سیناتۆرێکی ئەمریکی لەبارەی هێرشی سەر سەربازانی ئەمریکی لە عێراق رەخنە لە بایدن دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا دووجار هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەنبار، ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، ئەو هێرشانە "مایەی قبووڵکردن نین" و رەخنە لە سەرۆکی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت، سیاسەتێکی "لاواز"ـی بەرامبەر ئێران هەیە و بۆیە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران هێرش دەکەنە سەر ئەمریکییەکان. 
 
جیم ریچ، سیناتۆری کۆماری لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) دەڵێت، "هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە لایەن هێزەکانی پشتیوانیکراوی ئێرانەوە کراون، مایەی قبووڵکردن نین و پەیوەندیی راستەوخۆیان بە سیاسەتی لاوازی[ئەمریکاوە] بەرامبەر ئێران هەیە."
 
ئەو سیناتۆرە دەشڵێت، "پێویستە ئیدارەی بایدن کاری زیاتر بکات بۆ ئەوەی ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی لە سەرچاوەکانیان داببڕێنێت."
 
دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئەمجارەی نێوان گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەم، مەترسیی فراوانبوونی ململانێ لە ناوچەکەدا دروستبووە، بەوەی کە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن دژی ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکا بچنە نێو شەڕەکەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 19ـی تشرینی یەکەم، پێنتاگۆن رایگەیاند، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی تەنەف لە پارێزگەی حمسی سووریا و یەکێک لەو درۆنانە خراوەتە خوارەوە، بەڵام یەکێکی دیکەیان بەر بنکەکە کەوتووە و بووەتە هۆی برینداربوونی سەربازەکان بە سووکی. 
 
هەمان رۆژ، "گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە خۆی وەکو گرووپێکی چەکداریی عێراقی دەناسێنێت، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "موجاهیدەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەیانی ئەمڕۆ بە سێ درۆن بنکەی تەنەفیان کردە ئامانج کە ئامانجەکانیان بە شێوەیەکی ورد و راستەوخۆ پێکا."
 
هەروەها پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، رۆژی پێنجشەممە، گوتی، رۆژی چوارشەممە لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق زەنگی مەترسیی هەبوونی هێرش لێدرا، سەرباز و کارمەندانی بنکەکە رایانکردووە بۆ نێو پەناگەکان و لەو کاتەدا بەڵێندەرێکی سڤیل بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە، "بەڵام هێرشەکە رووینەدا."
 
هەر ئەو رۆژە بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر. بە گوێرەی دژەتیرۆری کوردستان، "رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2023، کاژێر 12:18ـی پاشنیوەڕۆ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک گوندی باتاسی سەر بە قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە."
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند، بە ژمارەیەک مووشەک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی کردووەتە ئامانج و ئامانجەکانیان "راستەوخۆ و بە وردی" پێکاوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پشتراستکردەوە، بەڵام رایدەر رەتیکردەوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو هێرشە هەبێت. 
 
رایدەر گوتی، "هەموو رێکارێک" دەگرنەبەر بۆ پاراستنی "ئاسایش و سەلامەتیی" سەربازەکانیان لە عێراق و سووریا.
 
هەروەها بە گوتەی رایدەر، رۆژی چوارشەممە، کەشتیی ئەمریکیی یو ئێس ئێس کارنی، لە باکووری دەریای سوور، سێ مووشەک و هەشت درۆنی خستوونەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە هاوێژرابوون.
 
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسی لەوە کرد، "رەنگە" ئەو درۆن و مووشەکانە ئاراستەی ئیسرائیل کرابن. 
 
لە سنووری نێوان باکووری ئیسرائیل و لوبنانیش، چەکدارانی حیزبوڵای لوبنانی و حەماسی فەلەستینی بە مووشەک، هاوەن و درۆن رووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە کە ئەویش بە بۆردوومان و تۆپباران وەڵامیان دەداتەوە. ئەو وڵاتەش هۆشداری تووندی بە حیزبوڵا داوە کە بەرەیەکی نوێی جەنگ دژی نەکاتەوە.
 
ئەمریکا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لە دەریای نێوەڕاست لە نزیک ئیسرائیل جێگیرکردووە بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی "رێگری لە فراوانبوونی ململانێکان" بکات.