لە بولگاریا پێنج کەس بەهۆی تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە بوڵگاریا پێنج کەس بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە تەقینەوەکەی رۆژی 13ی ئەم مانگەی شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکران، چوار لە دەستبەسەرکراوەکان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە و دەستبەسەرکراوەکەی دیکەش کە ژنە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە ئازادکرا.
داواکاری گشتیی بولگاریا رۆژی شەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2022 رایگەیاند، پێنج کەس بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال دەستگیرکراون. سێیان مۆڵدۆڤین و دووانەکەی دیکەش کوردی رۆژئاوای کوردستانن.
ئیڤان گێشێڤ، سەرۆکی داواکاری گشتیی بولگاریا ئاماژەی بەوە دا، ئەو پێنج کەسە لە ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکاندا لە ئەنجامی هاوکاریی دەسەڵاتدارانی ئەمنی بوڵگاریا لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمنیی تورکیا دەستبەسەرکراون.
گێشێڤ گوتی: "ئەو پێنج کەسەی تۆمەتی پشتیوانیکردن لە هێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستەنبووڵ و بەقاچاخبردنی مرۆڤیان لەسەرە، کەسانێکن کە لە بواری قاچاخی مرۆڤ لە سنووردا کار دەکەن".
سەرۆکی داواکاری گشتی هەروەها رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا داوای رادەستکردنەوەی هەندێک کەسیان کردووە کە لە بولگاریا دەستبەسەرکراون بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان بە هێرشەکەی شەقامی ئیستیقلالەوە هەیە.
لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو پێنج کەسە کە رۆژی شەممە لە دادگەی شاری سۆفیا بەڕێوەچوو، عەمران عەبدولڕامی کە هاووڵاتییەکی سوورییە لەگەڵ سێ کەسی مۆڵدۆڤی بە تۆمەتی بەقاچاخ چوونە نێو خاکی بوڵگاریا دەستگیرکران. دەستبەسەرکراوەکەی دیکەش کە ژنە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە ئازاد کرا.
لە دانیشتنەکەی دادگەدا بانگەشەی داواکاری گشتی کە دەڵێت "تۆمەتباران پەیوەندییان بەو هێرشە تیرۆریستییە هەبووە" رەتکرایەوە. پارێزەرانی تۆمەتبارەکان رایانگەیاند، رۆژی 24ی تشرینی دووەم تانە لە بڕیارەکەی دادگە دەدەن.
بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، لە تەقینەوەی بۆمبەکەی شەقامی ئیستیقلالی ئیستەنبووڵدا، شەش کەس کوژران کە دووانیان منداڵ بوون. هەروەها سەرووی 80 کەسی دیکە برینداربوون.
میدیای تورکیا باس لەوە دەکات، دادگە سێ گومانلێکراوی ئازادکردووە و فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی 29 کەسی دا، کە لە لایەن پۆلیسەوە گیرابوون.
بەرپرسانی تورکیا بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکەیان خستووەتە ئەستۆی پەکەکە و یەپەگە، بەڵام شەڕڤان و گەریلا ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.