پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا دان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا دەنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانیی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا وەکو قەوارەیەکی سیاسی دان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا دەنێت و داوا لە حکومەتی هەرێمەکەیان دەکات پەیوەندیی لەگەڵیدا دروستبکات. 
 
رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کەتەلۆنیا بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسایێک بەناوی "ئاوەدانکردنەوەی کوردستان" کۆبووەوە و بە 80 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 50ی نەخێر پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد.
 
پڕۆژە یاساکە لە لایەن چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی کەتەلۆنیا پێشکێشکرابوو. یاساکە وەکو قەوارەیەکی سیاسی، دان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا دەنێت. 
 
هەروەها بڕگەیەکی دیکەی یاساکە حکومەتی کەتەلۆنیا ناچاردەکات پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر دروستبکات. 
 
لە راگەیێندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی پەرلەمانی کەتەلۆنیا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە ئەو یاسایە نوێیە جەخت لەوە دەکاتەوە کۆنفیدڕالیزم چارەسەرێکی ئاشتیانەیە بۆ کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکڤانانی بواری مافەکانی مرۆڤ دەکات، کە وەکو تۆڕێک بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە ئاوەدانبکەنەوە و ئەو پەنابەرانەشی لەوێوە دێن، وەربگرن. 
 
کەتەلۆنیا هەرێمێکی ئۆتۆنۆمییە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا؛ بە گوێرەی دوایین سەرژمێریی فەرمی کە لە ساڵی 2019 کراوە، ژمارەی دانیشتووانی 7 ملیۆن و 566 هەزار کەس بووە.
 
لە رابردوودا، کەتەلۆنیا بەردەوام هەوڵیداوە لە ئیسپانیا جیابێتەوە و ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ. 
دوایین هەوڵیشی بۆ سەربەخۆیی، لە ساڵی 2017ـدا بوو کە تەنیا پێنج رۆژ دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هات. 
 
لە گشتپرسییەکەی کەتەلۆنیادا 92٪ی خەڵک بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام لە لایەن حکومەتی ناوەندیی ئیسپانیاوە بە نادەستووری دانراو و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربەخۆییخوازەکانی ئەو هەرێمە دەستگیرکران و هەندێکیشیان پەنایان بردە بەر وڵاتانی دیکە.