سەرۆکی بۆلیڤیا بۆ رووداو: داوامان کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان ببێتە بەشدارێکی چالاکی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا


رووداو دیجیتاڵ 

لویس ئاس، سەرۆکی بۆلیڤیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە ئەوان داوایان کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان "تاوەکو درەنگ نەبووە،" رۆڵ بگێڕێت لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دا. 
 
لویس ئاس، سەرۆکی بۆلیڤیا دوێنێ 20ـی ئەیلوولی 2022 لەکاتی بەشداریکرنی لە کۆبوونەوەی لووتکەیی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند شەڕی ئۆکراینا کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر ژیان لە بۆلیڤیا، بەڵام "بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم کە پشتیوانی داراییمان بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت راگەیاندووە، هەربۆیە هەڵاوسان زۆر بەرز نەبووەتەوە."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ لویس ئاس
 
رووداو: زۆر سوپاس. سوپاس جەنابی سەرۆک. من مەجید گلیم لە تۆڕی میدیایی رووداو. دەمەوێت لەو بارەوە پرسیارت لێبکەم کە ژمارەیەکی زۆر لە گوتەی سەرکردەکان لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکراینایە. هەموو سووچێکی ئەم جیهانە هەست بە کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە دەکات. ئایا ئەم شەڕە کاریگەری لەسەر وڵاتەکەت هەبووە؟ بەڕێزتان وەک سەرۆکی یەکێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، هەڵوێستتان لەم بارەوە چییە؟ هەروەها ئەگەر سەبارەت ئەگەری زیادبوونی گرژییە ئەتۆمییەکان لەم پێکدادانەی ئۆکراینا بدوێی. ئایا ئەوە نیگەرانی لای بەڕێزتان دروستکردووە، هەرچەندە ئێوە زۆر لەوێوە دوورن؟ 
 
لویس ئاس، سەرۆکی بۆلیڤیا: پێم وایە پێکدادانێکی لەم جۆرە کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتێک هەبووە. بۆلیڤیا، وەک هەر وڵاتێکی دیکە، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووەتەوە. بۆلیڤیا هەناردەکار و هاوردەکاری نەوتە و شەڕەکەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەرمان هەبووە، وەک هەر وڵاتێکی دیکە کە سووتەمەنی بە نرخێکی بەرز هاوردە دەکات و پێویستی بە نەوتە. هەروەها دەبینن نرخی پەینی کیمیاییش بەرزبووەتەوە. هەموو ئەمە لە ئەنجامی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هاتووەتە ئاراوە. هەربۆیە بۆلیڤیا لەم کاریگەرییە خراپە بەدەر نییە، ئەوەش لە جیهانێکدا کە هەمووی پێکەوە گرێدراوە. کاریگەری رووداوەکان زۆر خێرا دەردەکەون ،کاتێکی جیهانین و ئێمەش ئەوەمان لە بۆلیڤیا بینیووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەندێک رێکارمان گرتووەتەبەر. بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم کە پشتیوانی داراییمان بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت راگەیاندووە ، هەربۆیە هەڵاوسان زۆر بەرز نەبووەتەوە. ئەوە شتێکە کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر دەستمان پێکرد. هەروەها دەستمان بە بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی خۆمان کردووە. کارگەیەکمان بەگەڕ خستووەتەوە کە لە رابردوودا کاری نەدەکرد، بەڵام ئێستا کار دەکات و 100٪ـی بەرهەمەکەش بۆلیڤی دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی کە دەیبینین، پێویستیمان بە گرتنەبەری رێکاری نوێیە. ئەوەی کە پەیوەندی بە بەشی دووەمی پرسیارەکەتەوە هەیە، بێگومان جیهان بەگشتی نیگەرانە؛ هەربۆیە دەڵێین، پێویستە جیهان وەک ناوچەیەکی پڕ لە ئاشتی رابگەیێندرێت. ئەم هەڕەشانە زیاتر دەبن، وەک ئەوەی ئەوەی ئێستا لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەیبینین. هەربۆیە داوای ئەوەمان کردووە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوەکو درەنگ نەبووە بەشدارییەکی چالاکی لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا هەبێت.