ئەمریکا: ناڕازین بەرامبەر هەر کردەوەیەک ببێتە بەربەست لەبەردەم هەوڵەکانمان بۆ لاوازکردنی داعش لە سووریا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ناتۆیە و بەردەوامیش راوێژیان لەگەڵ دەکەن لەسەر چەندین پرس، کە پەیوەستن بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا. دەشڵێت، ئەرکی لەپێشینەی ئەمریکا لەو ناوچەیە پاراستنی هێزەکانیان و خەڵکی سڤیل، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی داعشە و نیگەرانن لە هەر کردەوەیەک کە خەڵکی سڤیل بکاتە ئامانج.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بۆردوومانە بەردەوامەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ رێگری لەوە، رایگەیاند، "ئەرکە لەپێشینەکانی ئەمریکا بەردەوام ئەوەیە کە دڵنیابین لەوەی ئەو هەوڵ و کارانەی کراون بە مەبەستی لاوازکردنی هەژموونی داعش، بەربەستی بۆ دروست نەکرێت و بەردەوامیش راشکاوبووین لەوەی هەر کردەوەیەک کە خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە، یان هەوڵەکانمان بۆ لاوازکردنی داعش دەخاتە مەترسییەوە، یان کارمەندانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە، بێگومان هەڵوێستمان دەبێت."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: گەورە دانوستاندنکاری ئێرانی بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی عەلی باقری، ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا کۆبووەوە. ئەو رایگەیاند، خۆشحاڵە باس لە هەڵگرتنی سزاکان دەکات، ئایا ئێوە هیچ پلانتان هەیە هیچ سزایەک لەسەر ئێران هەڵبگرن؟ ئایا هیچ پلانیشتان هەیە دەست هەڵبگرن لەو بڕە پارەیەی کە عێراق قەرزداری ئێرانە؟
ڤیدانت پاتێل: تۆ پرسیار لەبارەی کۆبوونەوەی دۆحە دەکەیت؟ ئێمە بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانمان لە پەیوەندیداین لەنێویشیان وڵاتانی ئی 3 [فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا]، یەکێتیی ئەوروپاش لەسەر پرسەکان پەیوەستن بە ئێرانەوە، بەڵام من ناچمە نێو وردەکاریی ئەو گفتوگۆیانە. داوات لێدەکەم پەیوەندی بە یەکێتیی ئەوروپاوە بکەیت، دەربارەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ.
رووداو: کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆژەیاسایەکی هاوبەشی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکانی خستە بەرباس، کە تایبەتە بەوەی سزاکانی سەر ئێران بکاتە سزای بەردەوام. ئایا ئێوە تا چەند لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەن؟
ڤیدانت پاتێل: بێگومان من قسە لەسەر هیچ پڕۆژەیاسایەک ناکەم کە ئێستاکە قسەی لەسەر دەکرێت بە پرۆسەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا تێدەپەڕێت، کە پەیوەستن بە کردەوە بێزارکار و ناسەقامگیرییانەی رژێمی ئێران. ئێمە بەردەوامین لەوەی چەندین ئامرازمان لەبەردەست بێت و سزاکانیش بەردەوام بەشێکی گەورەی ئەو ئامرازانەیە و ئەو سزایانەش کاریگەر بوون و بەردەوامیش دەبین لەوەی چاودێریی رژێمی ئێران بکەین.
رووداو: دوا پرسیار لەسەر سووریا. بۆچوونتان چییە لەسەر دۆخی ئێستای باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. وەکو دەزانن تورکیا هێرشە درۆنییەکانی زیاتر کردووە و دوێنیش هێرشیانکردە سەر ئۆتۆمبێلێک لە قامیشلۆ و خەڵکی سڤیلیان کوشت. بۆچوونتان چییە و ئایا پەیوەندیتان بە تورکیاوە کردووە بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە بۆ سەر هاوبەشە خۆجێیەکەتان رابگرن؟
ڤیدانت پاتێل: با چەند شتێک بڵێم. یەکەم خاڵ، بێگومان تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ناتۆیە و بەردەوامیش راوێژیان لەگەڵ دەکەین لەسەر چەندین پرس، کە پەیوەستن بە ناوچەکە. یەکێک لە ئەرکە لەپێشینەکانی ئەمریکا بەردەوام ئەوەیە کە دڵنیابین لەوەی ئەو هەوڵ و کارانەی کراون بە مەبەستی لاوازکردنی هەژموونی داعش، بەربەستی بۆ دروست نەکرێت و بەردەوامیش راشکاوبووین لەوەی هەر کردەوەیەک کە خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە، یان هەوڵەکانمان بۆ لاوازکردنی داعش دەخاتە مەترسییەوە، یان کارمەندانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە، بێگومان هەڵوێستمان دەبێت.