وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: چالاکانە بەشداریی لە بونیادنانەوەی ئابووریی عێراقدا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت وڵاتەکە بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداریی لە بونیادنانەوەی ئابووریی عێراقدا کردووە و ئامادەن بۆ هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ لایەنی عێراقی. 
 
رۆژی دووشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2023، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی جێگرتنەوەی کۆمپانیای ئێکسن مۆبیلی ئەمریکی لەلایەن کۆمپانیای پێترۆچاینای چینی لە کێڵگەی نەوتی قورنەی بەسرە، وەڵامی مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە چین دایەوە و دەڵێت، "ئێمە ئامادەین هەوڵی هاوبەش لەگەڵ لایەنی عێراقی بدەین بۆ هاندانی هاوکاریی پراکتیکیی بەردەوام لە بوارە جیاجیاکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشکەوتنی نوێ بەشێوەیەکی بەردەوام."
 
ماو نینگ دەڵێت، "چین و عێراق پەیوەندییەکی دۆستانەیان هەیە. وەکو دۆستێکی راستەقینەی گەلی عێراق، چین بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداریی لە بونیادنانەوەی ئابووریی عێراقدا کردووە. بەشداریی ئەرێنی لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا کردووە و لەلایەن حکومەتی عێراق و خەڵکیشەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان ستایشی کراوە."
 
کۆمپانیای پێترۆچاینای چینی لە شوێنی ئێکسن مۆبیلی ئەمریکی دەبێتە خاوەن گەورەترین گرێبەستی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی "قورنەی رۆژئاوای ژمارە یەک"، کە یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە هەرە گەورەکانی جیهان و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای بەسرە لە عێراق.
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسن مۆبیل واژۆکردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە کارەکانی لە کێڵگەکەدا بێنێت و رێگە بە پێترۆچاینا بدات ببێتە وەبەرهێنەری سەرەکیی کێڵگەکە.
 
حەسەن محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە ئاژانسەکەی گوتووە، "خوێندنەوەمان بۆ رێککەوتنەکە کرد و وەزارتی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە بڕوایان وایە کە باشترین بژاردە ئەوەیە کۆمپانیای پێترۆچاینا ببێتە بەڵێندەری سەرەکیی قورنەی رۆژئاوای ژمارە یەک".
 
یەدەگی کێڵگەی نەوتی قورنەی رۆژئاوای ژمارە یەک بە 20 ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرێت. ئێستا رۆژانە 560 هەزار بەرمیلی لێ دەردەهێندرێت، ئەمە بە گوتەی بەرپرسانی کێڵگەکە. 
 
دوای جێهێشتنی کێڵگە نەوتییەکە، ئێکسن مۆبیلی ئەمریکی هیچ رۆڵێکی لە کەرتی وزەی عێراقدا نامێنێت.