هەشت کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆنان دەخنکێن
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان رایدەگەیێنێت، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دوورگەی رۆدسی ئەو وڵاتە ژێر ئاو کەوتووە و بەوهۆیەوە هەشت کۆچبەر خنکاون.
رۆژی هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند پۆلیسی هەوڵیداوە رێگری لە بەلەمێکی کۆچبەران بکات، بەڵام "بەلەمەکە کۆنتڕۆلی لەدەستداوە" و بەهۆی خێراییەکەیەوە ژێر ئاو کەوتووە.
بەگوێرەی پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان، 18 کەس لەنێو بەلەمەکە رزگارکراون.
هەروەها پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دەشڵێت، بە کەشتی و هێلیکۆپتەر بەدوای سەرنشینانی دیکەی بەلەمەکەدا دەگەڕێن.
رووداوەکە لەکاتێکدایە، 14ـی ئەم مانگەش، لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی کریت-ی یۆنان، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها 40 کەس بێسەروشوێنبوون و 39ـی دیکە رزگار کراون.
بەگوێرەی وەزارەتی کۆچبەرانی یۆنان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 59 هەزار 207 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان، ساڵی رابردووش ژمارەکە 48 هەزار 721 کەس بوون. واتە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە 25٪ زیادی کردووە.