ئەمریکا بۆ لایەنە سیاسییەکان: بەبێ دواکەوتن حکومەتێک پێکبهێنن نوێنەرایەتیی خەڵک بکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و رێکوپێک بەڕێوەچوو و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، دانوستاندن بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی دەنگی خەڵک بکات.
رۆژی دووشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە هانی لایەنەکان دەدەین کە بەشداری لە دانوستاندنێکی خێرا و بەردەوام بکەن بۆ ئەوەی بە خێرایی و بەبێ دواکەوتن حکومەتێکی سەقامگیر پێکبهێنن بەجۆرێک نوێنەرایەتیی دەنگی خەڵک بکات."
رۆژی یەکشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لەم هەڵبژاردنەدا 14 پارت و هاوپەیمانی رکابەرییان لەسەر 95 کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتاکان.
رۆژی دووشەممە، 21ـی تشرینی یەکەم، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی دەنگدانی بڵاوکردەوە؛ کۆی گشتیی ئەنجامی بەرایی دەنگی لایەنەکان بەمشێوەیە بوو: پارتی 809,197 دەنگ، یەکێتی 408,141 دەنگ، نەوەی نوێ 290,991 دەنگ، یەکگرتوو 116,981 دەنگ، کۆمەڵ 64,710 دەنگ، بەرەی گەل 33,365 دەنگ، هەڵوێست 55,775 دەنگ، گۆڕان 11,621 دەنگ.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە سەرکردایەتی کورد دەکات "رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ تێپەڕاندنی جیاوازییەکانیان و پێکهێنانی حکومەت، پێمانوایە لەنێوان سەرۆکانی کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق خاڵی زیاتر هەن کە یەکیانبخات تاوەکو دابەشیان بکات، لە بەرژەوەندی خەڵکیشدایە کە بەرەو پێشەوە بڕۆن و ئەو پرۆسەیە تێپەڕێنن و بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنن."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
رووداو: سوپاس ڤێدانت، دوێنێ، لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ئێوەش لە نزیکەوە چاودێری ئەم هەڵبژاردنەتان دەکرد، قسەی ئێوە لەسەر ئەم پڕۆسەیە چییە؟ ئایە وەک پێشتر داواتان دەکرد، پڕۆسەیەکی ئازاد، دادپەروەرانەو شەفاف بوو؟
ڤێدانت پاتێل: با چەند شتێکت پێ بڵێم دیار، بەرەوپێشبرنی بەها دیمۆکراسییەکان بابەتێكی پێشینەیە بۆ حکومەتی ئەمریکا کە دەبێتەهۆی سەقامگیری جیهان و بەهێزکردنی هاوپەیمانیەتییەکان، ئەمانە بابەتێكن کە ئێمە پێمانوایە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان یەکدەگرن لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچەکانی دیکە، ئێمە بە دڵنیاییەوە دەستخۆشیمان لە رۆڵی چالاکڤانانی سیڤیل و میدیا لەم هەڵبژاردنەدا کردووە لە بەرەوپێشبردنی گفتوگۆی سیاسی و بەرزترکردنی دەنگی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی عێراق. بینیمان کە خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد، پرۆسەکە بەبێ هیچ کێشە و رووداوێكی گەورە ئەنجامدرا، ئاگامان لە هەندێ راپۆرتە کە ئاماژەیان بە بوونی چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە چەند ناوەندێكی دەنگدان دەکەن بەڵام دواجار و بە گشتی بە بۆچوونی ئێمە دەنگدانەکە بەباشی کراوە، سەرنجی ئێمە ئێستا دیار لەسەر ئەوەیە بە توندی هانی پارتە سیاسییەکان دەدەین تێکەڵ بە گفتوگۆیەکی بەردەوام بن بەبێ هیچ دواکەوتنێک لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێكی سەقامگیر کە نوێنەرایەتی گەل بکات.
رووداو: پێکهێنانی حکومەتێک بەبێ دواکەوتن، ئەمە ئەو شتەیە کە ئێوە داوای دەکەن، بەڵام رەنگە بزانی هیچ یەکێک لە پارەتەکان زۆرینەی کورسییەکانیان نەبردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئایە ئەمریکا هیچ بەشدارییەکی دەبێت لە لێکنزیککردنەوەی پارتەکان و پێکهێنانی حکومەتێک بەبێ دواکەوتن؟
ڤێدانت پاتێل: لەم کاتەدا دیار ناتوانم هیچ پێشبینییەکی دیاریکراو باس بکەم بەڵام ئێمە داوا لە سەرکردایەتی کورد دەکەم رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ تێپەڕاندنی جیاوازییەکانیان و پێکهێنانی حکومەت، پێمانوایە لەنێوان سەرۆکانی کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق خاڵی زیاتر هەن کە یەکیانبخات تاوەکو دابەشیان بکات، لە بەرژەوەندی خەڵکیشدایە کە بەرەو پێشەوە بڕۆن و ئەو پرۆسەیە تێپەڕێنن و بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنن.