زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا بۆ قازانجی داهاتوویان چاویان لەسەر ژیریی دەستکردە

رووداو دیجیتاڵ

لە دوو مانگی داهاتوودا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا داهات و قازانجی چارەگی سێیەمی ئەمساڵیان ئاشکرا دەکەن و بەرچاوڕوونی دەدەن لەسەر ئەوەی ئایا ژیریی دەستکرد تا چەند سوود یان زیانی بۆ وەبەرهێنانیان هەبووە و تاکەی دەتوانن بەردەوام بن لە خەرجکردنی ئەو پارە زۆرەی تاوەکو ئێستا لە تەکنەلۆجیا نوێیەکەیان داوە. 
 
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای وێدبوش سکیوریتیز، کە یەکێکە لەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی گەشبینە بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی ژیریی دەستکرد، پێشبینی دەکەن "لەگەڵ شۆڕشی ژیریی دەستکرد (AI) و ئەو شەپۆلە گۆڕانکارییەی بەدوای خۆیدا هێناوییەتی، گەشە و قازانج"ـی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان زیادبکات. 
 
پێچەوانەی ئەپڵ؛ مایکرۆسۆفت و گووگڵ گەشە دەکەن  
 
بازاڕی نێودەوڵەتی بەگشتی بەو شێوەیە داهاتووی ژیریی دەستکرد دەبینێت؛ شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن، داهات و گەشەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی گووگڵ و مایکرۆسۆفت بە ژمارەیەکی دوو خانەیی زیادبێت، پێچەوانەی ئەپڵ کە درەنگ هاتە نێو کایەی ژیریی دەستکردەوە و پێشبینی دەکرێت، داهاتاکەی تەنیا 3٪ گەشەبکات. 
 
کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئایفۆن، کە ئەنجامەکان لە 1ـی ئاب رادەگەیێنێت، مانگی رابردوو سیستمی "ژیریی دەستکردی ئەپڵ"ـی خستەڕوو و بەنیازە قۆناخ بە قۆناخ لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەستیبکات، بەڵام ئەوەش تەنیا لەسەر نوێترین ئایفۆنەکان. 
 
ئەنگێلۆ زینۆ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای 'CFRA' کە بارەگاکەی لە هیندستانە، بڕوای وایە ئەو تایبەتمەندییە نوێیانەی ئایفۆن کاریگەریی دەستبەجێیان نابێت، بەڵکو تەنیا لە دوای هاتنی ئایفۆن 16 لە مانگی ئەیلوول دەردەکەوێت، کە یەکەمین ئایفۆن دەبێت ژیریی دەستکرد لە تەواوی بەرنامە و سیستمەکانیدا بەکارهێنرابن. 
 
بەڵام شرۆڤەکارەکە پێوایە؛ قازانجی ئەپڵ لە چین بەرزبێتەوە، کە لە پارەوە یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە تێیدا زیانی کردووە. 
 
"نیگەرانیی زیاتر" لە بارەی داهاتی مێتا 
 
زینۆ دەڵێت "ئامارەکانی ئەپڵ بۆ ئەم چارەگە گرنگ دەبن" بۆ هەڵسەنگاندنی گەرموگوڕیی کۆمپانیاکە، بەڵام "ئەگەر کۆمپانیایەک هەبێت کە ئێمە بەراورد بەوانی دیکە زیاتر نیگەرانی بین، ئەوا کۆمپانیای مێتا دەبێت."
 
زینۆ ئاماژە بەوە دەکات؛ کۆمپانیاکەی مارک زوکەربێرگی خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام، لە نیسانی ئەمساڵەوە نیشانیداوە وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرددا زیاددەکات، ئەوەش کاتێک چەند ملیار دۆلارێکی بۆ بەدەستهێنانی چیپە ئەلیکترۆنییەکان و سێرڤەرەکان تەرخانکردن کە لە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرددا پێویستن. 
 
کۆمپانیای CFRA پێشبینی دەکات؛ گەشەی قازانجی مێتا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ خاوبێتەوە. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکە پارەیەکی زیاتر لە ژیریی دەستکرد خەرج بکات، ئەوەش قازانجەکانی دەخاتە ژێر گوشارەوە. 
 
کلاودەکانی مایکرۆسۆفت و ئەمازۆن دەفڕن
 
بەڵام سەبارەت بە مایکرۆسۆفت و ئەمازۆن، کە دوو کۆمپانیای ئەمریکیی زەبەلاحی بواری خزمەتگوزاریی کلاودن، زینۆ پێشبینی دەکات "ئەنجامی زۆر باشیان هەبێت، هاوشێوە یان باشتر لە پێشبینییەکانی بازاڕ."
 
ئەوەی پێشبینیی لێ دەکرێت زۆرترین پارە لە ژیریی دەستکرد کۆبکاتەوە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە، کە خێراتر لە هەموو کۆمپانیاکانی دیکە تەکنەلۆجیاکەی لە هەموو بەرهەمەکانیدا جێگیرکردووە و 13 ملیار دۆلاری بە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای داوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشی تەکنەلۆجیاکەی. 
 
ئۆپن ئەی ئای ئەو کۆمپانیا ئەمریکییەیە کە چات جی پی تی دروستکرد و شۆڕشی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنی هەڵگیرساند. 
 
جێرمی گۆڵدمان پسپۆڕی بازاڕی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان کە لە کۆمپانیای 'Emarketer'ـی ئەمریکی کاردەکات، پێوایە بردنەوەی ئەو گرەوەی مایکرۆسۆفت لەسەر ژیریی دەستکرد کردوویەتی، "گرنگە."
 
ئەو جۆش و خرۆشەی جیهان لەسەر بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد هەیبوو، یارمەتیی گەشەکردنی داهاتی خزمەتگوزاری کلاودی مایکرۆسۆفتی دا، بە جۆرێک داهاتەکەی بە ژمارەی دوو خانەیی زیادیکرد، بەڵام شرۆڤەکاران پێیانوایە؛ زەحمەتە کۆمپانیاکە بتوانێت بۆ هەمیشە لەو دۆخە باشەدا بمێنێتەوە. 
 
گۆڵدمان دەڵێت "ئەم جۆرە گەشەیە ناتوانرێت تاهەتایە پارێزگاریی لێ بکرێت، بەڵام هاوبەندیی نێوان کلاود و ژیریی دەستکرد، دەرفەتی ئەوە زیاتر دەکەن کە مایکرۆسۆفت بتوانێت بۆ ماوەیەک پارێزگاری لە گەشەی بەرچاوی کلاود بکات."
 
سەبارەت بە کۆمپانیای ئەمازۆن، مات بریتزمان لە کۆمپانیای 'Hargreaves Lansdown'ـی بەریتانی وا لێکیدەداتەوە؛ وەبەرهێنەران دەیانەوێت دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو گەشەیەی لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ خزمەتگوزاریی کلاودی ئەمازۆن بەخۆیەوە بینی، شتێکی کاتی نەبووە و بەردەوام دەبێت. 
 
'AWS' لقێکە لە گرووپی کۆمپانیاکانی ئەمازۆن، خاوەن گەورەترین خزمەتگوزاریی کلاودە لە جیهان. لەبەرئەوەش، بریتزمان پێیوایە، "چونکە کۆمپانیاکە لە هەر شتێکدا پەیوەندیی بە ژیریی دەستکردەوە هەبێت یەکەمە، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت قازانجێکی گەورە لەو خواستە بەدەستبهێنێت کە شەپۆلی ژیریی دەستکرد دروستیکردووە."
 
ژیرییە دەستکردەکەی گووگڵ بژێوییەکەی دەبڕێت؟
 
بەڵام زینۆ هۆشداری دەدات کە وێنەکە بۆ گووگڵ "کەمتر روونە"، ئەوەش بەهۆی بزووێنەری گەڕانەکەی. 
 
ئێڤلین مچێڵ وۆڵف، راوێژکارێکی دیکەی 'Emarketer' پێیوایە "گومان لەسەر پوختەی ژیریی دەستکردی گووگڵ هەیە'، کە نێوەڕاستی ئایاری ئەمساڵ بەردەستی کرد.
 
پوختەکردنی ئەنجامی گەڕانی گووگڵ، تایبەتمەندییەکی نوێی بزووێنەرەکەیەتی، کە پێکدێت لە نووسینێک لە بارەی ئەنجامی گەڕانەکە لە بەشی سەرەوەی بزووێنەرەکەدا دەردەکەوێت (ئەم تایبەتمەندییە جارێ بۆ عێراق بەردەست نییە). 
 
وۆڵف دەڵێت، ئەو گومانانەی لە سەرکەوتوویی تایبەتمەندییەکە دەکرێن، "زۆر رەوان،" لەبەر ئەوەی، هەر کە تایبەتمەندییەکە بەردەست کرا، بەکارهێنەران شتی سەیر و هەندێ جار مەترسیداریان لە پوختەی گەڕانەکاندا بینی، لە کاتێکدا بەرپرسانی گووگڵ دەڵێن، ئەو تایبەتمەندییە دەستێکی باڵای لە شێوازی داهاتووی گەڕانی گووگڵدا دەبێت. 
 
بەگوێرەی کۆمپانیای 'BrightEdge' کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی داتای بەکارهێنانی ماڵپەڕەکان، ژمارەی ئەو گەڕانانەی کە لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا کراون و بە ژیریی دەستکرد ئەنجامەکەیان پوختکراوەتەوە، زۆر کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا گووگڵ لە تایبەتمەندییە نوێیەکەی ساردبووەتەوە. 
 
هۆکاری ئەوەش، ئەوەیە کە زۆر لە وەبەرهێنەرانی تەکنەلۆجیا نیگەرانن و نازانن ئەگەر ئەو تایبەتمەندییە لە گووگڵدا هەبێت، لە داهاتوودا چی بەسەر چارەنووسی ریکلامەکاندا دێت، چونکە ئەگەر گووگڵ پوختەی هەر گەڕانێک بە ئاسانی بخاتە بەردەم بەکارهێنەر، ئەوا پێویستی بەوە نابێت بڕوات کلیک لەسەر ئەو بەستەر و ماڵپەڕانە بکات کە پارەیان بە گووگڵ داوە تاوەکو ریکلامیان بۆ بکات و لە ئەنجامی گەڕاندا پێشنیازیان بکات، بەمەش گووگڵ بژێوی خۆی دەبڕێت. 
 
بەڵام وۆڵف پێوایە، "تا ئەو کاتەی گووگڵ پارێزگاری لە پێگەی خۆی وەک بزووێنەری گەڕانی سەرەکی لە زۆربەی مۆبایلە زیرەکەکان و وێبگەڕە گەورەکاندا بکات، هەر بە یەکەمین شوێنی گەڕان دەمێنێتەوە و بە سەرەکیترین شوێنیش دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی لە بزووێنەرەکانی گەڕاندا پارە لە ریکلام دەدەن."