گوندێکی ئیتاڵیا خانوو بە 1 دۆلار دەفرۆشێتە ئەوانەی لە هەڵبژاردنی ئەمریکا پەستن
رووداو دیجیتاڵ
لە ئیتاڵیا، گوندێک بۆ ئەوەی خەڵک رابکێشێتە ناوچەکە، خانوو بە 1 دۆلار دەفرۆشێتە ئەو ئەمریکییانەی لە هەڵبژاردنی وڵاتەکەیان ناڕازین.
گوندی (ئۆلۆلای) دەکەوێتە دوورگەی ساردینیا لە ئیتاڵیا، چەندین ساڵە نەیتوانیوە خەڵکی دەرەوەی گوندەکە رازی بکات بۆ ئەوەی بێنە ئەوێ نیشتەجێبن و ئابووریی گوندەکە ببوژێننەوە.
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە 05-11-2024، چەندین کەس ناڕەزایەتییان دەربڕی و بردنەوەی دۆناڵد ترەمپیان قبووڵ نەبوو.
ئێستا گوندەکە ئەوەی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی خەڵک رابکێشێت، وێبسایتێکی تایبەتی داناوە و رێکلام بۆ فرۆشتنی خانووەکانی دەکات، نرخەکەش تەنیا 1 دۆلارە یان 1 یۆرۆ.
کە وێبسایەتەکە دەکەیتەوە، نووسراوە: "لە سیاسەتی جیهانی بێزاری؟ ئێستا کاتی ئەوەیە رابکەیتە بەهەشتی ساردینیا."
فرانسێسکۆ کۆڵۆمبو، بەرپرسی ئیدارەی گوندەکە رایگەیاند: "ئێمە لەسەرووی هەموو کەسێکەوە دەمانەوێت ئەمریکییەکان بێن، بەڵام بێگومان ناشتوانین رێگە لە خەڵکی وڵاتانی دیکە بگرین بێن، ئەگەر ئەمریکییەکان داواکاری پێشکێش بکەن، زۆر بە خێرایی مامەڵەکانیان بۆ رایی دەکەین. ئەمریکییەکان کارتی بردنەوەی ئێمەن."
کۆڵۆمبو راشیگەیاند، سێ جۆر خانوویان هەیە؛ خانووی کاتیی بێبەرامبەر، خانووی یەک یۆرۆیی یان یەک دۆلاری کە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، هەروەها خانووی ئامادە بۆ نیشتەجێبوون کە نرخەکانیان تاوەکو 105 هەزار دۆلارە. ئەو بەرپرسە راشیگەیاند، وێنەی خانووەکان لەسەر ماڵپەڕەکە دادەنرێن.
لە 100 ساڵی رابردوودا، دانیشتووانی گوندی ئۆلۆلای لە دوو هەزار و 250 کەسەوە بۆ هەزار و 300 کەس دابەزیوە، ساڵانەش ژمارەیەکی کەمی منداڵ لەدایک دەبن. زۆرینەی خێزانەکانی گوندەکە، لەبەر دۆخی ئابووری گوندەکەیان بەجێهێشتووە.
کۆڵۆمبو گوتیشی، لەگەڵ راگەیاندنی ئۆفەرەکان، لانیکەم 38 هەزار داواکاری پێشکێشکراون و زۆربەیان داوای زانیاری دەکەن.