی بە شێوازی ئەورووپی بکەین.
هێمن عەبدوڵڵا: دکتۆر ئیدریس بەدرخان لە ئۆکسفۆرد داواتان لێدەکات، دامەزراوە کوردییەکانی بەریتانیا چی دەکەن؟
محەممەد جەلال بەرزنجی: ئێمە هەمیشە یەکێک لە جوانییەکانمان ئەوەیە کە لە خۆمانەوە کارناکەین، بەردەوام راوێژی باشمان هەیە لەگەڵ راوێژکارەکان. دەمانەوێت بگەینە ئەو ئامانجەی کە جەنابی پرۆفیسۆر باسی کرد. بۆیە دەمەوێت بڵێم، ئێمە وەکو کۆمەڵەی کوردی باوەشمان کراوەیە بۆ هەموو ئەو کەرتانەی لە بەریتانیا هەن. دەمانەوێت هەموویان بگەینە هەر چوار پارچەی کوردستان، نەک تەنیا باشوور. لەڕاستیدا لە سەرەتای دەستپێکردنمان وەک گوتمان چوار پلاتفۆرممان دروستکردووە. لە پلاتفۆرمەکانی داهاتوو، ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو پلانمان وایە پلاتفۆرمی مافی مرۆڤ دروستبکەین. ئەم مافی مرۆڤە زیاتر کاریگەری و گرنگی لەسەر ئەوەیە کە ئەگەر دەستمان بە کەسێک نەگەیشت، لەڕێگەی ئەو پلاتفۆرمەوە بتوانین یەکڕیزی لەوێشەوە دروست بکەین. با واقیعیانە بە جەنابت بڵێم کاک هێمن، خەڵکی ئێمە ناتوانێت بێتە ئەم وڵاتە و خەون و ئامانجی یەکەمی خوێندن بێت، لەبەرئەوەی گوشارێکی زۆری کوردستانی لەسەرە. تۆ دەزانیت داواکارییەکانی کوردستان زۆرن، ئێستا مووچە و بژێوی خەڵک بووەتە کارێکی سیاسی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان. واتە دەیانەوێت شەڕی ئەوە بکەن و بژێوی خەڵک لەو نێوەندەدا بە ئاسانی دەرناچێت. کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە لەم وڵاتە دەژین، لەسەر ئەو گەنجانە هەیە کە لێرە دەژین و گوشاری ئەوێیان لەسەرە. بۆیە دەبێت زەمینەسازییەک هەبێت بۆ ئەوەی ئەوێ سەقامگیر و ئارام بێت، گەنجی ئێمە لێرە زیاتر سەرکەوتوو دەبێت. گوشاری لایەنی ماددی و دارایی لەسەری کەم دەبێتەوە. ئێمە چیمان کردووە و چیش دەکەین بۆ ئەوە؟ بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت پێکەوە لە ناو کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکە و لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دیکە و دامەزراوەکانی دیکە بتوانین بەو ئامانجە بگەین. یەکێک لەو ئامانجانەی کە هەمانە لە داهاتوودا، گرووپمان دروستکردووە بۆ گەنجەکانمان، ئەوانەی کە لە تەمەنی هەژدە ساڵ بۆ بیست و پێنج ساڵ و زیاتریش دەبن. جەختی ئێمە لەسەر ئەو تەمەنەیە. دەمانەوێت ئەمانە پێبگەیەنین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تاوەکو ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان. ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین و گەشبینیشین. هاوکار و پشتیوانی باشمان هەیە و هاوئاهەنگی باشیشمان هەیە. لە سەرەتای دروستبوونمانەوە، یەکێک لەو شتانەی کە دڵمان پێیخۆش بوو ئەوەبوو کە کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا توانی لە سیمینارێکی زیاتر لە هەزار کەسیدا نوێنەری حکومەتی بەریتانیا و نوێنەری پۆلیس و نوێنەری دامودەزگاکانی ئەم وڵاتە بێنێت و تێکەڵیان بکات و ئاشنایان بکات بە کۆمەڵگەی کوردی و رەوەندی کوردی. خۆشیان پێیان دڵخۆشکەر بوو کە توانرا خەڵکێکی وا کۆبکرێتەوە و لە یەکتری تێبگەین. بۆیە هیوام هەیە و دڵخۆشم و گەشبینم کە ساڵی داهاتوو پلانمان لەمە گەورەتربێت و لە ئاستێکی گەورەتردا مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا بکرێت.
هێمن عەبدوڵڵا: چانسی ئەوەشتان هەیە کە هەر زوو حکومەتەکەتان دەڕووخێت و هەڵبژاردنێکی نوێ دەکرێت و سیاسییەکان پێویستیان بە دەنگدەرە. کاک ئاوات، بەڕێزت لە کاری رێکخراوەیی، با بڵێین لە رێکخستنی دیاسپۆرای کورددا لە بەریتانیا، جەختت لەسەر گەشەپێدانی مرۆییە. میکانیزمەکان چین بۆ ئەوەی لێرە توانا مرۆییەکانی دیاسپۆرای کورد بەرزتر و چالاکتر بکرێنەوە؟
ئاوات دەرگەڵەیی: دکتۆر و مامۆستا و مامۆستا محەممەد و هەموو برادەران باسی هەموو شتێکیان کرد. بەڕاستی من پشتگیری لەو بابەتانە دەکەم کە باسیانکرد. پێم وایە ئەوەی گرنگە، زۆر هەماهەنگی و یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتنە لە نێوان هەموو کۆمەڵگە کوردییەکان و هەموو تاکەکانی کورد بە لایەنە سیاسییەکانیشەوە. ئەمە بابەتێکی زۆر زۆر گرنگە. بابەتێکی هەنووکەییە کە ئێمە بەڕاستی لەو بابەتەدا تۆزێک بە لاوازی دەرکەوتووین. ئەمە سەرەتا و بنەمایەکی باشە بۆ ئەوەی ناسنامەی نیشتمان و کوردستان بکەینە بنەمایەک بۆ لێکتێگەیشتن بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە. ئەوە دەبێتە رێخۆشکەرێک بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بێت و پەنات بۆ بێنێت و بتوانیت هاوکاری بکەیت. ئەوی دیکەیان، بەڕاستی من سەد لە سەد پشتگیری جەنابی پرۆفیسۆر و مامۆستا محەممەد دەکەم کە کاتی ئەوە هاتووە لەگەڵ ئەو گوشارانەی لە هەرێمی کوردستان و لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لەسەر تاکی کوردی بەریتانیایە، کە دەبێت هاوکاری ماددی و مەعنەوی بۆ ماڵەوە دابین بکات. ئەمەیان بابەتێکە هەموو کاتێک لەوانەیە وا بێت، بەڵام لەمەودوا دەبێت خۆمان زیاتر هەست بکەین کوردی بەریتانیاین. لەبەر ئەوەی راستە هەموو رۆژێک چاومان لە گەڕانەوەیە، نیشتمانی خۆمان خۆشدەوێت، بەڵام دەبێت بتوانیت نەوەی داهاتوو باشتر پێبگەیەنیت و قەناعەتیان لای دروست بکەیت کە ئێرەش نیشتمانیانە. دەبێت قەناعەتیان هەبێت کە تۆ کوردی، کوردی-بەریتانی هەیە، کوردی-ئەمریکی هەیە، ئیتاڵی-ئەمریکی هەیە، ئێمەش دەبێت کوردی بەریتانی بین بە واتایەکی تەواو. هەموو ئەو بابەتە گرنگانەی کە لە رووی رەوشتی، ئەخلاقی، نیشتمانی و ناسنامەی کوردستانی لە ئێمەدا هەیە، دەبێت بیگوازینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوومان. بەڵام شتە باشەکانی ئێرەش کە لە بەریتانیا لە مەسەلەی یاسا و یاساناسی و دادپەروەری و هەموو بابەتەکانی دیکە، ئەو دەرفەتانە دێنە پێشەوە، دەبێت ئەمەش لە دڵ و مێشکی منداڵەکانمان بگونجێنین. ئەمەیان دەبێتە بناغەیەکی سەرەکی بۆ تاکی مرۆیی بەوەی کە قەناعەتیان پێ بکەیت. ئەم وڵاتەش دەکرێت وڵاتی تۆ بێت. ئەمە وڵاتێکە تۆ دەتوانیت تێیدا گەشە بکەیت و پەروەردە ببیت. لە کاتی پەروەردەبوونیشدا تا کاتێک تۆ پیشەیەکی باشت هەیە، ناو و ناوبانگێکی باشت هەیە، ناسنامەیەکی پیشەیی باشت هەیە، باشتر دەتوانیت خزمەتی کوردستان و نیشتمان پێ بکەیت. ئەمەیان بەڕاستی گرنگە. لەسەر ئەو بابەتەش پێویستە وەک باسم کرد هەماهەنگییەکی تەواو هەبێت لە نێوان هەموو لایەنەکان لێرە و لە کوردستانیش. هەموو قوتابخانەکان و مزگەوتەکان کە بەڕاستی کاریگەری راستەوخۆیان هەیە بۆ پێگەیاندنی رۆڵەی کورد بە رۆڵێکی لە رووی ئایینەوە، لە رووی نیشتمانەوە، لە رووی ناسنامەوە، ئەمەیان بەڕاستی گرنگە. ئەوی دیکەش بەڕاستی، با ئەم کۆتاییە بەوە بێنم کە بەرپرسیارێتییەکی زۆر مەزن و گەورە لەسەر شانی ئێمەیە کە نەوەی یەکەمین لە بەریتانیاین. دەبێت ئێمە رەوشتێکمان پیشان بدەین بە شێوازێک رەفتار بکەین لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ خۆمان کە نەوەکانمان شەرممان پێ نەکەن. ئەوەی کە بەڕاستی بۆ من گرنگە ئەو میراتەیە کە لە دوای خۆمان بەجێی دێڵین. بەڵێ لە کوردستان رەنگە زۆر جیاوازی لە بیروبۆچوون هەبێت، هەموو ئەمانە دەکرێت لە شوێنێکدا جێی بکرێتەوە، بەڵام بە مەرجێک کە بەرژەوەندی گشتی، ناسنامەی کوردی و خاکی نیشتمانی کوردستان لە پێشینەی هەموومان بێت. ئەگەر ئەمە بکەینە بنەما، پێم وایە تاکی مرۆیی کورد وەک دکتۆریش فەرمووی لە خەڵکانی دیکە کەمتر نییە، بگرە زیاتریشە بەڕاستی.
هێمن عەبدوڵڵا: هەست دەکەیت ئەو رەنگ جیاوازییەی کە لە کوردستان پێکدادان دروستدەکات، لێرە زۆر زۆر کەمبووەتەوە؟ ئێستا باشترە لەچاو جاران کە لێرە زۆر هەستیار بوو بۆ ئەم مەسەلەیە؟
ئاوات دەرگەڵەیی: ئەگەر راستگۆبم لەگەڵت، با پێش هەموو شتێک راستگۆبم، بەشێک لە ئێمە، ناڵێم هەموویان، ئەو ململانێ و ناکۆکییە ناشیرینەی کوردستانیان هێناوەتە بەریتانیا کە بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت کۆتایی پێبێت. بەشێکی دیکەش هەیە بەڕاستی پێچەوانەی ئەو رەوتەیە، ئەوان کاردەکەن و دەڵێن کاکە ئێمە هەروا نەکەین، جوانی کوردستان لە فرەرەنگی و فرەحیزبیدایە. بەڵێ لە کوردستان گرفتی زۆرمان هەیە، گرفتەکان هەندێکیان سیاسین، هەندێکیان دەستکردن و دروستکراون بۆ هەرێمی کوردستان. دەبێت ئێمە رێخۆشکەری چارەسەری ئەو گرفتانە بین لە هەرێمی کوردستان، نەک کێشەکانی کوردستان لێرە ببنە گرفت بۆ ئێمە و نەتوانین پێکەوە کار بکەین. خۆشبەختانە چەند ساڵی رابردوو لەوانەیە تەوژمەکە و هێزەکە زۆر بە نێگەتیڤانە زیاتر باڵی بەسەر کۆمەڵگەی کوردی لێرە کێشابوو. دەتوانین بڵێین ئێستا زۆر زۆر جیاوازە. جیاوازییەکەشی لەوەدایە کە خەڵکانێک هاتوونەتە مەیدان بەبێ جیاوازی لە هەموو شوێنەکان و لایەنەکان و شارەکان، کە بەڕاستی رەتی ئەوە دەکەنەوە کە ببنە بەشێک لە ناکۆکی سیاسی یان ناوچەگەری یان کۆمەڵایەتی-سیاسی لە هەرێمی کوردستان. دەیانەوێت لێرە نموونەیەک پێشکەش بکەن کە بۆ داهاتوو ببێتە نموونەیەکی گونجاوتر و باشتر. بۆیە من بە ئەرێنی تەماشای ئەو بابەتە دەکەم. چەند ساڵی دیکە و چەند کاتی دیکەمان پێویستە، بەڵام پێم وایە بە هیممەتی هەموومان و هەموو لایەنەکان و بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان و حکومەت و لایەنە سیاسییەکان، دەتوانین باشتر لێرە هەنگاو بنێین.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەوە گرنگە بیڵێم کە ئەوەی ئێستا بەڕێزت دەیڵێیت تەنیا قسە نییە. تەنانەت ئێستا کە لێرەش ئێوەی بەڕێز دانیشتوون، پێکەوە کاردەکەن لێرە لە بەریتانیا. بەڵام ئەوەی کە من زانیاریم هەیە لەسەر رای سیاسیتان لەسەر کوردستان، هەر یەکە و رایەکی جیاوازی هەیە، رەنگە زۆرجار رای دژ بە یەکیش بن، بەڵام لێرە پێکەوە کاردەکەن بۆ دیاسپۆرای کوردی، کە ئەمەش رێگە راستەکەیە. زۆر سوپاستان دەکەم کە لەگەڵمان بوون لێرە و کە میوانداریتان کردین لێرە لە بەریتانیا. سوپاس بۆ بینەرانیش کە لە ماڵەوە دەمانبینن. وەکو سەرەتای بەرنامەش باسم کرد، ئەم ماوەیە لێرە لە بەریتانیا ژمارەیەکی زۆر کورد گیانیان لەدەستداوە. کارێکی مەیدانیمان کردووە، کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا و مامۆستا محەممەد زۆر هاوکارییان کردوون، سوپاسیان دەکەم. لە بەرنامەکانی داهاتوودا دەیبینن، شتی سەرنجڕاکێشی تێدایە. هیوادارم ساڵی داهاتوو کە هاتینەوە، شتی زۆر گەورەتر لێرە لە بەریتانیا ببینین و ببیستین.