دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهوو دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زێف، فەرماندەی سەربازیی حەماس دەردەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە، بەرێز بنیامین نەتەنیاهوو و بەڕێز یواڤ گاڵان، ئەوەش لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە و ئەو تاوانانەی جەنگ کە دوای 8ـی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو 20ـی ئایاری 2024 کردوویانە".
هەر لە راگەیێندراوی دادگەدا هاتووە، کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد زێف، کە بەرپرسێکی سەربازیی حەماسە دەرچووە و هۆکارەکەشی بۆ "ژمارەیەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" گەڕاندووەتەوە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ساڵی رابردوو کردوویەتی.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان 124 وڵات تێیدا ئەندامن و لە ئەگەری گەشتکردنی ئەو کەسانەی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بۆ ئەو وڵاتانە، دەتوانن بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و داواکراوەکە دەستگیر بکەن، بەڵام ئەوکاتیش وڵاتەکە ئازادە چ بڕیارێک دەدات و بڕیارەکە پابەندکار نییە.
رۆژی 20ـی ئایاری ئەم ساڵ، کەریم خان، داواکاری گشتی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان داوای کرد کە جگە لە بنیامین نەتەنیاهوو و یواف گاڵانت، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس و یەحیا سینوار، کە دوای کوژرانی هەنییە بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، دەربکرێت.
ئیسماعیل هەنییە لە 31ـی تەممووزی ئەم ساڵ لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا و لە ئابی ئەم ساڵیش، ئیسرائیل رایگەیاند، کە محەممەد زێفیان کوشتووە و حەماسیش رەتیکردەوە کە کوژرابێت. هەروەها لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵیش سوپای ئیسرائیل سینواری لە کەرتی غەززە کوشت. تاوەکو ئێستا نە ئیسرائیل و نە بزووتنەوەی حەماس هیچیان لەسەر بڕیارەکەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی رانەگەیاندووە.