زیلینسکی: دۆخی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا خراپە؛ پێویستمان بە چەکی زیاترە

 
رووداو - هەولێر

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند دۆخی رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتەکەی سەختە، لە کاتێکدا سەربازانی رووسیا بە هێرشێکی نوێ، لە هەوڵی پێشڕەویکردندان. 
 
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا زیلینسکی رۆژی چوارشەممە، گوتی، "داگیرکاران دەستبەرداری هەوڵەکانیان نەبوون بۆ ئەوەی هەر هیچ  نەبێت، لە رێگەی هێرشێکی نوێی بەرفراوانەوە، سەرکەوتنێک بەدەست بێنن."
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی ئەوروپی ئێستا "باشتر لە پێویستییەکانی" ئۆکراینا تێدەگەن و بڕیاریشە لە وڵاتانی رۆژئاواوە، چەکی زیاتریان بۆ بنێردرێت. 
 
زیلینسکی داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد کە سزاکانیان بۆ سەر مۆسکۆ قورستر بکەن و هاوردەی نەوت و گازی رووسی بە تەواوی رابوەستێنن. 
 
ئەو وادەیەی کە رووسیا بۆ سەربازانی ئۆکراینی لە ماریوپۆل داینابوو، بۆ ئەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن یان بمرن، تەواوبوو؛ سەربازانی ئۆکراینی خۆیان بەدەستەوە نەدا. 
 
رووسیا ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی بە دوایین وادە بۆ سەربازانی ئۆکراینی لە شاری ماریوپۆل دانابوو بەوەی کە یان دەبێت چەک دانێن و خۆیان رادەستی سوپای رووسیا بکەن، یانیش هێرشیان دەکرێتە سەر و دەکوژرێت. وادەکە بێ هیچ خۆبەدەستەوەدانێکی بەکۆمەڵ تێپەڕی. بەڵام فەرماندەیەکی هێزەکانی ئۆکراینا کە لە نێو شارە گەمارۆدراوەکەدا ماوە، رایگەیاند، سەربازەکانی کاتێکی ئەوتۆیان بۆ بەرگریکردن بە دەستەوە نەماوە و ئەگەر هاوکاری نەکرێن، ئەوا رەنگە تەنیا چەند رۆژ یان چەند کاژێرێکی دیکە لە ژیاندا بمێننەوە.